تاران داوا له‌ ئه‌مریكا و ئه‌وروپا ده‌كات فرۆشتنی چه‌ك به‌ سعودیه‌ رابگرن

سعودیه‌ ئێران به‌وه‌ تاوانبار ده‌كات كه‌ چه‌ك بۆ حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن ره‌وانه‌ ده‌كات

كۆماری ئیسلامی ئێران داوا له‌ ئه‌مریكاو وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌كات ده‌ست به‌جێ فرۆشتنی چه‌ك به‌ سعودیه‌ رابگرن.

به‌هرام قاسمی، وته‌بێژ به‌ناوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران داوای له‌ ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپا كرد ده‌ست به‌جێ فرۆشتنی چه‌ك به‌ وڵاتی سعودیه‌ و ئه‌وانه‌ش رابگرن كه‌ به‌و چه‌كانه‌ خه‌ڵكانی سڤیل یه‌مه‌ن ده‌كه‌نه‌ ئامانج و رۆژ له‌ دوای رۆَژیش دۆخی ئاسایشی ئه‌و وڵاته‌ به‌ره‌و خراپی ده‌به‌ن.

لێدوانه‌كه‌ی به‌هرام قاسمی له‌و كاته‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ بریتانیا و فه‌ره‌نسا نیگه‌رانی خۆیان له‌ باره‌ی پرۆگرامی به‌رگری ئێران ده‌ربریبوو.

هه‌روه‌ها قاسمی له‌ وه‌ڵامی هه‌ر یه‌ك له‌ بریتانیا و فه‌ره‌نسا ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه‌ كه‌ نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌و دووڵاته‌ هیچ به‌هانه‌یه‌كی مه‌نتیقی له‌ خۆ ناگرێت.

سعودیه‌ هه‌موو كاتێك ئێران به‌وه‌ تاوانبار ده‌كات كه‌ چه‌ك بۆ حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن ره‌وانه‌ ده‌كات و ئه‌وانیش به‌و چه‌كانه‌ سعودیه‌ ده‌كه‌ن ئامانج.

ئاماده‌كردنی: رزگار

سه‌رچاوه‌ سپۆتنیك