سه‌در هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئیسرائیل ده‌كات

ده‌توانین بگه‌ینه‌ سنووره‌كانی ئیسرائیل

رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئیسرائیل ده‌كات و هۆشداری ئه‌وه‌ش ده‌دات كه‌ له‌ توانایاندایه‌ له‌ رێگای سوریاوه‌ بگه‌نه‌ سنووره‌كانی ئیسرائیل.

موقته‌در سه‌در ، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ئه‌مرۆ پێنج شه‌ممه‌ 7-12-2017 هۆشداری دایه‌ ئیسرائیل و رایگه‌یاند: ئێمه‌و گرووپه‌كانی دیكه‌ ده‌توانین بگه‌ینه‌ سنووره‌كانی ئیسرائیل و له‌گه‌ڵ گرووپه‌كانی دیكه‌ش تاوتوێی چۆنییه‌تی ره‌تكردنه‌وه‌ی بریاره‌كه‌ی دۆناڵد ترامپ ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌كه‌ین.

هه‌روه‌ها رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در،داوایكرد له‌ كاتێكی دیاریكراودا خۆپیشاندانێكی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ری له‌سه‌رجه‌م وڵاتانی ئیسلامی ساز بكرێت و گوتیشی ئه‌مه‌ هه‌نگاوی سه‌ره‌تاییه‌و كۆتایی ناێی.

ناساندنی قودس وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ ،كاردانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌دوایی خۆیدا هێنا.

ئاماده‌كردنی: رزگار- كوردستان تیڤی