راپه‌ڕینى خه‌ڵك و سه‌ركوتكارییه‌كانى رژێمى سوریا به‌رده‌وامى هه‌یه و له‌مباره‌یه‌وه لیژنه‌كانى هه‌ماهه‌نگى شۆڕش له سووریا رایانگه‌یاند ئه‌مڕۆش 120 كه‌س له ناوچه جیاجیاكانى سوریا به‌گوله‌ى هێزه‌كانى رژێمى ئه‌سه‌د كوژران زۆربه‌یان خه‌ڵكى پارێزگه‌ى ریف دیمه‌شقن.
هاوكات هێزه‌كانى رژێم له حه‌له‌ب به تانك و هیلیكۆپته‌ر هێرشیان كرده سه‌ر هێزه‌كانى سوپاى سووریاى ئازاد كه زۆربه‌ى گه‌ڕه‌كه‌كانى شارى حه‌له‌بیان كۆنترۆڵ كردووه، له‌و رووه‌وه روانگه‌ى مافی مرۆڤ رایگه‌یاند كه هێزه‌كانى سوپاى رژێمى سووریا به تانك و هیلیكۆپته‌ر هێرشیان كرده سه‌ر چه‌كداره‌كانى سوپاى سووریاى ئازاد له گه‌ڕه‌كى سه‌لاحه‌دین و چه‌كداره‌كانى سوپاى سووریاى ئازاد له سه‌ره‌تاى هێرشه‌كه‌وه توانیویانه هه‌شت تانكى رژێم تێكبشكێنن و له‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌شدا سێ چه‌كداریان كوژراون.
روانگه‌ى مافی مرۆڤ له سووریا روونیشى كرده‌وه كه ئه‌و شه‌ڕه‌ى ئێستا له حه‌له‌ب ده‌ستى پێ كردووه دژوارترین شه‌ڕه له ماوه‌ى 16 مانگى رابوردوودا له نێوان هه‌ردوو لادا رووده‌دات. ئاماژه‌ى به‌وه‌یش كردووه كه هێزه‌كانى رژێم به هیلیكۆپته‌ر گه‌ڕه‌كانى دیكه‌ى شاره‌كه‌یان به‌ر مووشه‌ك داوه كه چه‌كداره‌كانى ئۆپۆزسیۆنیان لێیه‌و له ئاكامدا خه‌ڵكێكى زۆرى ئه‌و گه‌ڕه‌كانه ده‌ستیان به‌جێ هێشتنی شاره‌كه كردووه. هاوكات چالاكوانه‌كان روونیان كردووه‌ته‌وه كه تانكه‌كانى سوپاى رژێم له ده‌روازه‌ى گه‌ڕه‌كى سه‌یفول ده‌وله بینراون و شه‌ڕ و پێكدادانیش له ناوچه‌ى حه‌مدانیه و كاروانێكى هێزه‌كانى رژێم رووى دا كه به‌ره‌و گه‌ڕه‌كى سه‌لاحه‌دین ده‌چوون. هاوكات شه‌ڕو پێكدادان له ده‌روزاه‌ى گه‌ڕه‌كى ساخوورو چه‌ند گه‌ڕه‌كێكى دیكه‌ى شاره‌كه له نێوان هه‌ردوو لادا به‌رده‌وامه.
هه‌واڵه‌كان ئاماژه‌شیان به‌وه‌ش كردووه كه په‌نجاو دوو تانك گه‌یشتوونه‌ته ده‌روازه‌ى شاره‌كه جگه له‌وه‌یش هێزه‌كانى ئۆپۆزسیۆن رایانگه‌یاندووه كه پتر له سێ هه‌زار چه‌كدارى ئۆپۆزسیۆن له سه‌رانسه‌رى سووریاوه گه‌یشتوونه‌ته شارى حه‌له‌ب بۆ ئه‌وى پشتیوانى له‌و دوو هه‌زارو پێنج سه‌د چه‌كداره بكه‌ن به‌رگرى له گه‌ڕه‌كه‌كانى شاره‌كه ده‌كه‌ن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه تۆڕى مافی مرۆ له سووریا رایگه‌یاند كه هێزه‌كانى رژێم دوو كۆمه‌ڵكوژى دیكه‌یان له گه‌ڕه‌كى عه‌ره‌زى له دیر الزورو گوندى كۆرین له ئیدلب ئه‌نجام داوه‌و ژماره‌یه‌ك هاووڵاتییان گوله‌باران كردووه له كاتێكدا هێزه‌كانى رژێم هه‌ر یه‌ك له شارى ته‌لبیسه له ریف دیمه‌شق و كه‌رناز و كه‌فر نه‌بووده له حه‌ما و غه‌نتۆ له حمسیان بۆردومان كرد‌و هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر شارى ئه‌نخل له ده‌رعاو چه‌ند شوێنێكى دیكه‌شیان بۆردومان كرد.