Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 21:49

كۆمپانیاكانی كوردستان لە پێشانگای بازاڕی گەشتیاری عەرەبی چەندین رێككەوتن لەگەڵ وڵاتان واژوو دەكەن

کوردستان TV
100%

لە دووەم رۆژی پێشانگای بازاڕی گەشتیاری عەرەبی (ATM) لە دوبەی کە بە بەشداری 2300 کۆمپانیا و دامەزراوەی گەشتیاری 165 وڵات بەڕێوە دەچێت، شاندی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بەردەوام بوو لە چالاکییەکانی و چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرینگی لەگەڵ وڵاتانی بەشداربوو ئەنجام دا.

لە کۆبوونەوەیەکدا لەنێوان شاندی گەشتوگوزاری کوردستان و بەرپرسانی دەستەی گەشتوگوزاری وڵاتی ئوردن هەردوولا هاوڕابوون لەسەر زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و کارکردن بۆ ئاڵوگۆڕی گرووپی گەشتیاری. لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە شاری هەولێر لەنێوان دەستەی گەشتوگوزاری کوردستان و دەستەی گەشتوگوزاری وڵاتی ئوردن واژوو بکرێت سەبارەت بە کاری پێکەوەیی بە مەبەستی بەبازاڕکردن بۆ گەشتوگوزاری کوردستان و بەرزکردنەوەی توانای مرۆیی کارمەندانی کەرتی گەشتیاری کوردستان.

ئەمڕۆ سێشەممە لە دووەم رۆژی كردنەوی پێشانگاكەدا شاندی ژمارەیەک وڵات و کۆمپانیای گەشتیاری سەردانی ستاندی کوردستانیان کرد، لەوانە بەرپرسانی گەشتوگوزاری ئەلبانیا، سعوودییە، کوەیت و ئیماڕات، هەروەها لە کۆبوونەوەکاندا وڵاتان بە پەرۆشەوە خواستی خۆیان نیشان دەدا بۆ دروستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

لە لایەکی ترەوە لێکتێگەیشتنی زۆر باش لەنێوان کۆمپانیا گەشتیارییە کوردستانییەکان و هاوتاکانیان لە وڵاتان هاتە کایەوە بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی گەشتیاران، بڕیاریش وایە لە داهاتوویەکی نزیکدا دوای تەواوبوونی رێکارە یاسایی و فەرمییەکان چەندین رێککەوتننمانە ئەنجام بدرێت.

جێی باسە هاوشێوەی رۆژی یەکەم، ستاندی کوردستان جێی سەرنجی وڵاتان بووە و یەکێک بوو لە هەرە قەرەباڵغترین ستاندەکانی پێشانگاكە و ژمارەیەکی بەرچاو لە دامەزراوە و کۆمپانیای گەشتیاری سەردانیان کردووە.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.