حه‌شدى شه‌عبی دوو لاوى كورد له‌ خورماتوو ده‌ستگیر ده‌كات

هه‌ردووكیان به‌ تۆمه‌تى هاوكاری كردنى پێشمه‌رگه‌ ده‌ستگیركراون

به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنى قایمقامیه‌تى خورماتوو، ده‌ستگیركردنى گه‌نجێكى كورد به‌تۆمه‌تى هاوكاریكردنى پێشمه‌رگه‌ له‌لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌، ڕاگه‌یاند.

محه‌مه‌د فایه‌ق، به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنى قایمقامیه‌تى خورماتوو، به‌ باسنیوزى ڕاگه‌یاند" ئێواره‌ى دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ 11/1/2018، ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى بازگه‌ى چیمه‌ن، گه‌نجێكى كوردیان به‌ناوى (هه‌ڤاڵ غه‌مبار زه‌نگه‌نه‌) ده‌ستگیركرد".

ڕوونیكرده‌وه‌، كه‌ ده‌ستگیركردنى ئه‌و گه‌نجه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ بووه‌، ناوى له‌و لیسته‌دا بووه‌ كه‌ هاوكارى پێشمه‌رگه‌یان كردووه‌.

هه‌روه‌ها، گوتیشی: "ده‌ستگیركراوه‌كه‌ دانیشتووى داقووقه‌ و كارمه‌ندى پۆلیسی حكوومه‌تى فیدڕاڵه‌".

جێی ئاماژه‌یه‌، هه‌ر دوێنێ 11/ 1/ 2018 هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبی پێشمه‌رگه‌یه‌كى فه‌وجى 3 ى لیواى 134 ى هێزى پێشمه‌رگه‌یان به‌ناوى (فه‌رمان نیهاد قادر)، ده‌ستگیركرد و پاش ده‌ستگیركردنیشی ڕاده‌ستى سوپاى عێراقیان كرد.