فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى ئیسرائیل هێرشیان كرده‌ سه‌ر چه‌ند بنكه‌یه‌كى سه‌ربازى له‌ سووریا

هه‌روه‌ها هه‌وڵى خستنه‌خواره‌وه‌ى فڕۆكه‌یه‌كى داوه‌

سه‌ر له‌ به‌یانى ئه‌مڕۆ پینج شه‌ممه‌ 12ى ته‌مموزى 2018، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى ئیسرائیل هێرشیان كردوته‌ سه‌ر چه‌ند بنكه‌یه‌كى سه‌ربازى له‌ ناوچه‌كانى جۆڵان سه‌ر به‌ پاریزگاى ئه‌ل قونه‌یته‌ره‌.

ئاژانسى (سانا)ى فه‌رمى سووریا له‌ زارى سه‌رچاوه‌یه‌كى سه‌ربازیه‌وه‌ رایگەیاند: فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى ئیسرائیل هێرشى مووشه‌كیان ئه‌نجام دا بۆ سه‌ر چه‌ند بنكه‌یه‌كى سوپاى رژێمى سووریا له‌ شارۆچكه‌كانى حه‌زه‌ر و ته‌ل كرۆم له‌ نزیك جۆڵان سه‌ر به‌ پاریزگاى ئه‌ل قونه‌یته‌ره‌، هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شى راگه‌یاندووه‌ كە هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ى ئیسرائیل ته‌نها زیانى ماددى به‌ سوپاى سووریا گه‌یاندووه‌.

هاوكات ئاژانسى هه‌واڵگرى ئیسرائیل له‌ سه‌ر زارى سوپاى ئیسرائیل ئه‌نجامدانى هێرشه‌كه‌یان پشت راستكرده‌وته‌وه‌، و سێ بنكه‌ى سه‌ربازیان له‌ سووریا كردووته‌ ئامانج و هه‌روه‌ها به‌ مووشه‌ك هه‌وڵى خستنه‌خواره‌وه‌ى فڕۆكه‌یه‌كى بێ فڕۆكه‌وانى سه‌ر به‌ رژێمى سووریاى داوه‌.

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى/ سیروان عه‌زیز