سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌بێ كێشه‌ له‌ پشكنین ده‌رچوو

بۆ یه‌كه‌مجار پشكنینی سه‌رۆكایه‌تی بۆ تره‌مپ ئه‌نجام درا

پشكنینی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ ناوه‌ندی پزیشكی سه‌ربازیی نه‌ته‌وه‌یی واڵته‌ر رید بێ كه‌موكورتی تێپه‌ڕی، دكتۆره‌كان ده‌ڵێن: ته‌ندروستی سه‌رۆك تره‌مپ ته‌واو و بێ كێشه‌یه‌.

له‌سه‌ر ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ی له‌باره‌ی تره‌مپ له‌ په‌رتوكی ئاگر و توڕه‌یی كه‌ له‌لایه‌ن مایكڵ وۆڵفه‌وه‌ تازه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌باره‌ی ساڵێكی له‌ كۆشكی سپی و، تیایدا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ كراوه‌ ته‌ندروستی ژیری باش نییه‌، بۆ یه‌كه‌مجار پشكنینی سه‌رۆكایه‌تی بۆ تره‌مپ ئه‌نجام درا.

دوای پشكنینه‌كه‌ كه‌ له‌ ناوه‌ندی پزیشكی سه‌ربازیی نه‌ته‌وه‌یی واڵته‌ر رید له‌ ویلایه‌تی ڤێرجینیا ئه‌نجامدرا، دكتۆر رۆنی جاكسن راگه‌یه‌ندراوێكی كورتی بڵاوكره‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا كه‌ له‌لایه‌ن كۆشكی سپیه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، دكتۆر جاكسن ده‌ڵێت: پشكنینی سه‌رۆك له‌ ناوه‌ندی پزیشكی سه‌ربازیی نه‌ته‌وه‌یی واڵته‌ر رید بێ كه‌موكورتی تێپه‌ڕی. ته‌ندروستی سه‌رۆك ته‌واو و بێ كێشه‌یه‌ و، به‌ تاسه‌وه‌ چاوه‌ڕوانم رۆژی سێ شه‌ممه‌ هه‌ندێك ورده‌كاری له‌باره‌ی پشكنینه‌كه‌وه‌ بخه‌مه‌ڕوو.

هێشتا ئه‌وه‌ نازانراوه‌ كه‌ تره‌مپ له‌ چ بوارێكدا پشكنینی بۆ كراوه‌، به‌ڵام مشتومڕی ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ پێویسته‌ جگه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ته‌ندروستی فیزیۆلۆجیی لێكۆلینه‌وه‌ له‌ ته‌ندروستی ده‌روونیشی بكرێت.