گوتیمالا دواى ئه‌مه‌ریكا باڵیۆزخانەی خۆى دەگوازێتەوە بۆ قودس

چەند رۆژی داهاتوو گوتیمالا باڵیۆزخانەی خۆى دەگوازێتەوە قودس


جیمی مۆڕالس، سەرۆکی گوتیمالا رایگەیاند" لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەوانیش هاوشێوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیانی دەگوازنەوە بۆ  قودس.

ئەو بڕیارەی گواتیمالا دوای دوو رۆژ لە کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دێت لە قودس، سەرەڕای بەرفراوانی و زۆربوونی ناڕەزاییە نێودەوڵەتییەکانی.

سەبارەت بەو هەنگاوەی حکومەتی گواتیمالا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، وتی" ئەوە شتێکی چاوەڕوانکراو بوو، چونکە  حەفتا ساڵ لەمەوبەر، دووەم وڵات دوای ئەمەریکا گواتیمالا بوو کە دانی نا بە وڵاتی ئیسرائیلدا، ئێوە هەمیشە دۆستی ئێمە بوون، لە رابردوو لە ئێستاش".

لە میانی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ساڵی ١٩٦٧ ئیسرائیل دەستیگرت بەسەر رۆژهەلاتی قودس، بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەکی نێودەوڵەتی وەکو خاکی ئیسرائیل دانی پێدا نەنرا، نیگەرانی حکومەتی ئیسرائیلی لێکەوتەوە".