گوتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، دلشاد شەھاب ڕایگەیاند کە سەردانەکەی سەرکۆماری تورکیا بۆ ھەولێری پایتهختی ههرێمی كوردستان ئاماژەیەکی گرنگە بۆ زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکان و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە سەقامگیری ناوچەکە ئامانجی سەرەکی ئەوانە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێمی كوردستان، دلشاد شەھاب لەبارەی سەردانەکەی سەرکۆماری توركیا ڕهجهب تهیب ئەردۆغان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا گوتی: پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ تورکیا پەیوەندییەکی تازە نییە، گرنگیدان و پەرەپێدانی لەبەرژەوەندی ھەردوولا دایە، بەرژەوەندی ھاوبەشمان زۆرە و دراوسێی یەکترین، جیا لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، پەیوەندی ئابووری و سیاسییمان ھەیە و سەقامگیری ناوچەکە ئامانجێکی سەرەکی ئێمەیە، سەرکۆماری تورکیا لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا، دەستنیشانکردنی ھەولێری وەک پێگەیەکی بنەڕەتی سەردانەکەیدا، ئاماژەیەکی گرنگە بۆ پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق و ھەرێم و ئاماژەیەکی گرنگە بۆ زیندوویەتی ھەرێم وەک کاراکتەرێکی سیاسیی لە پڕۆسەی عێراق و ناوچەکە و گرنگییەکی تایبەتی ھەیە.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغداش، دلشاد شەھاب گوتی: لەم نزیکانە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، سەردانی بەغدا دەکات، ڕەنگە کۆبوونەوەیەکی ئیدارەی دەوڵەت ڕێکبخرێت و بەشداری تیادا بکات، ئەمە کۆبوونەوەیەکی دەورییە و جاری پێشووش سەرۆکی ھەرێمی كوردستان بەشداربووە، ئەم بەشداربوونە کاریگەری ئەرێنی دەبێت و ئێمە بەشێکی بنەڕەتین لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لەبارەی کورسی کۆتاکان و بەشداریکردنییان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دلشاد شەھاب گوتی: بێگومان ھەموو ھەوڵێک دەگرینە بەر بۆ ئەوەی پێکھاتەکان بەشداری لە پڕۆسەی سیاسییدا بکەن و بەشدارییەکی کاریگەریان ھەبێت، ئەم پێکەوە ژیانە تابلۆیەکی جوانی ھەرێمە، سەرۆکی ھەرێمی كوردستان بە ھەموو توانایەکەوە کار لەسەر ئەم تابلۆیە دەکات و دەبێت ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.