سەرۆك بارزانی: ئەگەر پارتی نەبا ئێستا نە هەرێم دەما و نە شکۆیەک بۆ گەلەکەمان دەمایەوە

پارتی لەپێناو پاراستن و بەختەوەریی گەلەکەماندا قوربانی داوە

سه‌رۆك بارزانی، ڕۆڵی کادیرانی پارتی بەرز نرخاند کە بە خۆڕاگری و بڕوابەخۆبوونەوە لەکاتی تەنگانەدا لەسەنگەری پاراستنی کوردستاندان و ئەگەر پارتی نەبا ئێستا نە هەرێم دەما و نە شکۆیەک بۆ گەلەکەمان دەمایەوە.

سەرۆك بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی لق و ناوچەکانی سنووری دهۆک و مووسڵ و هەرسێ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەولێر، (کەرکووک – گەرمیان)، (سلێمانی – هەڵەبجە) كۆبۆوە.

ڕۆژی دووشەممە 9ـی9ـی2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی لق و ناوچەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری پارێزگاکانی دهۆک و مووسڵ و هەر سێ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەولێر، (کەرکووک – گەرمیان)، (سلێمانی – هەڵەبجە)، كۆبۆوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و قۆناغی دوای ڕیفراندۆم و هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پارلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم.

سەرۆک بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆڵی ئەندام و کادیرانی پارتی دەربڕی کە سەرباری هەموو گرفتەكان و ئەو هەموو پیلانگێڕییەی دژی پارتی لە ئارادا بوو، بەڵام بە هیمەت و خۆڕاگریی ئەندام و لایەنگرانی پارتی، پارتی لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان بووە بە حزبی ژمارە یەك.

هەروەها ڕۆڵی کادیرانی پارتی بەرز نرخاند کە بە خۆڕاگری و بڕوابەخۆبوونەوە لەکاتی تەنگانەدا لەسەنگەری پاراستنی کوردستاندان و ئەگەر پارتی نەبا ئێستا نە هەرێم دەما و نە شکۆیەک بۆ گەلەکەمان دەمایەوە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە شەڕی تیرۆریستان و شەڕی بەرگری لە كەرامەت و خاكی نیشتیمان و ڕایگەیاند ئێمە هەموومان قەرزاری پێشمەرگەین، چونكە پێشمەرگە هەموو هاوكێشەكانی گۆڕی و كوردستانی پاراست.

سەرۆک بارزانی جەختیی کردەوە، پارتی لەکاتێکدا لەدایک بوو کە گەلەکەمان لە نائومێدییەکی گەورەدا بوو، پارتی بووە ئومێد و هیوای گەل و لەو ڕۆژەوە پارتی خاوەن ئامانجێکی ستراتیژییە هیچ پاشەکشەیەکیش لەو ئامانجە ستراتیژییە ناکەین، بۆیە پارتی هەمیشە لەپێناو پاراستن و بەختەوەریی گەلەکەماندا قوربانی داوە و هەرگیزیش لە بەرپرسیارێتی ڕاناکەین.

سەرۆک بارزانی هەروەها ڕایگەیاند کە ئەو دوو سەرکەوتنەی پارتی لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان وەدەستی هێنا، پاداشتی گەلی کوردستان بوو بۆ هەڵوێستە نەگۆڕ و ستراتیژییەکانی پارتی و بەرگرییکردنمان لە کوردستان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە ڕەوشی ژیانی کادیرانی پارتی و ئەو سەختییانە درا کە بەرەوڕوویان دەبێتەوە و بە تێروتەسەلی باسی ئەو هەنگاوانە کرا کە دەبنە هۆی بەرەوپێش بردنی کاروباری پارتی و باشترکردنی ژیانی کادیران.

لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و رەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا گفتوگۆ و دانوستان هەیە و هەنگاوی باش چوونەتە پێش و ئومێد دەکەین هەموو کێشەکان بەدیالۆگ چارەسەر بکرێن، بەتایبەتی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا دەرگەی گفتوگۆ و پرسیار كرایەوە و سەرۆك بارزانی وەڵامی پرسیار و تێبینی و پێشنیاری ئامادەبووانی دایەوە.

serok-barzani_k_kaderani_pdk.jpg
serok-barzani_k_pdk.jpg