Erbil 15°C ھەینی 17 ئایار 08:48

بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا 100 هەزار كەس لە عێراق ئاوارە بوون

کوردستان TV
100%

بەگوێرەی داتاكان بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و وشكەساڵییەوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو لە عێراق زیاتر لە 100 هەزار كەس ئاوارە و دەربەدەربوون لە شوێنەكانی مانەوەیاندا.

فازڵ غەزاوی سەرۆكی ناوەندیی ستراتیجی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: لە رووی ریزبەندییەوە ئێستا عێراق پێنجەمین وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان كە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا كاریگەری زۆر خراپی لەسەر جێهێشتووە.

گوتیشی: وشكەساڵی و كەمبوونەوەی رێژەی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و خۆڵبارین و بەبیابانبوون و لافاو و دیاردەكانی تری گۆڕانی كەشوهەوا لە ماوەی 8 ساڵی رابردوودا (لە 2016 تاكو ئێستا) بوونەتە هۆكاری ئاوارەبوونی زیاتر لە 100 هەزار كەس لە عێراقدا.

هەروەها گوتی: ئەو پارێزگایانەشی بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواوە زۆرترین زیانیان بەركەوتووە بریتین لە میسان، بەسڕە، زیقاڕ و واسیت.

ئاماژەی بەوەش دا كە حكوومەتی عێراق پڕۆژەی هەیە لە ماوەی 5 ساڵی داهاتوودا رێژەی سەوزایی و داچاندن لە بیابانەكان زیاد بكات و بەڕێوەبردنی ئاو باش بكات و رێگریی لە گۆڕینی ناوچەی كشتوكاڵی بۆ نیشتەجێبوون بكات لەگەڵ چاندنی ملیۆنان داری خورما و قەرەبووكردنەوەی ئاوارەكان، رێگری لە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا بكات.

شێوازی ژیان هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.