شەپۆلێكی تری باران بارین هەرێم دەگرێتەوە

لە هەندێك ناوچە بە لێزمە ببارێت

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەی هەرێم ڕایگەیاند لەسبەینێوە تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بوونی بارانی پچڕ پچڕ.

شۆپۆلێكی باران بارین هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و بەگوێرەی پێشبینییەكانی كەشناسیی و بومەلەرزەزانی هەرێم شەپۆلەكە تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

ئەژی چەتۆ بەرێوەبەری ڕاگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان به‌ ماڵپه‌ری ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی ڕاگەیاند، شەپۆلێكی باران بارین لە سبەینێوە بەپێی پێشبینییەكان لە هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكات.

زیاتر گوتی، شەپۆلی باران بارینەكە تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، بەڵام ڕەنگە لە هەندێك ناوچە بارانی پچڕ پچڕ ببارێت و لە هەندێك ناوچەی تر بە لێزمە ببارێت.

پێشبینی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە كە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو شەپۆلێكی باران بارین هەرێمی كوردستانی گرتەوە و بەو هۆیەشەوە مەترسی وشكەساڵی نەما، بەڵام پێدەچێت شەپۆلی ئەم جارەی باران بارین هاوشێوەی ئەوەی پێشوو بەهێز نەبێت.