فڕاكسیۆنی پارتی داوا ده‌كات بە زووترین کات یاسای چاکسازیی مووچە و خانەنشینی دەربکرێت

داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات لە ماوەی هەفتەیەکدا کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان ئەنجام بدات

فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات، لە ماوەی هەفتەیەکدا کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان ئەنجام بدات و بە زووترین کات یاسای چاکسازیی مووچە و خانەنشینی دەربکرێت .

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ لە پرێس کۆنفڕانسێکدا کە زۆرینەی ئەندامانی فڕاکسیۆنەکە ئامادەی بوون، ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: بە مەترسی دەزانین یاسای چاکسازیی مووچە و خانەنشینی دەستیپێبکرێت، ئێستا هەست بە بوونی هەوڵێک بۆ موماتەڵەکردن بەو یاسایە دەکرێ .

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەوان لە دەرکردنی یاساکە جددین و ئاماژەی بەوە کرد: ”هەموو هەوڵمان دا فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بگەنە ڕێککەوتنێک لەسەر پڕۆژەیاساکە. 

ئومێد خۆشناو راشیگه‌یاند: تا ئێستا جددیەتێک لە تێپەڕاندنی یاساکە نابینین، بۆیە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەمان کە بڕیار بوو کۆبوونەوەیەکی دیکەی سەرۆک فڕاکسیۆنەکان و نوێنەرانی حکوومەت بکرێ، نەکرا، بۆیە دوو داوامان هەیە، یەکەم، بە فەرمی داوا لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەین کە سبەی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنەکان بکرێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر تێپەڕاندنی یاساکە. 

دووەمیش، یاداشتێکمان پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە و داوامان کردووە کە لە ماوەی هەفتەیەکدا پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجام بدات، بۆ دەرکردنی یاساکە بە زووترین کات .ئومێد خۆشناو داوای کرد، یاساکە نەخرێتە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن .