له حه‌فتی نیسانى ساڵی 1991 پێشمه‌رگه‌كانى له‌شكرى شۆڕشگێرى كوردستان قوتابیانى رێبازى بارزانى نه‌مر، له ده‌ربه‌ندى كۆڕێ دا گه‌وره‌ترین هێرشى سه‌ربازى عێراقیان تێك شكاند، ئه‌مه‌ش بووه هۆكارێك بۆ وه‌ستانى شه‌ڕ له هه‌موولایه‌كى كوردستان، كۆڕێ كه‌وتۆته نێوان هاوینه‌هه‌وارى پیرمام و شه‌قلاوه، هێزه‌كانى رژیمى به‌عس پاش ئه‌وه‌ى هه‌ولێرى پایته‌ختیان داگیركردبوو به‌نیازبوون به‌ره‌و شارۆچكه‌و ناوچه‌كانى تر‌ى هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵبكشێن، به‌لام له‌شكرى شۆڕشگێڕى كوردستان به‌سه‌ركردایه‌تى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى له داستانێكى بێ وێنه‌دا رێ‌یان نه‌دا سوپاى هێرش هێنى به‌عس له ده‌ربه‌ندى كۆڕێ بپه‌رێته‌وه، داستانى شه‌ڕى كۆڕێ نه ته‌نیا به‌رگرییه‌كى قاره‌مانانه بوو له ئازادى راپه‌ڕین و ناوچه ئازد كراوه‌كان و ئه‌و هه‌زاران هاولاتییه سڤیلهى به‌ره‌و سنوره‌كان كۆڕه‌ویان كردبوو به‌ڵكو نموونه‌ى شه‌رێكى به‌رگرى و به‌ره‌ى بوو چونكه رژێم ژماره‌یه‌كى زۆرى تانك و زریپۆشى هێنابوه ناوچه‌كه و پێشمه‌رگه‌ى كوردستان توانییان ژماره‌یه‌ك له‌و تانكانه تێك بشكێنن، تێشكانى هێرشه‌كه‌ى رژیمى به‌عس له داستانى كۆڕێدا ته‌نیا شكستێكى سه‌ربازى نه‌بوو بۆ ئه‌وان به‌ڵكو شكستێكى سیاسیش بوو، وهلامدانهوهیهكى پڕماناش بوو بۆ ئه‌و هێرشانه‌ى به‌مه‌به‌ستى گرتنهوى كوردستان و خامۆش كردنى راپه‌رینى ئادارى 1991 رژیم ده‌ستى پێكردبوو، له دواى داستانى شه‌ڕى كۆڕێوه ئیتر له ته‌واوى كوردستاندا هێرشى سه‌ربازى عێراق بۆ سه‌ر ناوچه ئازادكراوه‌كانى راپه‌رین راوهستاوو سوپاى رژیم جارێكى تر زاتى نه‌كرد روو له هیچ ناوچه‌یه‌كى تر‌ى كوردستان بكاته‌وه.
داستانى شه‌ڕى كۆڕێ هۆكارى سه‌ره‌كى بوو بۆ ئه‌وه‌ى ناوچه‌یه‌كى فراوانى كوردستان به ئازاد كراوى بمێنێته‌وه‌و ئاژانسه فریاگوزارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به ئاسانى بتوانن خۆراك و ده‌رمان به ئاواره‌كان بگه‌یه‌نن نه‌ك هه‌رئه‌وه به‌ڵكو داستانى شه‌ڕى كۆڕێ له‌و وتوێژهشدا كاریگه‌رى هه‌بوو كه دواترله‌سه‌ر ئامۆژگارى بڕیارى 688ى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى به‌ره‌ى كوردستانى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى ناوه‌ندیدا ده‌ستى پێ كرد، شیاوى باسه دكتۆر سه‌عید له‌داستانى شه‌ڕى كۆڕێدا رۆڵێكى فه‌رمانده‌یى دیارى هه‌بوو شه‌هید حالیش یه‌كێك له پاڵه‌وانه‌كانى ئه‌و داستانه بوو.