په‌نابه‌رانی ناو كه‌مپه‌كانی یۆنان به‌ره‌وڕووی كێشه‌ی ده‌ستدرێژیی ده‌بنه‌وه‌

په‌نابه‌رانی نیشته‌جێی ئه‌و كه‌مپانه‌ی یۆنان بریتین له‌ هاوڵاتییانی ئه‌فغانستان و سووریا و عێراق و ئێران

رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند كه‌ په‌نابه‌رانی ئاواره‌ی كه‌مپه‌كانی وڵاتی یۆنان به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو به‌ره‌وڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی توندوتیژیی و ده‌ستدرێژیی سێكسی ده‌بنه‌وه‌.

سێسیل پوویی وته‌بێژی كۆمیساریای باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ كۆنفرانسێكی هه‌واڵیدا وتی كه‌ له‌ ساڵی 2017ـدا 622 جار ده‌ستدرێژیی و بێزاركردنی سێكسی له‌ كه‌مپه‌كانی یۆنان له‌ دژی په‌نابه‌رانی نیشته‌جێی ئه‌م وڵاته‌ روویداوه‌.

هه‌روه‌ها ناوبراو وتی كه‌ قوربانییه‌كانی ئه‌مجۆره‌ ئازاره‌ به‌ هۆكاره‌كانی وه‌ك ترس و شه‌رم، حه‌زیان نه‌كردووه‌ باس له‌و رووداوه‌ بكه‌ن كه‌ به‌سه‌ریان هاتووه‌.

به‌ وته‌ی سێسیل پوویی، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بارودۆخی وه‌رگرتن و دیاریكردنی پێناسه‌ی په‌نابه‌ران له‌ دوورگه‌كانی یۆنان زۆر به‌ مایه‌ی نیگه‌رانیی وه‌سف ده‌كات.

جێگه‌ی باسه‌ كه‌ په‌نابه‌رانی نیشته‌جێی ئه‌و كه‌مپانه‌ی یۆنان بریتین له‌ هاوڵاتییانی ئه‌فغانستان و سووریا و عێراق و ئێران، كه‌ به‌ مه‌به‌ستی رۆیشتن بۆ ئه‌وڕوپا خۆیان گه‌یاندووه‌ته‌ ئه‌م وڵاته‌.

سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ردا

مه‌سعود / كوردستان تیڤی