ئێران: گه‌مارۆ خستنه‌ سه‌ر لاریجانی تێپه‌ڕاندنی هه‌موو هێڵه‌ سووره‌كانه‌

سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ هه‌ڵوێستی جیددییان ده‌بێت

له‌ وه‌ڵامی به‌یاننامه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكادا كه‌ سادق لاریجانی سه‌رۆكی ده‌زگای دادوه‌ریی ئێرانی خستووه‌ته‌ نێو لیستی نوێترین گه‌مارۆكانی وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی وڵاته‌كه‌یه‌وه‌، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ وه‌ڵامدا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ گه‌مارۆ خستنه‌ سه‌ر لاریجانی تێپه‌ڕاندنی هه‌موو هێڵه‌ سووره‌كانه‌.

هه‌روه‌ها حكومه‌تی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ وه‌ڵامدا وتوویه‌تی كه‌ سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ هه‌ڵوێستی جیددییان ده‌بێت.

شه‌وی رابردوو دۆناڵد ترامپ ماوه‌ی هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێرانی بۆ 120 رۆژی دیكه‌ درێژ كرده‌وه‌ و هه‌روه‌ها 14 دامه‌زراوه‌ و كه‌سایه‌تیی و به‌رپرسی ئێرانیشی خسته‌ نێو لیستی گه‌مارۆكانه‌وه‌.

شایانی باسه‌ كه‌ سه‌رۆكی ده‌زگای دادوه‌ریی ئێران باڵاترین به‌رپرسی ئێرانییه‌ كه‌ ناوی خراوه‌ته‌ لیستی دوایین گه‌مارۆكانی وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا.

سه‌رچاوه‌ / بی بی سی

مه‌سعود / كوردستان تیڤی