دكتۆر سۆران: گه‌وره‌ترین وه‌ڵام بۆ سه‌رانی عێراق یه‌كده‌نگی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانه‌

به‌ كۆی ده‌نگ بایكۆتی دانیشتنی په‌رله‌مانیان كرد

فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان دوای نیوه‌رۆی ئه‌مرۆ به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ په‌رله‌مانتاره‌ كوردییه‌كان كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیان ئه‌نجامدا و تیایدا  به‌ كۆی ده‌نگ بایكۆتی دانیشتنی په‌رله‌مانیان له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای بودجه‌ دا و مانگرتنیان راگه‌یاند

له‌و باره‌یه‌وه‌ دكتۆر سۆران ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌سه‌ر لیستی زه‌رد به‌ ماڵپه‌ری ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی راگه‌یاند: گه‌وره‌ترین وه‌ڵام بۆ سه‌رانی عێراق یه‌كده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پرسی بودجه‌.

راشیگه‌یاند:  ئێمه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌ گه‌ڵ حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی كێشه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ هه‌یه‌و له‌ دانیشتنمان له‌گه‌ڵ خودی سه‌رۆك وه‌زیرانیش باسمان له‌و پرسه‌ كردووه‌و وتوومانه‌ دوبێت پشكی كوردستان %17 بێت به‌ پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ سیاسیه‌ی كه‌ پێشتر هه‌بووه‌.

راشیگه‌یاند: فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌و پێشێلكاریه‌ی كه‌ ده‌یكه‌ن و حه‌قی یاسایی گه‌لی كورد ده‌خۆن و نایده‌ن بریارماندا مان بگرین و رێگه‌ بگرین له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ر دانیشتنێك بۆ تێپه‌راندنی پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ تاكو ته‌واوی مافه‌ ره‌واكانی گه‌له‌كه‌مان فه‌راهه‌م نه‌كرێت.

گوتیشی: ئێمه‌ ئه‌و دانیشتنه‌ی ئه‌مرۆی په‌رله‌مان به‌ نایاسایی ده‌زانین و تانه‌ی لێده‌گرین، داواش ده‌كه‌ین سه‌رۆك كۆماری عێراق وه‌ك و پارێزه‌ری ده‌ستوور رێگا بگرێت له‌و پێشێتكاریانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێن له‌ لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌را ن و حكومه‌تی عێراقه‌وه‌.