بانكی نێوده‌وڵه‌تی بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ شارۆچكه‌یه‌كی كوردستان ته‌رخان ده‌كات

به‌ مه‌به‌ستی چاككردنه‌وه‌ی زیانه‌كان

بانكی نێوده‌وڵه‌تی سه‌ر به‌ ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت ته‌رخان ده‌كات به‌ مه‌به‌ستی چاككردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و زیانانه‌ی كه‌ به‌ر به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان كه‌وتوون .

ڕه‌حمان خانی ، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای ڕاگه‌یاندووه‌: تیمێكی بانكی نێوده‌وڵه‌تی سه‌ردانی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخانیان كردوه‌ و به‌ مه‌به‌ستی ئاگاداربون له‌ قه‌باره‌ی زیانه‌كانی به‌نداوه‌كه‌، بڕیاره‌ بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت ته‌رخان بكه‌ن به‌ مه‌به‌ستی چاككردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی.

هه‌روه‌ها گوتیشی: جگه‌ له‌وه‌ی تا ئێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕی یه‌ك ملیار دیناری ته‌رخان كردووه‌ بۆ به‌نداوه‌كه‌ و حكومه‌تی عێراقیش بڕیاری داوه‌ پاره‌ بۆ تیمێكی پشكنینی بیانی ته‌رخان بكات بۆ زانینی قه‌باره‌ی زیانه‌كه‌، به‌ڵام تا ئێستا ده‌ستبه‌كار نه‌بوون.

له‌ ڕۆژی 12/11/2017 بومه‌له‌رزه‌یه‌ك به‌ گوڕی 7.3 به‌ پله‌ی رێخته‌ر ناوچه‌ سنورییه‌كانی نیوان هه‌رێمی كوردستان و ئێرانی هه‌ژاند، كه‌ له‌و بومه‌له‌رزه‌یه‌دا به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان زیانی به‌ركه‌وت.