Erbil 15°C شەممە 18 ئایار 17:31

ژمارەی ئەو کەسانەی لە کارەساتی لافاودا لە بەڕازیل گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەوە بۆ 29 کەس

کوردستان TV
100%


ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاکامی ئەو لافاوەی لە بەڕازیل بەهۆی بارانی بەلێزمە دروست بوو گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ 29 کەس، ژمارەی بێسەروشوێنانیش گەیشتووەتە 60 کەس.

ئەو بارانە بەلێزمەیەی چەند ڕۆژێکە ویلایەتی ڕیۆ گراندی دۆ سول-ی باشووری بەڕازیلی گرتووەتەوە، زیانی گیانی و ماڵی لێکەوتەوە.

لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لەلایەن بەرگریی شارستانی ویلایەتەکەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئەو کارەساتەوە گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ 29 کەس و ژمارەی بێسەروشوێنانیش گەیشتووەتە 60 کەس.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە بارانەکە لە 154 ناحیەدا زیانی زۆری دروست کردووە و 71 هەزار و 300 کەس بەهۆی ئەو لافاوەوە کاریگەری نەرێنیی لەسەر ژیانیان دروست بووە.

پارێزگاری ویلایەتەکە، ئێدوارد لیتی، ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا چەند شوێنێک هەن دەستیان پێیان نەگەیشتووە و ڕایگەیاند: ''دۆخێکی زۆر تایبەت بەڕێ دەکەین، ئەمە کارەساتبارترین ڕووداوە لە مێژووی ویلایەتەکەدا''.

لیتی باسی لەوە کرد کە ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیان هەیە و، تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن لە ڕێگەی زەمینی و دەریایی و ئاسمانییەوە بەردەوامن لەسەر کارەکانیان.

ئێدوارد لیتی ئەوەیشی خستەڕوو کە بەهۆی گەورەیی ڕووداوەکەوە دۆخی کارەساتیان بۆ ماوەی 180 ڕۆژ ڕاگەیاندووە و هەوڵی زۆر دەدەن بۆ گواستنەوەی دانیشتووانی ناوچە کارەساتبارەکە.

لەلایەکی دیکەوە، بەهۆی داڕووخانی بەنداوێکی سەر ڕووباری ئانتاس ناحیەکانی دەوروبەری ژێر ئاو کەوتوون.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.