سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته‌ داڤۆس

سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ و ڕۆژانی دواتر چالاكییه‌كانی كۆڕبه‌نده‌كه‌دا به‌شداری ده‌كات

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی شاندێك گه‌یشته‌ داڤۆس له‌ سویسرا كه‌ له‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێكهاتووه‌.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 23/1/2018 نێچیرڤان بارزانی، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك، سه‌رۆك وه‌زیران، پاشا، سه‌ركرده‌كانی جیهان و میوانانی باڵای كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهان له‌ داڤۆس، به‌شداری له‌ ڕێوڕه‌سمی پێشوازی و خوانێكی ئێواره‌ ده‌كات كه‌ له‌لایه‌ن كڵاوس شواب دامه‌زرێنه‌ری كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهان و خاتوو هیلدێ شوابی هاوسه‌رییه‌وه‌ ڕێكخراوه‌.

سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ و ڕۆژانی دواتر نێچیرڤان بارزانی له‌ چالاكییه‌كانی كۆڕبه‌نده‌كه‌دا به‌شداری ده‌كات و له‌ په‌راوێزی كۆڕبه‌نده‌كه‌دا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌كانی جیهان دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی ده‌بێت.