Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 11:19

لە ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەریی ھەولێر 227 دوکان سووتاون

کوردستان TV
100%


شەوی رابردوو ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی ھەولێر کەوتەوە و کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە ماوەی چەند کاتژمێرێکی خایاند.

شەوی ڕابردوو لەمیانی ئاگرکەوتنەوەکە، دوکاندارەکانی بازاڕی قەیسەری گەیشتنە شوێنەکە و بەشێکیان توانییان کەلوپەلەکانییان ڕزگار بکەن و ھێزە ئەمنییەکانیش بەچڕی لە بەشی زێڕەنگەرانی بازاڕەکە بڵاوەیان پێکرابوو بۆ چاودێریکردنی دۆخەکە.

قایمقامی ھەولێر نەبەز عەبدولحەمید بە میدیاکانی ڕایگەیاند کە لەم ڕووداوەدا 227 دوکان سووتاون و دوو لیژنەش بۆ ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە و زیانەکانی ئەم ڕووداوە پێکھێنراون.

نەبەز عەبدولحەمید ڕاشیگەیاند کە بەشی زێڕینگەرانی بازاڕەکە بە ملیۆنان دۆلاری تیادابووە خۆشبەختانە ھیچ حاڵەتێکی دزیکردن نەبووە و هێزە ئەمنییەکان تا ئێستاش لە شوێنەکە بڵاوەیان پێکراوە.

بە گوتەی قایمقامی هەولێر لە ڕووداوەکە، شەش کەس ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون، کە دوو لەوانە بەهۆی کەوتن بووە، ئەوانی دیکەش بەهۆی هەناسەتەنگییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکراون و چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە پێنج مانگی ئەمساڵدا، پێنج ئاگری گەورە لە بازاڕەکانی شاری ھەولێر کەوتووەتەوە بەجۆرێک لە 27ی کانوونی دووەمی 2024، ئاگر لە بازاڕی لەنگە کەوتەوە، دوای یەک مانگ و لە 27ی شوبات جارێکی دیکە ئاگر لە بازاڕی لەنگە کەوتەوە، لە 9ی ئادار ئاگر لە کۆگایەکی گەورە کەوتەوە لە پیشەسازی باکوور، لە 27ی نیسان ئاگر لە بەشێک لە دوکانەکانی گۆڕەپانی بازاڕی نیشتمان کەوتەوە، دوا ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەش ئێوارەی دوێنێ 5ی ئایار بە ھۆکارێکی تا ئێستا نادیار، 227 دوکانی بازاڕی قەیسەریی ھەولێر سووتان.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.