كۆبوونەوەی شاندی هەرێم لەگەڵ حكوومەتی عێراق كۆتایی هات

ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەیەکی دیکە به‌رێوه‌ده‌چێت


شاندێکی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆ و تیمێکی حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی، وەزیری ناوخۆی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە.

هەردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان لە شاری بەغدا کۆبوونەوە. گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت کۆبوونەوەکە بەرهەمدار بووە، بۆ وردەکاری و تاوتوێکردنی زیاتری کێشەکانیش ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکەن.

ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆ و بە ئەندامییەتی مەولوود باوەموراد، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بەوەکالەت، تاهیر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی، تەلار فایەق، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر و کۆمەڵێک بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی ناوخۆ گەیشتە بەغدا، دوای کۆبوونەوەش لەگەڵ تیمێکی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، وەزیری ناوخۆ بەرەو هەولێر گەڕایەوە.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی رایگه‌یاند کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدار بوو و کەشێکی لێکتێگەیشتن هەبوو، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سڵاوی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە شاندی میوان راگەیێندرا، شاندی هەرێمی کوردستانیش لێکتەگەیشتن و بەدەنگەوەهاتنێکی روونی هەبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی دەستوور و یاسای عێراق.

سەعد مەعن، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە، هەرێم پابەندبوونی خۆی بە دەستووری عێراق و یاساكانەوە پیشانداوە.

ئەوەشی وت، قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عێراق سەرۆكایەتی شاندی فیدڕاڵی كردووەو كەریم سنجاریش وەزیری ناوخۆی هەرێم سەرۆكایەتی شاندی هەرێمی كوردووە، هەروەها رۆژی دووشەممەی داهاتووش جارێكی دیكە شاندی هەردوو كۆدەبنەوە".

رونیشكردووەتەوە، كۆبوونەوەكە لە كەشوهەوایەكی لێكتێگەیشتن لە نێوان شاندی هەردوولا بەڕێوەچوو.