ئەمەریكا بنكەیەكی سەربازی لەنزیك سنوری ئێران دادەمەزرێنێت

بە ئامانجی رێگریكردن لە هەژموونی حەشدی شەعبی


رۆژنامەیەكی لوبنانی رایدەگەیەنێت، ئەمریكا بەنیازە بنكەیەكی سەربازی لەناوچەی ئیمام وەیس لەنزیك سنوری ئێران دابمەزرێنێت.

رۆژنامە لوبنانییەكە رونیكردوەتەوە،  ماوەیەكی زۆرە ئەمریكا بەنیازی ئەوەیە خاڵێكی هاوبەش لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەنزیگ ئیمام وەیس-ی نزیك سنوری ئێران بكاتە بنكەیەكی سەربازی ئەمریكی  لەناوچەكانی دەوروبەری ئیمام وەیس، بەدیاریكراویش ناوچەكانی جەلەولا و سەعدیە و میقدادیە كە بەناوچەی جێناكۆكی نێوان هەرێم و بەغدا دادەنرێن.

وەك رۆژنامە لوبنانییەكە ئاماژەی پێكردووە: ئەمریكا نەخشەیەكی سەربازی داناوە بۆ بڵاوكردنەوەی هێزە سەربازییەكانی لەو ناوچانەی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە كۆنتڕۆڵكراون.

دەشڵێت: بەپێی ئەو پلانە، ئەمریكا تائێستا چەندین بنكەی سەربازی لەناوچەكانی شەرگات لەسنوری پارێزگای سەڵاحەدین و حەویجە لەپارێزگای كەركوك و بنكەیەكی سەربازی لەنزیك قەزای تەلەعفەری سنوری پارێزگای موسڵ دامەزراندووە بۆ ئەوەی فشار لەسەر هێزەكانی حەشدی شەعبی دروست بكات تا نەكشێن بەرەو قەزای شنگال و ناوچە سنورییەكانی نێوان عێراق  و سوریا لە باكورەوە.