Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 12:17

بەس ماڵمان تێکنەچێت!!

ئەو کەسانەی قوربانی زۆریان داوە و خزمەتی کەم کراون، ئەوانە دەتوانن باشترین تەعبیر لەواقیعی سیاسی ئێستای کوردستان بکەن
غازی حەسەن
#7
100%

یەکێک لەو باسە گرنگانەی ئەمڕۆ لەنێو خەڵکدا هەیە، خراپی دۆخی دارایی و سیاسیی هەرێمی کوردستانە، لەگەلێک شوێن و کاتدا مرۆڤ دەبێت لەدەرفێکی گونجاودا بگەڕێت، تاکو باسی بارودۆخی سیاسی بکرێت. لە هەرێمی کوردستاندا خەڵک پڕە، چونکە دۆخەکە هێندە ئاڵۆزێندراوە، کارێکی سەختە لەنێو روناکی کوژیدا، باسی مەسەڵە رۆشنکەرەوەکان بکەیت.

خەڵک بەشێوەیەکی گشتی پڕە، رەخنەی هەیە، توڕەیە، ناڕازییە، ئەوانیش دابەشی سەر دوو گروپ بوون. گروپی یەکەم هێرشبەری تێکدەری روخێنەرە، رەخنە و گوتارەکانیان هێزێکی حزبی سیاسی لەپشتە، یان لەژێر کاریگەری رەتکردنەوە و داهێزران دایە، هەندێکیان خۆڕسکە و هەندێکیشتان رێکخراوە و حزبە سیاسییەکان بە ئامانجی تێکدان بەکاریان دەهێنێت. گروپی دووەم دڵسۆزانە رەخنە دەگرن، دڵیان بەم دۆخە توندە، نایانەوێت کوردستان بەلاوازیی و ناخۆشی و دابەشبوون و لەتبوون و رکابەری خراپی حزبەکان ببینن. ئەوانە لەگەڵ رەخنەگرتن بەدوای گوتاری چارەسەر و  دەربازبوون بەسەلامەتی لەدۆخە سەختەکەدا دەگەڕێن.

گەڕان و  گوێگرتن لەخەڵک دەبێت پڕۆسەیەکەی بەردەوام بێت، ئەو کەسانەی قوربانی زۆریان داوە و خزمەتی کەم کراون، ئەوانە دەتوانن باشترین تەعبیر لەواقیعی سیاسی ئێستای کوردستان بکەن، چونکە هێشتا پاک و دەستپاکن، هێشتا ویژدانیان زیندووە، بیرکردنەوە و پێوانەی کار لای ئەوان وابەستەیە بەخزمەتی نیشتیمان و پێشکەوتنی وڵات، بڕیاریان پەیوەستە بەئارامی و ئاسایش و مانەوەی کورد لەسەر پێی خۆی. بەشێکی زۆری ئەو کەسانە قوربانی زۆریان لەپێناو رزگاریی و ئازادی کوردستان پێشكەش کردووە، پێچەوانەی ئەوانەی زۆرترین سودیان وەرکردووە و کەمترین قوربانیان داوە. ئەوانەی قوربانیان داوە ویژدانیان هێشتا زیندووە، تەنیا یەک داوا و خواست و ئومێدیان هەیە، ئەویش بریتییە لەوەی " ماڵەکەیان لێکنەچێت"، ماڵی ئەو خەڵکە یەکسانە بەنیشتیمان، کە دەڵێن ماڵمان لێ تێکنەدرێت، مەبەستیان تێکنەچوونی کوردستانە، پاراستنی ئەوەی هەمانە، دەربازکردنی هەرێمە لەقەیرانەکان.

ئەو خەڵکەی هیوا بۆ بەردەوامیی هەرێمی کوردستان دەخوازێت، هیچ بەرژەوەندییەکی کەسی لەنێو گوتارەکەیدا نییە، تەنیا بەرژەوەندییەک، کە هەیبێت، یەکبوونی گوتار سیاسی و کارکردنی هاوبەشی لایەنە سیاسییەکانە، بایەخدانە بەخزمەتگوزاری گشتی، ئامانجیان پاراستنی ئاسایش و نەبوونی شەڕ و گوێگرتن لەخواستەکانیانە. ئەو خەڵکەی، کە هێشتا هیوایان لەدڵدا ماوە، مێشکیان پڕاو پڕە لەخەونی رەنگاوڕەنگ. دەیانەوێت سەرکردایەتی سیاسی، سەرکردایەتی حزبە سیاسییەکان گوێیان لێبگرن، لەدەرگاکانیان بدەن، نوێنەرەکانیان هەر تەنیا بۆ یەکجار لەدەرگایان نەدەن، بەلکو بەردەوامی بەدیدار و سەردانەکانیان بدەن، بەردەوامی بەگوێگرتن لەخواستەکانیان بدەن، بەردەوامی بەپاراستنی ماڵەکانیان بدەن.

منیش وەکو ئەو خەڵکە نامەوێت ماڵمان لێ تێکبچێت، ماڵی منیش وەکو ئەو خەڵکە "کوردستانە"، منیش نامەوێت هیودای ئەو خەڵکە بکوژرێت.. ئەوەی گوێ لەم خەڵکە بگرێت، دەزانێت، نیشتیمانەکان هێشتا هێزێکی زۆری تێدایە و کوردستان ناکەوێت، بۆیە دەتوانێت بەردەوام بێت، ئەگەر هیوا کوژەکان لێی گەڕێن.

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.