له دیدارێكى نێوان نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم و خاتوو ئیڤا بۆرلینگ وه‌زیرى بازرگانى وڵاتى سوید باس له په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیه دووقۆڵیه‌كان و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له بواره‌كانى ئابوورى و بازرگانى و وه‌به‌رهێنان كرا.
وه‌زیرى بازرگانى سوید پیرۆزبایى له سه‌رۆكى حكومه‌ت و كابینه‌ى تازه كرد و هیواى سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامى بۆ خواستن. به‌ڕێزیان ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ هه‌رێم روونكرده‌وه‌و گووتى وه‌ك وڵاتى سوید ده‌خوازین په‌یوه‌ندیه‌كانمان له هه‌موو ئاسته‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان فراوانتر بكه‌ین. هاوكات ستایشى بارى ئارام و سه‌قامگیرى هه‌رێمى كرد و هیواى خواست هه‌رێمى كوردستان له پێشووه‌چوون و گه‌شه‌سه‌ندن به‌رده‌وام بێت.
خاتوو ئیڤا بۆرلینگ ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه ئێستا چه‌ندین كۆمپانیاى سویدى له هه‌رێم كارده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێمه له هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین بۆ فراوانكردنى په‌یوه‌ندیه‌كان، كردنه‌وه‌ى نووسینگه‌ى باڵیۆزخانه‌ى سوید و نووسینگه‌ى بازرگانى و ئه‌كادیمیاى مه‌شق و راهێنانى سوید له هه‌رێم هه‌نگاوى جددى ئێمه‌ن بۆ په‌ره‌پێدانى ئه‌و په‌یوه‌ندیانه.
نێچیرڤان بارزانى ده‌ستخۆشى له‌و هه‌نگاوه‌ى حكومه‌تى سوید كرد بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى نوێنه‌رایه‌تیان له هه‌رێم و هاندانى كۆمپانیا سویدیه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى له هه‌رێمى كوردستان كار بكه‌ن. هاوكات به‌ڕێزیان ئاماژه‌ى به ده‌رفه‌تى كار‌و یاساى وه‌به‌رهێنانى هه‌رێم كرد‌و گووتى له هه‌رێمى كوردستان ژینگه‌یه‌كى له‌بار هه‌یه بۆ بازرگانى و وه‌به‌رهێنان ئه‌ویش به پشت به‌ستن به یاساى وه‌به‌رهێنان كه تێیدا دڵنیایى ده‌داته وه‌به‌رهێنه‌ر و هانى كۆمپانیا بیانیه‌كان ده‌دات بۆ كاركردن له هه‌رێم له‌سه‌ر بنه‌ماى شه‌فافیه‌ت و كه‌مكردنه‌وه‌ى رۆتین.
سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم جه‌ختى له‌سه‌ر تێڕوانینى حكومه‌ت كرده‌وه بۆ دروستكردنى په‌یوه‌ندى و هه‌ماهه‌نگى دامه‌زراوه‌یى و پابه‌ندبوون به بنه‌ماكانى گه‌شه‌پێدانى ئابوورى و بازاڕى ئازاد و هاوكارى نێوان حكومه‌ت و كه‌رتى تایبه‌ت و پرسه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به شێوه‌یه‌كى گشتى.
جێگه‌ى باسه به‌ڕێزان سینان چه‌له‌بى وه‌زیرى بازرگانى و پیشه‌سازى و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه‌كانى ده‌ره‌وه و هێرش موحه‌ڕه‌م سه‌رۆكى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان و كاڕل مه‌گنه‌س نه‌سه‌ر باڵیۆزى سوید له عیراق و شاندێكى یاوه‌ریان ئاماده‌ى دیداره‌كه بوون.