نرخی هه‌ر به‌رمیلێك له‌ نه‌وتی برێنت له‌ 80 دۆلار نزیك ده‌بێته‌وه‌

ئه‌مڕۆ هه‌ر به‌رمیلێكی به‌ 79 دۆلار و 24 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا

له‌ دوایین مامه‌ڵه‌كانیدا نرخی نه‌وتی خاو له‌ بۆرسه‌كانی جیهان به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبۆوه‌و هه‌ر به‌رمیلێكی برێنت له‌ 80 دۆلار نزیك ده‌بێته‌وه‌.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە بڵاوی كردەوە ئەمساڵ داخوازی جیهان بۆ نەوت كەم دەبێتەوە، به‌ڵام له‌م ساڵیدا نرخی نه‌وت ده‌گاته‌ 80 دۆلار.

لە لایەكی تریش بڕیاری كشانەوەی تۆتاڵی فڕەنسی لە ئێران كاریگەریی بۆ سەر كەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت دەبێت و هۆكارە لەوەی نرخی نەوت بەرز ببێتەوە. 

جیا له‌وه‌ش بڕی نه‌وتی كۆگاكراوی ئه‌مه‌ریكی كه‌مبۆته‌وه‌، ئه‌مڕۆ نرخی نه‌وتی برێنت به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 0.37 به‌رزبووه‌و هه‌ر به‌رمیلێكی به‌ 79 دۆلار و 24 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا. 

هاوكات نرخی نەوتی خاوی ئەمەریكی به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 0.45 هه‌ڵكشاو هه‌ر به‌رمیلێكی به‌ 71 دۆلارو 81 سه‌نت كرین و فرۆشتنی پێوه‌كرا ئه‌مه‌ش  بەرزترین نرخە بۆ ئەم جۆرەی نەوت لە ماوەی 42 مانگی رابردوو. 

نه‌وتي ئۆپیكیش به‌ رێژه‌ی له‌سه‌دا 1.68 به‌رزبووه‌و هه‌ر به‌رمیلێكی گه‌یشته‌ 75 دۆلارو 47 سه‌نت.