پێكدادان له‌نێوان خۆپیشانده‌رانی سودان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ڕوویدا و 188 كه‌س بونه‌ قوربانى

خۆپیشاندانى یه‌ك ملیۆنى به‌رێوه‌چوو


وەزارەتی تەندروستی سوودان، نوێترین ئاماری سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانە بڵاوکردەوە کە دوێنێ یەکشەممە لە میانی رووبەڕوو و پێکدادانەکانی نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکاندا، کوژران و برینداربوون.

دوێنێ یەکشەممە لەسەر داواکاری ھێزەکانی رایگەیاندنی ئازادی و گۆڕان خۆپیشاندانی جەماوەریی گەورە لە زۆربەی شارەکانی سوودان بەڕێوەچوو و لە میانیاندا رووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکاندا روویدا.

ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی سوودان بڵاویکردەوە، بریکاری وەزارەتی تەندروستی، سلێمان عەبدولجەبار رایگەیاندووە، بەپێی ئەوەی تۆمارکراوە لە رووبەڕووبوونەوە و پێکدادانەکانی نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکاندا، حەوت خۆپیشاندەر کوژراون و ١٧١ خۆپیشاندەر و ١٠ کارمەندی ئەمنی برینداربوون.

لای خۆیەوە لیژنەی پزیشکان لە سوودان بڵاویکردەوە کە زۆرترین قوربانی لە شاری ئوم دورمان رۆژئاوای خەرتوم تۆمارکراوە کە ژمارەیان ٥٨ کەس بووە.

لیژنەکە ئاماژەی بەوەشداوە کە لە رووبەڕووبوونەوە و پێکدادانەکاندا، ھێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژ و گولـلەی راستەقینەیان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەکارھێناوە.