رۆژنامه‌ى "هارتس"ى ئیسرائیلى، ره‌خنه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ى تره‌مپ ده‌گرێت

رۆژنامه‌ى "هارتس": بریاره‌كه‌ى تره‌مپ زیان به‌ ناوبانگى ئه‌مه‌ریكا ده‌گه‌ینێت

رۆژنامه‌ى "هارتس"ى ئیسرائیلى، ره‌خنه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ى تره‌مپ ده‌گرێت كه‌ به‌ تاكلایه‌نه‌ بڕیارى داوه‌ قودس بكاته‌ پایته‌ختى ئیسرائیل.

له‌ ژماره‌ى دوێنێ رۆژى چوارشه‌ممه‌، رۆژنامه‌ى "هارتس" نووسویه‌تى، قودس له‌لایه‌ن جوو و مه‌سیحى و موسڵمانه‌كان پیرۆزه‌، بارودۆخه‌كه‌شى پرسی سه‌ره‌كییه‌ له‌ ململانێى نێوان ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستیندا. بڕیارى تاكلایه‌نه‌ له‌باره‌ى قودس بێ رێككه‌وتنى ئاشتییانه‌، هه‌ستى فه‌رامۆشكردنى كۆششى فه‌ڵه‌ستینییه‌كان دروست ده‌كات، بۆیه‌ ئه‌م بڕیارانه‌ زیانه‌ بۆ ده‌رفه‌ته‌كانى ئاشى و به‌ره‌نگاری ده‌ورووژێنى و له‌وانه‌شه‌ ئاراسته‌ى توندوتیژى وه‌ربگرێت. 

هه‌روه‌ها رۆژنامه‌كه‌ هۆشداری ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ ئه‌م دانپێنانه‌ زیان به‌ ناوبانگى ئه‌مه‌ریكا ده‌گه‌ینێ،  كه‌ وه‌ك ناوه‌ندگیرێكى پاك له‌ پرۆسه‌ى ئاشتى بووه‌. 

رۆژنامه‌ى "هارتس"، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ جیاكردنه‌وه‌ى دوو ده‌وڵه‌ته‌كه‌ ده‌خوازێ به‌شى رۆژئاواى قودس پایته‌ختى ئیسرائیل بێت و رۆژهه‌ڵاته‌كه‌شى بۆ فه‌ڵه‌ستین بێت. دواجار ده‌نووسێ، كاتێك  ئه‌وه‌ش روو ده‌دات، ئه‌وا هه‌ر وڵاتێك ده‌توانێ دان به‌ هه‌ردوو پایته‌خته‌كه‌دا بنێت و باڵوێزخانه‌ى خۆى لێ بكاته‌وه‌.

رۆژنامه‌ى "هارتس"، له‌ ساڵى 1919 دامه‌زراوه‌، له‌ ساڵى 1939 باره‌گاى سه‌ره‌كیى كاركردنى گواستووه‌ته‌وه‌ ته‌لئه‌بیب و به‌ هه‌ردوو زمانى عیبرى و ئینگلیزى ده‌رده‌چێت و ئاراسته‌یه‌كى چه‌پڕه‌وانه‌ى هه‌یه‌.