ئه‌نه‌كه‌سه‌: په‌یه‌ده‌ نه‌وت و فه‌رمانگه‌ حکوومییه‌كان ڕاده‌ستی ڕژێمی سووریا ده‌كات

ئه‌نه‌كه‌سه‌: به ‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌رداری مافی كورد له‌ سووریا نابین


به‌رپرسی نووسینگه‌ی ئه‌نه‌كه‌سه‌ له ‌هه‌رێمی كوردستان گوتی"، له ‌پێناو ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی په‌یه‌ده‌ ببنه‌ به‌شێك له‌ سوپای ڕژێمی سووریا، په‌یه‌ده‌ نه‌وت و فه‌رمانگه‌ حکوومییه‌كانیش ڕاده‌ستی ڕژێمی سووریا ده‌كات، چونكه‌ ده‌زانن هیچ وڵاتێك ددان به ‌ئه‌واندا نانێت.

په‌یه‌ده‌ و ڕژێمی سووریا ڕێككه‌وتنێكیان کردووە‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری سیسته‌می فیدراڵی و خۆبه‌ڕێوه‌بردن ببن و ڕۆژئاوای كوردستانیش جارێكی دیكه‌ ڕاده‌ستی ڕژێمی سووریا بكه‌نه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی ناوخۆیش له‌ ڕۆژئاوا ئه‌نجام بدرێت و له ‌یه‌كه‌م هه‌نگاویش وێنه‌ی شه‌هیدان و دروشمه‌كانی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌ڵگرت له‌ قامیشلۆ وعاموودا و ناوچه‌كانی دیكه‌ی ڕۆژئاوای كوردستان.

جه‌دعان عه‌لی، به‌رپرسی نووسینگه‌ی ئه‌نه‌كه‌سه‌ له ‌هه‌رێمی كوردستان، به ‌ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی ڕاگه‌یاند" دوای ئه‌وه‌ی له ‌ماوه‌ی ڕابردوودا له ‌چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی له‌ نێوان په‌یه‌د و ڕژێمی سووریا كراوه‌ و له ‌یه‌كه‌م هه‌نگاودا سه‌رجه‌م وێنه‌ی شه‌هیدان و دروشمه‌كانی خۆیان له‌ ڕۆژئاوای كوردستان هه‌ڵگرتن، ئێستا باس له‌وه‌ ده‌كرێت په‌یه‌ده‌ به‌نیازه‌  نه‌وت و فه‌رمانگه‌ حكوومیه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان ڕاده‌ستی ڕژێمی سووریا بكات و هێزێكی هه‌واڵگریی سووریاش هاتووه‌ بۆ ڕۆژئاوای كوردستان و چاودێریی پرۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن."

جه‌دعان عه‌لی گوتیشی: "ئه‌وكاره‌ی په‌یه‌ده‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێزه‌كانی ئه‌وان وه‌كو یه‌په‌گه‌ و هێزه‌كانی دیكه‌ ببنه‌ به‌شێك له‌ هێزه‌كانی سوپای ڕژێمی سووریا، بۆیه‌ ده‌ستبه‌رداری هه‌موو ڕۆژئاوای كوردستان ده‌بن و ببنه‌ به‌شێك له ڕژێم، چونكه‌ تاوه‌كو ئێستا هیچ وڵاتێك ددانی به ‌په‌یه‌ده‌دا نه‌ناوه‌ و به‌ به‌شێك له‌ په‌كه‌كه‌ ده‌زانرێت، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌كو ئه‌نه‌كه‌سه‌ به ‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌رداری مافی كورد له‌ سووریا نابین."

عه‌لی گوتیشی" ئێمه‌ وه‌كو ئه‌نه‌كه‌سه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی له‌ دانوستانداین بۆ ئه‌وه‌ی له ‌ده‌ستووری نوێی سووریا مافی كورد دیاری بكرێت، چونكه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت به ‌پێی ده‌ستوور مافی كورد دابین بكرێت، بۆیه‌ به ‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌رده‌وام ده‌بین و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ گفتوگۆی به‌رده‌وامداین له‌گه‌ڵ وڵاتان."