سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق: پاره‌ی زۆر له پرۆژه وه‌ستاوه‌كاندا به‌فیڕۆچووه
عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق جه‌خت له گرنگی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی و ئه‌نجامدانی چاكسازی ئابوری و چاره‌سه‌ركردنی كێشه داراییه‌كان ده‌كات گوتیشی: پاره‌ی زۆر له پرۆژه وه‌ستاوه‌كاندا به‌فیڕۆچووه.
عادل عه‌بدولمه‌هدی له میانه‌ی سه‌رۆكایه‌تیكردنی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی لێژنه‌ی ئاماده‌كردنی پڕۆژه یاسای بودجه‌ی ساڵی 2020دا گوتی: بودجه ته‌نیا ژماره نییه و هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك له بودجه‌دا كێشه بۆ به‌ره‌وپێشچوونی كه‌رته‌كانی ئابووری، ته‌ندروسی، فێركاری و بواره‌كانی دیكه‌ش دروست ده‌كات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئێمه كار بۆ دیاریكردنی بودجه‌یه‌ك ده‌كه‌ین، كه له توانایدا بێت به‌شێوه‌یه‌كی كرداری راست و ره‌وان ئابوری وڵات ئیداره بدات و داهاته نانه‌وتییه‌كانیش زیاد بكات، هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی چاكسازی جدی و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پێویست بۆ سه‌رجه‌م كێشه داراییه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان به گیانێكی نیشتیمانی و دادپه‌روه‌رانه.
عه‌بدولمه‌هدی ده‌ڵێت: له میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌موو ئه‌و پڕۆژانه خراونه‌ته روو، كه بوونه‌ته هۆی به‌هه‌ده‌ردانی سامانێكی زۆر و له‌باربردنی ده‌رفه‌تی كار و بووه‌ته بێكارییه‌كی فراوانی به‌دوای خۆیدا هێناون، هه‌روه‌ها ئه‌و پڕۆژانه‌ش خراونه‌ته روو، كه پێشتر په‌كیان كه‌وتبوو و ئێستا ده‌ستیان به كاره‌كانیان كردووه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها چه‌ند پرسێكی ئابووری، دارایی و وه‌به‌رهێنانی په‌یوه‌ندیداریش به وردی تاوتوێ كران.
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی چاودێریكردن و لێپرسینه‌وه بۆ ئه‌دای كاره‌كان و جێبه‌جێكردنیان كردووه‌ته‌وه و پێداگیریشی له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به كۆبوونه‌وه‌كانی لیژنه‌ی بودجه بۆ په‌له‌كردن له ئاماده‌كردنی پڕۆژه یاسای بودجه و پێشكه‌شكردنی به ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له نزیكترین كاتدا كردووه‌ته‌وه.