ناتانیاهۆ: هێرشه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بێت بۆسه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ی په‌لاماری ئێمه‌ ده‌ده‌ن

بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسڕائیل

دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مریكا پشتیوانی خۆی بۆ ئیسڕائیل راگه‌یاند سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌م وڵاته‌ مافی خۆیه‌تی له‌ خاكی سووریادا چه‌ندین هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر سه‌روه‌ریی خۆی پۆچه‌ڵ بكاته‌وه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسراِئیل رۆژی رابردوو رایگه‌یاند: كه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌رده‌وامیی ده‌دات به‌م جۆره‌ له‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی دوژمنانی خۆی.

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌ك كه‌ له‌ ئۆفیسی بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسڕائیل بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ناوبراو وتوویه‌تیی كه‌ ئێمه‌ گورزێكی كوشنده‌مان له‌ هێزه‌ ئێرانیی و سوورییه‌كان وه‌شاندووه‌. 

له‌مه‌ودواش به‌رده‌وام ده‌بین له‌ په‌رچه‌كرداری له‌م چه‌شنه‌ بۆسه‌ر هه‌ر وڵات و لایه‌نێك كه‌ بیه‌وێت په‌لامارمان بدات، وه‌ ئه‌وه‌ش سیاسه‌تی ئێمه‌یه‌ و هه‌ر به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌سه‌ری.

جیا له‌ ناتانیاهۆ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌ركانی هاوبه‌شی سوپای ئه‌م وڵاته‌ش وتوویه‌تیی: ئێمه‌ ته‌نیا قسه‌ ناكه‌ین، به‌ڵكو كرداریشمان ده‌سه‌ڵمێنین، وه‌ من پێموایه‌ كه‌ سوورییه‌كان ئێستا تێگه‌یشتوون له‌وه‌ی كه‌ هاتنی ئێرانییه‌كان بۆ ناو خاكی ئه‌وان به‌ زیانی خۆیان ته‌واو بووه‌.

سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ڕه‌نسا    
مه‌سعود / كوردستان تی ڤی