Erbil 15°C سێشەممە 30 نیسان 10:55

سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆشكی سپی كۆبوونەوە

کوردستان TV
100%

سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمشەو دووشەممە لە كۆشكی سپی لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریكا چاوی بە جۆ بایدن سەرۆكی ئەو وڵاتە كەوت.

لە كۆبوونەوەكەدا محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە زمانی عەرەبی گوتی: سەردانەكەمان بۆ ئەمەریكا لەم كاتە هەستیارەدا پەیامی پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوو وڵاتی عێراق و ئەمەریكا نیشان دەدات.

هەروەها گوتی: جەنگی دژی داعش بنەمای هاوكاری و هەماهەنگییەكانی نێوان عێراق و ئەمەریكا بوو، سەركەوتنیشمان بەسەر ئەم رێكخراوە تیرۆریستییەدا بە خوێنی عێراقییەكان و هاوكاری هاوڕێكانمان هاتە دی.

سوودانی گوتیشی: عێراق ئێستا لە قۆناغی بوژانەوەدایە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە سەرجەم ناوچەكان دەستی پێ كردووە.

راشیگەیاند: ئاواتەخوازین رێككەوتنی ستراتیژیی لەنێوان عێراق و ئەمەریكا بەردەوامی هەبێت و حكوومەتەكەشم رژدە لەسەر جێبەجێكردنی سەرجەم رێككەوتنەكان لەگەڵ ئەمەریكا.

هەروەها رایگەیاند: ئامادەبوونم لە واشنتۆن هەڵگری خواستی باشتركردنی دۆخی گشتیی عێراق و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاترە.

سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەشی دا كە پابەندن بە بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتی و هەموو جۆرە هێرشێك بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی بەتایبەت بۆ سەر منداڵان و ئافرەتان رەت دەكەنەوە.

محەمەد شیاع سوودانی گوتیشی: بۆ ئێمە وەك عێراق گرینگە جەنگی غەززە رابگیرێ، داواش لە هەموولایەك دەكەین دان بەخۆیاندا بگرن و هەروەها هەرگیز نامانەوێ گرژی و ئاڵۆزییەكان لە ناوچەكە فراوان ببێت.

بەڵێنیشی دا كە پابەندبن بە پاراستنی گیانی نێردە دبلۆماسییەكان لە ناوخۆی عێراقدا و كار بكەن بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمەریكا لە بواری سەربازییەوە بگوازنەوە بۆ هاوبەشییەكی گشتگیر لە سەرجەم بوارەكاندا.

لەبەرامبەریشدا جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا گوتی كە وڵاتەكەی پابەندە بە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی و هەروەها سەرجەم هاوبەش و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا، لەنێویشیاندا عێراق.

ئاماژەی بەوەش دا كە هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرە نەستێنێ.

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پێرێ رۆژی شەممەوە بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵا لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریكایە و سەفین دزەیی وەك نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەندامی شاندەكەیە.

بڕیاریشە سەرۆك وەزیرانی عێراق و شاندەكەی یاوەری لەم سەردانە فەرمییەیاندا كە ماوەی هەفتەیەك دەخایەنێت، چەندان كۆبوونەوەی گرینگ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكا ئەنجام بدەن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.