سبەی یه‌كێتی ئه‌ورووپا راپۆرتێكى توند له‌سه‌ر توركیا بڵاوده‌كاته‌وه‌

سه‌ره‌نجام ئه‌ندامبوونی توركیا له‌ یه‌كێتی ئه‌ورووپا مه‌حاڵ ده‌بێت

ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ 16/4/2018، ئاژانسی "رۆیته‌رز" بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ سبەی سێشه‌ممه‌ یه‌كێتی ئه‌ورووپا به‌توندترین شێوه‌ راپۆرتی خۆی له‌سه‌ر بارودۆخی توركیا بڵاوده‌كاته‌وه‌.

ئاژانسه‌كه‌ راشیگه‌یاند" له‌سه‌ر خراپی دۆخى ئاواره‌ سوورییه‌كان و پێشێلكردنى مافی مرۆڤ و نه‌بوونى ئازادی راده‌ربڕین و بێلایه‌ن نه‌بوونى دادگاكان له‌ توركیا، له‌نێو یه‌كێتى ئه‌ورووپادا ره‌خنه‌ى توند له‌ توركیا گیراوه‌.

بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م راپۆرته‌، په‌یوه‌ندی نێوان توركیا و یه‌كێتی ئه‌ورووپا زیاتر خراپ ده‌كات و رۆژنامه‌ی "وێڵت ئام سۆنتاگ"ی ئه‌ڵمانیش، له‌ ژماره‌ی دوێنێیدا بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌م راپۆرته‌ی كه‌ بڕیاره‌ به‌یانی بڵاوبكرێته‌وه‌، هیچ ئومێدێك نییه‌ بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ی توركیا و یه‌كێتی ئه‌ورووپا، كه‌ سه‌ره‌نجام ئه‌ندامبوونی توركیا له‌ یه‌كێتی ئه‌ورووپا مه‌حاڵ ده‌بێت.