نووسینگه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادى: دۆسیه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان یه‌كلایی بووته‌وه‌ 

دۆسیه‌ی مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانیش قۆناغێكى باشى بڕیوه‌

سه‌عد حه‌دیسی، گوته‌بێژى نووسینگه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆكى حكوومه‌تى عێراقی فیدڕال، ڕایگه‌یاند" ئێستا لیژنه‌ پسپۆره‌كان له‌باره‌ى دۆسیه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كار ده‌كه‌ن و گفتوگۆكانیش به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوونى باشی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ دۆسیه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌ولێر و سلێمانى به‌ته‌واوه‌تى یه‌كلایی بووه‌وه‌ و دۆسیه‌ی مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانیش قۆناغێكى باشى بڕیوه‌".

له‌باره‌ى دواخستنى دۆسیه‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، له‌گه‌ڵ بوارى نه‌وت له‌و كێڵگانه‌ى له‌ سنوورى هه‌رێمى كوردستانن، وه‌ك له‌ میدیاكان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، حه‌دیسی، گوتی: "هیچ زانیارییه‌كام له‌باره‌ى ڕێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر دواخستنى ئه‌و دۆسیانه‌ بۆ دواى هه‌ڵبژاردنه‌كان، نییه‌".