Erbil 15°C شەممە 04 ئایار 13:26

سوپای ئەمەریكا داوایەك لە عێراق دەكات

کوردستان TV
100%

سوپای ئەمەریكا داوای لە حكوومەتی عێراق كرد هەموو هەنگاوێك بگرێتەبەر بۆ پاراستنی هێزەكانیان لە هەر هێرشێكدا كە دەكرێتە سەریان لەنێو خاكی عێراق و سووریا.

پاتریك رایدەر فەرماندەی هێزە ئاسمانییەكان ئەمڕۆ چوارشەم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا (پێنتاگۆن) گوتی: هێرشەكانی چەند رۆژی رابردوو بوونەتە هۆكاری مەترسی بۆ سەر گیانی هێزەكانمان لەنێو خاكی عێراق و سووریا.

گوتیشی: داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەین هەموو هەنگاوێك بگرێتەبەر بۆ پاراستنی هێزەكانمان لەو هێرشانە لەنێو هەردوو خاكی عێراق و سووریا.

فەرماندەكەی هێزی ئاسمانیی ئەمەریكا جەختیشی كردەوە كە لە ئەگەری بەردەوامی هێرشەكان، ئەوانیش بێدەنگ نابن و وەڵامیان دەبێت بۆ پاراستنی هێزەكانیان وەك ئەوەی لە رابردوودا ئەنجامیاندابوو.

پێنتاگۆن بەهەمانشێوە دوێنێ سێشەممەش هۆشداری دابووە حكوومەتی عێراق لە بەردەوامی هێرشەكان بۆ سەر سەربازگەكانیان و رایگەیاندبوو كە لە ئەگەری بەردەوامی هێرشەكان ئەوانیش وەڵامیان بۆی دەبێت.

هەروەها هێرشەكانی چەند رۆژی رابردووشی بۆ سەر هێزەكانیان لە عێراق و سووریا بە هێرشی شكستخواردوو ناوبردبوو.

ئەمە لەكاتێكدایە كە لەم هەفتەیەدا دووجار هێرشكرابووە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لەنێو خاكی عێراق و سووریا، هێرشی یەكەم بە پێنج مووشەك ئەنجامدرابوو كە تێیدا هێرشكرابووە سەر سەربازگەی ئەمەریكی خەراب ئەشک  لە سووریا.

بەگوێرەی زانیارییە میدیاییەكان مووشەكەكانی ئەم هێرشە لەلایەن گرووپەكانی سەر بە ئێران لە پارێزگای نەینەوا ئاراستەكرابوون، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی و ماددییان دروست نەكردبوو.

هێرشی دووەمیش بە درۆن ئەنجامدرابوو كە كرابووە سەر سەربازگەی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنباڕ.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.