ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆكی لیستی ئه‌لعراقییه له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسى رۆیته‌رز رایگه‌یاند كه رێگه گرتن له به‌شداریكردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له پاڵێوراوان به‌تۆمه‌تی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ حزبی به‌عسی رووخا‌و، عێراق به‌ره‌و لێواری شه‌ڕی ناوخۆیی ده‌بات.
عه‌لاوی، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كرد كه دوورخستنه‌وه‌ی پالێوراوان له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق هێرشه تائیفیه‌كان زیندوو ده‌كاته‌وه و ئه‌مه‌ش عێراق ده‌خاته‌وه ناو خانه‌ی تائیفیه‌وه و له‌م رێگه‌یه‌وه‌ش به‌ره‌و شه‌ڕێكی ناوخۆیی ئاراسته ده‌كرێت.
عه‌للاوى راشیگه‌یاند، كه پشتگیری له سزادانی ئه‌ندامانی حزبی به‌عس ده‌كات، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه تاوانییان به‌رامبه‌ر به گه‌لی عێراق ئه‌نجام داوه.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا، سه‌رۆكی لیستی ئه‌لعیراقییه گوتی، من راشكاوانه ده‌ڵێم: له‌به‌ر ئه‌وه‌ى حكومه‌تی عێراق نه‌یتوانیوه خزمه‌تگوزاری پێویست پێشكه‌ش به جه‌ماوه‌ر بكات و رێژه‌ی بێكاری بنبر بكات و ئاسایش ده‌سته‌به‌ر بكات و سه‌ركه‌وتوو بێت، و به‌هۆی ئه‌م هه‌موو به‌هه‌ده‌ردانه، ده‌یه‌وێت به هێرشكردنه سه‌ر ئه‌وانی دیكه كه‌موكوڕییه‌كانی خۆی بپۆشێت.
له لایه‌كى دیكه‌وه كریستۆفه‌ر هیڵ باڵیۆزى ئه‌مریكا له عێراق ره‌تیكرده‌وه كه ئه‌مه‌ریكا پاڵپشتى له گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌عسییه‌كان بۆ ده‌سه‌ڵات بكات و، رایگه‌یاند كه وڵاته‌كه‌ى وه‌كو یه‌ك ده‌ڕوانێته سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كانى عێراق و بڕیارى ده‌سته‌ى ریشه‌كێشكردنى به‌عس و گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌عس بۆ سه‌ر گۆڕه‌پانى سیاسى كارێكى ناوخۆیى عێراقه و نابێ كه‌س ده‌ستى تێوه‌ر بدات.
كریستۆفه‌ر هێڵ له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا له به‌عقووبه، هه‌روه‌ها گوتى حكومه‌تى ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵى راسته‌قینه ده‌دات بۆ پشتگیرى كردن له دۆسیه‌ى كۆچپێكراوان له میانى چاككردنى بارى گوزه‌رانیان. ئه‌وه‌یشى گوت كه حكومه‌ته‌كه‌ى پشتگیرى له بڕیارى هاوڵاتى عیراقی ده‌كات له هه‌ڵبژاردنى كاندیده‌كه‌ى.
شایه‌نى باسه كریتسۆفهر هێڵ باڵیۆزى ئه‌مریكا له عێراق رۆژى دووشه‌ممه سه‌ردانى شارى دیالاى كرد‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌كى داخراوى یه‌ك كاتژمێرى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌و شاره سازدا و دواتر سه‌ردانى گونده زیانلێكهوتهكانى ناحیه‌ى سه‌لامى رۆژهه‌ڵاتى شار كرد‌و له نزیكه‌وه ئاگادارى ره‌وشى ناوچه‌كه بوو.