Erbil 15°C دووشەممە 20 ئایار 01:40

پارێزگاری هه‌ولێر: پاراستن و ئەمنییەتی بازاڕی قه‌یسه‌ریی بە ئاسایش و پۆلیس دەسپێردرێت

پارێزگاری هەولێر پێشوازى لە بەشێک لە دوکاندار و کاسبکارانى بازاڕی قەیسەریی کرد
کوردستان TV
100%


ئەمرۆ چوارشەممە 2024.5.8، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە ئامادەبوونى ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی لایه‌نی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار، پێشوازیکرد لە بەشێک لە دوکاندار و کاسبکارانى بازاڕی قەیسەریی.

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵیان، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى بەخێرهێناینان، ڕایگەیاند: "وەک حکومەت و پارێزگاى هەولێر، لە ئێوە زیاتر دڵگران و خەمبارین بەو ڕووداوەى لە بازاڕى قەیسەرى هەولێر ڕوویداوە، چونکە هەولێر واتا (قەڵا، منارە و بازاڕی قەیسەری) حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێر گرنگییەکی زۆر بەو سێ شوێنە دەدات چونکە ئەو شوێنانە ناسنامەی شارەکەمانە، هەروەها نەک ئێمە بەتەنها بگرە هەموو خەڵکی شاری هەولێر دڵگران و خەمبارە بە سووتانی ئەو بازاڕە".

گوتیشى، "لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوکە بەردەوامە بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی، کە ئایە بە هۆی کەمتەرخەمی و پابەند نەبوونە بووە بە ڕێنماییەکان، یان دەستێکی خراپکاری لە پشت بووە، لەم نزیکانە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ راى گشتیى ئاشکرا دەکرێت و هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوە رادەگەیەنرێت".

پارێزگارى هەولێر، ڕاشیگەیاند: "وەکو پارێزگاى هەولێر، جگە لە لیژنەى لێکۆڵینەوە، لیژنەیەکى تەکنیکی پێکهێنراوە بۆ خەمڵاندنى نۆژەنکردنەوەى ئەو دوکان و شوێنانەى کە بە هۆى کەوتنەوەى ئاگرەکەوە زیانیان پێگەیشتووە، لە ئێستاشدا تیمەکانى ژینگە پارێزى دەستیانکردووە بە پاککردنەوە و ڕێکخستنەوەى سەرتاسەرى بازاڕەکە و کردنەوەى بە ڕووى دوکانداران و هاوڵاتییان، پێویستە ئێوەش هاوکارمانبن بۆ جێبەجێنەکردنی رێنماییەکان و هەڵگرتنى سەرجەم زێدە ڕۆیی و سەرپێچییەکانى نێو بازاڕەکە، جەختیشى لەوە کردەوە، کە بۆ لەمەودوا هەڵواسینی پەردە لە دوکانەکان کە هۆکارێکی سەرەکی ئاگرکەوتنەوە و تەشەنەسەندنی بوو بە هەموو شێوەیەک قەدەغەدەبێت".

لە بارەی پێدانەوەى کارەباش بە بازاڕەکە، کە داواکارى کاسبکارانى بوو، پارێزگارى هەولێر گوتى، "بەڕیوەبەروەبەرایەتى کارەبامان ڕاسپردوو، ئەو کێشەیە چارەسەربکەن و ئەو دوکانانەی کە زیانیان بەرنەکەوتووە خاوەنەکانیان دەتوانن لە ئەمڕۆوە دوکانەکانیان بیکەنەوە و دەست بە کار و کاسبی خۆیان بکەن، بۆ ئەوانی دیکەش دواى پاککردنەوەى شوێنى ڕووداوەکە لیژنە هونەرى پارێزگا، دەست بە خەمڵاندنى چۆنیەتی نۆژەنکردنەوەی دووکانە سووتاوەکان دەکەن". دڵنیاشى کردنەوە، وەک پارێزگاى هەولێر و حکومەتى هەرێمى کوردستان هەرچى پێویست بێت بۆ هاوکارى و هەماهەنگى ئەو دوکاندار و کاسبکارانەى کە بەهۆى سووتانى دوکانەکانیان زەرەمەند بوونە درێخی لێناکرێت.

لەکۆتایشدا، سەبارەت بە پاراستنی ئەمنییەتی بازاڕەکە، پارێزگاری هەولێر گوتی: "ئەو پاسەوانانەی کە بۆ پاراستنی بازاڕی قەیسەری هەولێر دانرابوون نامێنن و لە شوێنى ئەوان، پاراستن و ئەمنییەتی بازاڕەکە بە ئاسایش و پۆلیس دەسپێردرێت.
 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.