بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 4.7 پلەی رێختەر لە گەرمیان روویدا

هاووڵاتییان هه‌ستیان پێى كردووه‌

بوومەلەرزه‌ی هەرێم رایگه‌یاند: بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 4.7 پلەی رێختەر لە سنووری گەرمیان روویدا كه‌ سەنتەری بوومەلەرزەكەش 8 كلیۆمەتر لە قەزای خانەقینەوە دوور بووە.

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 19/2/2018، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كه‌شناسى و بوومه‌له‌رزه‌زانیی هه‌رێمى كوردستان ڕاگه‌یاندراوێكى له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، تێیدا باس له‌وه‌ كراوه‌، كاتژمێر 2 و 2 خوله‌كى دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك له‌ دووریی هه‌شت كیلۆمه‌تر له‌ خانه‌قین تۆمار كرا، هه‌روه‌ها بوومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌ دووریى 140 كیلۆمه‌تر له‌ وێستگه‌ى تۆماركردن له‌ شارى سلێمانى بووه‌، هه‌روه‌ها له‌ دووریی 20 كیلۆمه‌تر له‌ جه‌له‌ولا.

له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌، كه‌ بوومه‌له‌رزه‌كه‌ به‌ پله‌ى 4.7 پله‌ى ڕێخته‌ر بووه‌ و هاووڵاتییانى ناوچه‌كه‌ش، هه‌ستیان پێى كردووه‌.