Erbil 15°C سێشەممە 30 نیسان 07:16

لە ئەمریکا کارمەندانی ئەبوغرێب بە تۆمەتی ئەشکەنجەدان ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە

کوردستان TV
100%


لەبارەی ئەشکەنجەی هاووڵاتیانی عێراقی لە میانی پڕۆسەی داگیرکاریی عێراقدا (2003) لە بەندیخانەی ئەبو غرێب، دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر کۆمپانیای CACI کە لە کردەوەکە تێگلاوە، کراوەتەوە.

دانیشتنێکی دادگا لەسەر بنەمای سکاڵای سێ کەس لە ویلایەتی ڤێرجینیا بەڕێوەچوو، تیاییدا پێداچوونەوە بەو سکاڵایە کرا کە دژ بە کۆمپانیای CACI تۆمار کرابوو کە لە ساڵی 2003دا ئەرکی خزمەتگوزاری ئەمنیی لە بەندیخانەکەدا لە ئەستۆ بووە.

لە دانیشتنەکەدا، گوتەی یەکێک لە سکاڵاکاران بە ناوی سەلاح ئەلئەجائیلی وەرگیرا کە باسی لە ئەشکەنجەدانی خۆی لە ئەبو غرێب کرد. سەڵاح باسی لەوە کرد لە ماوەی 40 ڕۆژ لە بەندیخانەکەدا گیراوە و لەو "دڕندەییە"دا هیوای خواستووە کە بمرێت.

ئەو باسی لەوە کرد کە عەلاگەیەکی ڕەشیان لەسەر کردووە و دوای ئەوەی بە زۆر ڕووتیان کردووەتەوە، بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژوورێکی تاکە کەسی دەستیان بەستووەتەوە.

لەبەرامبەر ئەو گوتانەدا، پارێزەری کۆمپانیای CACI، ژۆن ئوکۆنور، ڕەتی کردەوە کە کارمەندانی کۆمپانیاکەیان دەستیان هەبووبێت لە ئەشکەنجەدانی ئەو کەسانەدا.

ئوکۆنور ڕایگەیاند، هەر وەک لە وێنەکانیشدا دەردەکەوێت، ئەو کەسانەی کە لە نزیک بەندکراوەکان دەردەکەون و دەستیان هەیە لە ئەشکەنجەدانەکاندا، ئەوە سەربازەکانن کە زۆر لەمێژە ئەوانە دادگایی کراون.

چاوەڕوان دەکرێت، پڕۆسەی دادگاییەکە زیاتر لە دوو هەفتەی دیکە بخایەنێت و دوو سکاڵاکارەکەی دیکەش کە لە عێراق دەژین، دواتر بە تەلەکۆنفرانس بەشداری پڕۆسەی دادگا بکەن و گوتەیان لێ وەربگیرێت.

بەندیخانەی ئەبو غرێب کە لە دووری 30 کیلۆمەتری ڕۆژئاوای بەغدا هەڵکەوتووە، لە میانی ساڵانی داگیرکاریی عێراق لە 2003، لە لایەن سوپای ئەمریکاوە کەڵکی لێ وەردەگیرا و، بوونی ئەشکەنجە و ئازاری بەندکراوەکان، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ڕەخنەیەکی زۆر لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە ڕووبەڕووی ئەمریکا ببێتەوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.