خه‌وه‌ خۆشه‌كه‌ی توركیا

دواجار كە هەموولایەك شەكەت بوون ئەو خۆی دەخاتە نێو گۆمەكە
Thumbnail

توركیا بەتەمای خوا خۆی خستە ناو گۆمەكە، ڕووسیا شەش ساڵە خاكەساری بۆ سوریا دەكات و ئێرانیش جگە لەماڵ خەریكە سەری خۆی لەسەر دابنێ و سعودیە و كەنداویش خۆیان موفلیس كرد هەندی هاوكاری توندڕەوە ئیسلامییەكان بكەن ، توركیا بەهەموو حیسابان ئیتر مونافەسەی ئەمەریكا دەكات لە زیرەكی و دواجار كە هەموولایەك شەكەت بوون ئەو خۆی دەخاتە نێو گۆمەكە و بەیەك نەفەس لەوسەری مەلەوانگەكە بەسەركەوتوویی لێی دەردەچێت.


توركیا بە حیسابان هەمان یارییەكەی جەنگی جیهانی یەكەم دەكات كە ئەمەریكا دواجار داخیلی شەڕبوو، وڵاتانی زلهێز یەكتریان تەواو شەكەت كردبوو ، ئیتر بوو بە پاڵەوانی شەڕی جیهانی یەكەم و تا هەنوكەش كاسەكە هەر لەدەستی خۆیەتی . بیلامانا یارییەكەی توركیا لەڕاوچییەكەی( میك میك) دەچێت، ئەو، لە سوریا بەدوای پەكەكە و یەپەگە و بەشە (كێكی )خۆی ناگەڕێ، بەڵكو پێی وابوو دەبێتە پاڵەوانی یەكلاكردنەوەی شەڕ لەسوریا و لە عەفرین سەری دەخاتە بن چڵە زەیتونەكان و لە ڕیف و میفی دیمەشق مەرحەبای ئەسەد دەكات، ئەو دەزانێت ئەسەد قەت میوانداری ئەو میوانە ناوەختە ناكات، كە تینووی خوێنی پشتاوپشتییەتی، بەڵام سوپاسیشی دەكات بۆ ساف و لووسكردنی ئەو ڕێگە داخراوانەی شەش ساڵە سوپای سوریا بە ئاواتی كردنەوەیتیان و بەمەش ئەسەد و سوریا مەجبوری ئەوە دەكات بڵێن بخوازە لە ماڵی دونیایێ.

ئەمەریكا خوێنەكەی بەلاشە و لەهەناوی منداڵی كورد جۆگەلە دەكات و شكانی قەپۆزی توركە هەڵگەڕاوەكانیشی بە قیمەتی چەند (بار)چەكێكی بەپارەی كەنداو كڕاو، هەر بە هەوەنتە بۆ مەیسەر دەبێت و كۆتاییەكەشی بەلایەوە گرنگە .چەقۆی بەشكردنی كێكەكە لەنێوان خۆی و رووسیا لەدەستی خۆی بێت ، ئەوەی وەك مەتەڵ دەمێنێتەوە دوو شتە : یەكەمیان بەریتانیایە كە هیچی لێ تێناگەن، و دووەمیشیان خەڵكی سوریان كە هەروەكو لە خەوێكی موگناتیسی هەڵسابنەوە نازانن چی بوو چی نەبوو،هەروەكو عێراقی لای خۆمان. .