حوكمی خۆسه‌ری  په‌یه‌ده‌ له‌ ڕۆژئاوای كوردستان 

عه‌فرین له‌ژێر ئاسایشی خۆسه‌ریدا
Thumbnail

 

دانا مه‌نمی 

پارتی كڕیكارانی كوردستان، به‌ درێژایی ته‌مه‌نی له‌ ڕابردودا ستراتیژێكی ڕوونی بۆ هیچ یه‌ك له‌ پارچه‌كانی كوردستانی به‌ دیاریی و ڕوونی نه‌بووه‌‌، بۆیه‌ به‌به‌رده‌وامی هه‌نگاو و هه‌ڵوێسته‌كانی جێگه‌ی گومان و نیگه‌رانی حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی دیكه‌ و هاونیشتیمانانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش بووه‌، قه‌ڵه‌مڕه‌وی په‌كه‌كه‌ و باڵه‌كانی نابێت به‌م عه‌قڵ و خه‌یاڵه‌ی ئێستا بمێنێته‌وه‌و هه‌ركات ویستی بێره‌حمانه‌ په‌لاماری ناوچه‌كانی ڕواندزو میرگه‌سورو وه‌رتێ و...هتد بدات و به‌ خۆبادانیشه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ر ئه‌نجام بدات، من دلنیام قه‌ندیل دواجێگه‌یان نابیت و ده‌گه‌نه‌ شاره‌زورو هه‌ورامان و شارباژێرو دواجار ئه‌و حیزبانه‌ی كه‌ له‌ بازنه‌ی ئایدۆلۆژیای په‌كه‌كه‌ ده‌خولێنه‌وه‌ گیرۆده‌ی ده‌بن ،ماوه‌یه‌كی درێژه‌ به‌ ئێستاشه‌وه‌ په‌كه‌كه‌ له‌و ناوچانه‌دا به‌ لۆژیكی هێز ترس و تۆقاندن و تیرۆر به‌رهه‌م ده‌هێنێت .

 

دوای تێپه‌ڕبوونی چاره‌گه‌ سه‌ده‌یه‌ك زیاتر، شۆڕشی سوریا واقیعێكی نوێی به‌سه‌ر هه‌نده‌سه‌و جیۆسیاسی سوریا سه‌پاندووه‌، بۆ قۆستنه‌وه‌ی له‌و قۆناغه مێژوویه‌دا په‌یه‌ده‌ كه‌ باڵێكی په‌كه‌كه‌یه‌ له‌ كوردستانی ڕۆژئاوا له‌گه‌ڵ رژێمی ئه‌سه‌د رێكه‌وتبوو كه‌ ده‌سه‌ڵات و قه‌ڵه‌مره‌وی ڕژێمی ئه‌سه‌دی له‌ ژێر "حوكمی خۆسه‌ری"دا بپارێزێت ، حوكمی خۆسه‌ری نه‌له‌ ئاستی هه‌رێمایه‌تی و نیوده‌وڵه‌تی و نه‌له‌ سه‌ر ئاستی ناوخۆیش ڕژێمی ئه‌سه‌د ئاماده‌ نه‌بوو دان به‌ حوكمی خۆسه‌ری په‌یه‌ده‌ بنێت ، به‌ڵام ئه‌وه‌ په‌یه‌ده‌ بوو بۆ خزمه‌تكردن و پاراستنی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د و كه‌وانه‌ی شیعی  هه‌م ناوچه‌كه‌یه‌كی جوگرافی بۆ ڕژێمی ئه‌سه‌د پاراست و هه‌میش رێگربوو له‌ به‌شداریكردنی كورد و حیزبه‌كانی ترله‌ شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان ،له‌ سایه‌ی به‌ڕیوبه‌رایه‌تی خۆسه‌ری په‌یه‌ده‌ و په‌كه‌كه‌ كوردان له‌ رۆژئاوا ژیانیان لێكرایه‌ دۆزه‌خ  .

 

عه‌فرین له‌ژێر ئاسایشی خۆسه‌ریدا

له‌عه‌فرین ئاسایشی خۆسه‌ری په‌یه‌ده‌ هێنده‌ی له‌ هه‌وڵی گرتنی نه‌یاری سیاسی و ره‌شبگیری و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵه‌ كورده‌كان و په‌لاماردانی باره‌گای حیزبه‌كانی تردا بوون ،هێنده‌ له‌ خه‌می پاراستن و ئاسایش و سه‌قامگیری كوردانی عه‌فریندا نه‌بوون ، له‌عه‌فرین له‌ ژێر حوكمی خۆسه‌ریدا دادگاو یاسا نه‌بوو ، حوكمێكی قه‌ره‌قوشی كوێرانه‌ و تاكره‌وانه‌ بوو ، به‌ تۆپزی خه‌ڵك زیندانی ده‌كراو له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا گیانی ده‌به‌خشی، "حه‌نان حه‌مدوشی" یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئاسایشی خۆسه‌ری په‌كه‌كه‌ میرغه‌زه‌بانه‌ هه‌ڵیان كوتایه‌ سه‌ری و ده‌ستگیریان كردوو له‌گه‌ڵ خۆیاندا بردیان و هێنده‌ ئه‌شكه‌نجه‌یاندا هه‌تا گیانی سپارد ، دواتر ته‌رمه‌كه‌یان دایه‌وه‌ كه‌سوكاری و  سه‌ری شه‌قی بردبوو و په‌نجه‌كانی شكاوبوون و ده‌موچاویشی هه‌موو خه‌ت خه‌ت كرابوو، ئایا ئه‌م وه‌حشیگه‌رییه‌ی په‌یه‌ده‌و په‌كه‌كه‌ له‌ ژێر حوكمی خۆسه‌ریدا چ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ زیندانی ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د هه‌یه‌ ؟ .

 

په‌كه‌كه‌ به‌ هه‌موو باڵه‌كانیه‌وه‌ چ له‌ باكوروباشوریان رۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوای كوردستان له‌سه‌ر یه‌ك هه‌نده‌سه‌ی فكری په‌روه‌رده‌ ده‌كرێن ئه‌ویش هه‌نده‌سه‌ی په‌روه‌رده‌كردنی  لۆژیكی خۆسەپاندن و خۆپەرستی و تاکڕەوی یه‌ ، وه‌زیفه‌ی سه‌ره‌كی په‌كه‌كه‌ وباڵه‌كانی له‌ پارچه‌كانی تری كوردستان تیرۆركردنی چالاكوانی حیزبه‌كانی تره‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و حیزبانه‌ی كه‌ ستراتیژی ئێستای په‌كه‌كه‌یان قبوڵ نییه‌ نابنه‌ به‌شێك له‌ كارنامه‌ی په‌كه‌كه‌ بۆ خزمه‌تكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران و سوریا  ،خۆئه‌گه‌ریش چالاكوانی پارتێكی سیاسی دادگای بكرێت له‌ ژێر فه‌رمانگه‌ی یاسایی خۆسه‌ریدا دواجار یان ده‌كوژرێت یانیش حوكمێكی قه‌ره‌قوشی بۆ ده‌بڕنه‌وه‌ كه‌ هه‌موو ژیانی له‌ گۆشه‌ی زیندانه‌كانی ڕژێمی ئه‌سه‌د به‌سه‌ر به‌رێت ،ئاخر وه‌كچۆن له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو تلره‌فعه‌ت و مه‌نبه‌ج و عه‌فرینی ڕاده‌ست به‌ ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د كرده‌وه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ش زیندانیه‌كان له‌ گرتوخانه‌كانی (یه‌په‌گه‌) ڕاده‌ستی رژێمه‌ خوێنمژه‌كه‌ی ئه‌سه‌د ده‌كاته‌وه‌ ،ئه‌وه‌ی له‌ زیندانه‌كانی یه‌په‌گه‌دایه‌ جاباكوردی عه‌یاره‌ 26 یش بێت ،با قوربانیده‌رو تیكۆشه‌ر بێت بۆ كوردو كوردستان و ئاڵاو به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌شێك بێت له‌ هه‌ست و نه‌ستی كوردایه‌تی ،گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌ خه‌یاڵدانی په‌یه‌ده‌ خیانه‌تكارن خوێنێان حه‌ڵاڵه‌ بۆ ئه‌شكه‌نجه‌و پاشانیش كوشتن .

 

خه‌لك له‌ ژیر حوكمی خۆسه‌ری په‌یه‌ده‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان نه‌خاوه‌نی خۆی بوو نه‌خاوه‌نی موڵك ماڵی ،هیچ كه‌سێك بۆی نه‌بوو به‌بێ راوێژكردن به‌ په‌یه‌ده‌ هاوسه‌رگیری ئه‌نجام بدات و سه‌ردان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی كه‌سوكارله‌ پله‌یه‌كه‌وه‌ بۆدورترین پله‌ی خزمایه‌تی قۆرخ كرابوو ، مرۆڤیان له‌ به‌های مرۆڤبوون داماڵیبون كه‌س مافی نه‌بوو بپرسێت بۆ زیندانی ده‌كرێت بۆ ده‌كوژرێت بۆ چاودێری ده‌كرێت ،كه‌س مافی نه‌بوو بپرسێت كوا مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانم ژیانی شاهانه‌م ناوێت ! كه‌س مافی نه‌بوو مامه‌ڵه‌ به‌ موڵك و ماڵیه‌وه‌ بكات ،كه‌س مافی نه‌بوو بیناكه‌ی به‌ كرێ بدات یان بیفرۆشێت ، خۆئه‌گه‌ر ئه‌نجام بدرایه‌ هه‌م خاوه‌نماڵ وكرێچی هه‌میش خاوه‌ن نوسینگه‌ سزا ده‌درا ، ئه‌مه‌ حوكمی خۆسه‌ری په‌یه‌ده‌ بوو له‌ رۆژئاوا كه‌ هه‌ندێك حیزبی موزایه‌ده‌چی خۆفرۆش و خاكفرۆش و خه‌ڵكفرۆش بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كردو ئاهه‌نگی فشه‌ڵیان بۆ ئه‌گێرا و به‌نیاز بوون ئه‌و ئه‌زموونه‌ بگوازنه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان .