KTV . سلێمانى – سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د
عه‌لى كه‌ریم له‌دایك بووى شارى كه‌ركوكه له‌ساڵى 1952، له‌ساڵه‌كانى كۆتایى شه‌سته‌كانه‌وه ده‌ستى به‌كارى هونه‌رى كردوه ، نزیكه‌ى 35 به‌رهه‌مى شانۆیى و ته‌له‌فزیۆنى هه‌یه ، هه‌روه‌كو خۆى ئاماژه‌ى پێكرد له‌هه‌موو به‌رهه‌مێك به‌شدارى ناكات ئه‌گه‌ر دڵنیا نه‌بێت له‌پوختى و جوانى به‌رهه‌مه‌كه. له‌بوارى نوسینى شانۆیى و ووتار و لێكۆڵینه‌وه‌ى هونه‌رى و وه‌رگێڕاندا پێنج كتێبى چاپكراوى هه‌یه له‌وانه ( مه‌رگى سوشاب ، له‌بازنه‌ى شانۆدا ، ئه‌زموونى شانۆیى ، له‌شانۆى ئیسپانیاوه ، له‌شانۆى فه‌ره‌نسیه‌وه ) وه‌ئێستاش كتێبى (نواندن له‌سینه‌مادا) كه‌له‌عه‌ره‌بیه‌وه وه‌رگێڕدراوه له‌ژێر چاپدایه، سایتى كوردستان تیڤى ئه‌م چاوپێكه‌وتنه تایبه‌ته‌ى له‌گه‌ڵ عه‌لى كه‌ریمى هونه‌رمه‌ند ئه‌نجامدا كه‌تیایدا ئاماژه ده‌كات به‌هونه‌رمه‌ندى سه‌ركه‌وتوو وه‌هه‌روه‌ها هۆكاره‌كانى گه‌شه نه‌سه‌ندنى شانۆى كوردى و چه‌ندین بابه‌تى تر‌ى هونه‌رى .
KTV- هونه‌رمه‌ندان هه‌روه‌كو هه‌ندێ له‌توێژه‌كانى تر‌ى كۆمه‌ڵگا بۆ پاساوى كه‌مته‌رخه‌میه‌كانى بوارى هونه‌رى هه‌ندێ جار گله‌یى له‌ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن كه هاوكارى و بوارى نه‌ره‌ِخساندوه بۆ هونه‌رمه‌ندان و شانۆكاران و گرنگى كه‌م داوه به‌هونه‌رى كوردى ، تاچه‌ندێك ئه‌و پاساوانه دروستن؟
* له‌هیچ وڵاتێك له‌وڵاتانى دنیا حكومه‌ت بوار ناڕه‌خسێنێت بۆ هونه‌رمه‌ندان و نوسه‌ران تاكو به‌رهه‌مه‌كانیان نمایش بكه‌ن یان بیخه‌نه به‌رچاوى خه‌ڵكى ، هونه‌رمه‌ند و نوسه‌رى راسته‌قینه‌و كۆشش كار ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌یه كه خۆى له‌خه‌یاڵ و هزرى داهێنه‌رانه‌ى خۆیه‌وه به‌رهه‌مه هونه‌رى و ئه‌ده‌بیه‌كانى به‌رهه‌م ده‌هێنێت و ئه‌گه‌ر هونه‌ر بێت نمایشیان ده‌كات و ئه‌گه‌ر نوسینیش بێت ئه‌یانخاته بازاڕ و كتێبخانه‌كانه‌وه ، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ى كه‌گله‌یى بكات له‌ده‌سه‌ڵات پێم وایه هونه‌رمه‌ندێكى شكست خواردوه یان هونه‌رمه‌ندێكه نه‌یتوانیوه بگاته ئاسته‌كانى داهێنان و ئاسته‌كانى تێگه‌یشتن له‌كرده‌ى هونه‌رى و ئه‌ده‌بى بۆیه گله‌یى ده‌كات .
KTV - تاكو چه‌ندێك هونه‌ر له‌كوردستان پێشخستنى به‌خۆیه‌وه بینیوه‌و تۆ پێت وایه ده‌بێت هونه‌رمه‌ند كار بكات بۆ پێشخستنى هونه‌ر یاخود ئه‌ركه گه‌وره‌كه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته؟
* ئه‌م سه‌رده‌مه به‌تایبه‌تى له‌دواى ڕاپه‌رینه‌وه كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌یه كه‌ڕێگره له‌به‌رده‌م گه‌شه‌سه‌ندنى هونه‌رى شانۆى كوردى ، نامه‌وێت لێره ده‌ستنیشانى خاڵه‌كان بكه‌م به‌قه‌د ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌وێت بڵێم ده‌سه‌ڵات هیچ كاتێك ڕێگر نه‌بووه له‌به‌رده‌م هونه‌رى شانۆ كه‌گه‌شه نه‌كات و هه‌میشه چه‌ق به‌ستوو بێت ، هونه‌رمه‌ندانى شانۆ كه‌مه‌به‌ستم هه‌موو هونه‌رمه‌ندانى شانۆكار نیه نه‌یانتوانیوه كه‌به‌رهه‌مه‌كانیان به‌ڕاده‌یك كامڵ بێت و جێى خۆشحاڵى و جێى بزواندنى خه‌یاڵى بینه‌ر بێت بۆ ئه‌وه‌ى بینه‌ر ڕوو له‌نمایشى شانۆكان بكات ، ئه‌گه‌ر نا له‌چى ووڵاتێكدا گروپێكى شانۆى ده‌سه‌ڵات بوارى بۆ ڕه‌خساندوه ، ئه‌گه‌ر شانۆ به‌راستى ئه‌و هونه‌ره مه‌زنه بێت ئه‌و سروته پڕ له‌سیحره بێت كه ئێمه دركى پێ ده‌كه‌ین ده‌بێت هه‌میشه له‌سه‌نگه‌رى ڕووبه‌رووبوونه‌وه بێت له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و له‌گه‌ڵ ئه‌و یاسا و كۆت و زنجیره‌ى كه‌هه‌میشه ئه‌وێت له‌به‌رده‌م رۆشنبیرى و ڕه‌وتى هونه‌رى و ئه‌ده‌بى هه‌ر میلله‌تێك ڕێگر بێت و نه‌هێڵێت گه‌شه بكات .
KTV - چێژى بینینى شانۆ لاى خه‌ڵكى كوردستان كه‌مه ، ئێوه هۆكارى ئه‌وه بۆچى ده‌گه‌ڕێننه‌وه و چى بكرێت باشه؟
*ده‌سه‌ڵات ئه‌م شتانه‌ى نه‌كردوه ، یه‌كه‌م نه‌یتوانیوه تیپێكى ره‌سمى نیشتمانى له‌سه‌ر ئاستى كوردستان دابمه‌زرێنێت ئه‌و تیپه بوارى چاكى بۆ بڕه‌خسێت له‌هه‌موو شاره‌گه‌وره‌كانى كوردستان ریپۆرتوارێكى شانۆى له‌بارى گونجاو هه‌بێـت بۆ ئه‌وه‌ى به‌به‌رده‌وامى له‌هه‌موو هۆڵه شانۆییه‌كانى شاره‌كانى كوردستان به‌رهه‌مى شانۆیى هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى رۆژ له‌دواى رۆژ نمایشى شانۆیى ببێت به‌به‌شێك له‌خودى مرۆڤى كورد ، وه‌ببێته دیارده‌یه‌ك كه چۆن ڕووده‌كه‌نه شوێنه گشتیه‌كان و كافتریا و گازینۆ ، به‌وشێوه‌یه به‌هزر و خه‌یاڵێكى جوانه‌وه ڕووبكه‌نه هۆڵه‌كانى شانۆ ، تاكو واى لێبێت خه‌ڵكى چۆن هه‌ڵپه‌ى ژانیانه‌و هه‌ڵپه‌ى چێژ وه‌رگرتنیانه له‌ژیان ئه‌و ده‌مه مرۆڤى كوردیش هه‌ڵپه‌ى چێژ وه‌رگرتنى ده‌بێت له‌شانۆ ، وه‌به‌رهه‌مى جوان جێگاى چێژوه‌رگرتنى بینه‌ره ، به‌ڵام به‌رهه‌مى ناكامڵن و كه‌موكوڕییان تێدایه و له‌ڕووى هونه‌ریه‌وه له‌بار نین دیاره ده‌بێته‌هۆى ئه‌وه‌ى رۆژبه‌رۆژ خه‌ڵكى بڕه‌نجێت له‌شانۆ و لێى دووربكه‌وێته‌وه. به‌ڵام به‌رهه‌مى ئاست به‌رز هه‌میشه چێژ به‌خشه و ده‌بێته هۆى بزواندنى خه‌یاڵى بینه‌ر ڕووه‌و ئاقاره‌كانى تێگه‌یشتن له‌بوون و ڕه‌ووتى ژیان.
KTV - وازهێنان و دووركه‌وتنه‌وه و سارد بوونه‌وه دیارده‌یه‌كه له‌ناو هونه‌رمه‌نداندا ده‌بینرێت ، ئێوه هۆكارى ئه‌وه بۆچى ده‌گه‌ڕێننه‌وه ؟
* هه‌موو مرۆڤێك ئاره‌زووى هه‌یه بۆ خۆنواندن ، ئیتر ئه‌و خۆنواندنه له‌ڕێگه‌ى شانۆوه بێت یان له‌ڕێگه‌ى دراماوه بێت یان له‌ڕێگه‌ى رۆژنامه‌نوسیه‌وه بێت له‌ڕێگاى شیعر نوسینه‌وه بێت یان گۆرانى ووتنه‌وه بێت ، وه‌هه‌موو مرۆڤێك سه‌ربه‌سته له‌ده‌ربڕینى ئاره‌زووه‌كانى و هیچ كه‌س بۆى نیه ڕێگر بێت له ئاره‌زووه‌كانى ، به‌ڵام له‌راستیدا له‌ووڵاتێكى وه‌كو ووڵاتێكى ئێمه كه‌ده‌خرێته خانه‌ى وڵاتانى تازه پێ گه‌یشتوو ، بێگومان داهێنه‌ر هه‌یه و به‌ناو هونه‌رمه‌ندیش هه‌یه ، ئه‌وانه‌ى هونه‌رمه‌ندى راسته‌قینه نین خۆیان له‌ڕه‌ووته‌كه به‌ره‌به‌ره ده‌پوكێنه‌وه و ڕووه‌و كه‌ناره‌كان ده‌ڕۆن به‌مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ى له‌وێ چه‌ق ببه‌ستن ، ئه‌وانه‌ش كه‌داهێنه‌رن به‌رده‌وامیان ده‌بێَت تاكو ئه‌و رۆژه‌ى ده‌مرن و ده‌بن به‌هونه‌رمه‌ند و شوێنى خۆیان ده‌كه‌نه‌وه له‌دڵ و هزرى خه‌ڵكى ، ئه‌وه‌ى ئێستا ئێمه تێى كه‌وتووین كه‌به‌هه‌زاران شاعیرمان هه‌یه و به‌هه‌زاران چیرۆك نوسمان و گۆرانى بێژ و هونه‌رمه‌ندى شانۆ و درامامان هه‌یه ، مه‌رج نیه ئه‌مانه هه‌موویان تاكو سه‌ر بتوانن بگه‌نه كه‌ناره‌كانى مه‌رام ، ئه‌گه‌ر راستگۆ بن له‌گه‌ڵ هونه‌ره‌كه‌یاندا به‌رده‌وام ده‌بن ، ئه‌گه‌ر راستگۆ نه‌بن بێ گومان له‌نیوه‌ى ڕێگا لاده‌ده‌ن و چه‌ق ده‌به‌ستن ، هونه‌رى راسته‌قینه به‌رده‌وامى هه‌یه و نه‌مره ، هونه‌رى ناراسته‌قینه‌ش رۆژێك له‌رۆژان له‌ناوه‌راستى ڕێگاكه خۆى چه‌ق ده‌به‌ستێت و خۆى ده‌پوكێـته‌وه و نامێنێت.
KTV - له‌كوردستاندا كادرى به‌توانا له‌بواره‌كانى نوسین و سیناریۆ و ده‌رهێنان چۆن ده‌بینن؟
* ئێمه وه‌كو نوسینى ده‌قى شانۆیى و سیناریۆ نوسین بۆ دراما و بۆ فیلمى ته‌له‌فزیۆنى سیناریۆستى زۆر باشمان نیه ئه‌وه‌شى هه‌یه له‌هه‌نگاوه‌كانى سه‌رەتان و به‌ڵام ئه‌زموون و تاقیكردنه‌وه‌ن ڕه‌نگه رۆژگارێك له‌ڕێگه‌ى گه‌رموگوڕى و كۆششى خۆیانه‌وه بگه‌نه مه‌به‌سته‌كانیان و بگه‌نه ئه‌و ئاسته‌ى كه موژده به‌خش بێت ، وه‌ڕه‌نگه ئه‌وانیش له‌نیوه‌ى ڕێگا چه‌ق ببه‌ستن و نه‌توانن كاروانه‌كه ببڕن.