ماكبێس

ماكبێس له‌م تێكسته‌ پیاوكوژێكی ئاسایی و تاوانبارێكی قێزه‌وه‌ن نییه‌

ماكبێس خه‌وی كوشت:

یه‌كێك له‌ گرنگترین بنه‌ما ھزری و فه‌لسه‌فیه‌كانی تێكستی ماكبێس كه‌ نووسه‌ری گه‌وره‌ی ئینگلیزی ولیه‌م شكسپیر نوسیه‌تی، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تاوان سوودی نییه‌، تاوان مرۆڤ به‌ مه‌به‌ست ناگه‌یه‌نێت، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر كه‌سی تاوانكار نه‌جیبزاده‌و سوارچاك بێت، ماكبێس سه‌ركرده‌یه‌كی جه‌نگی قاره‌مان و ئازاو لێھاتووه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ سوارچاكه‌كانی پادشای سكۆتڵاند، ئه‌م سوارچاكه‌ پێگه‌و پایه‌كی زۆر به‌رزو مه‌زنی لای پادشای وڵات پادشا (ده‌نكان) ھه‌یه‌، پاشئه‌وه‌ی له‌ شه‌رَێكی گه‌وره‌دا ئینگلیزه‌كان ده‌به‌زێنێت، ئینگلیزه‌كان دوژمنه‌ ھه‌میشه‌یی و به‌رده‌وامه‌كه‌ی سكۆتڵاند، له‌ رێگای گه‌ڕانه‌وه‌ی تووشی سێ ژنه‌ جادووكه‌ر ده‌بێت و مزگێنی ئه‌وه‌ی پێده‌ده‌ن كه‌ ده‌بێته‌ میری كۆده‌رو له‌ داھاتووشدا ده‌بێته‌ پادشای وڵات.

ماكبێس بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ھه‌واڵه‌ خۆشه‌ به‌ ژنه‌كه‌ی لێدی ماكبێس بدات، پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ نامه‌یه‌ك بۆ لێدی ده‌نووسێت و تیاییدا ھه‌واڵی سه‌ركه‌وتنی شه‌ڕو پێشبینی بوون به‌ میری كۆده‌رو پادشای داھاتووی وڵات به‌ لێدی ده‌گه‌یه‌نێت، لێدیش زووتر ھه‌وه‌سی ئه‌وه‌ی ھه‌بووه‌ ببێته‌ شاژن، پاش ئه‌م نامه‌یه‌ ئیتر كه‌له‌كه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ری كه‌ پیلانێك بۆ كوشتنی پادشا ده‌نكان دابنێت و ماكبێس ببێ به‌ پادشا و خۆشی به‌ شاژن، ئیتر له‌ژێر فشاری لێدی، ماكبێس پادشا ده‌كوژێت و دواتر خوێن خوێنی زیاترو كوشتن كوشتنی زۆرتر به‌دوای خۆییدا دێنێت و تا به‌ كوشتنی ماكبێس خۆی چیرۆكه‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت.

لێره‌دا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆچی ماكبێس به‌ كوشتنی پادشا ده‌نكان تووشی ئه‌و گێژاوه‌ ده‌روونییه‌ سه‌خته‌ ده‌بێت، ماكبێس ئه‌و شه‌ڕكه‌ره‌ی كه‌ ده‌یان و سه‌دان كه‌سی به‌زه‌بری شمشێره‌كه‌ی كوشتووه‌و ھه‌میشه‌ خوێن له‌ شمشێره‌كه‌ی ده‌چۆڕێت، بۆچی به‌ كوشتنی پادشا ھه‌موو كیان و بونیادی ده‌كه‌وێته‌ له‌رزین و گومان، یه‌كه‌م رسته‌ش دوای كوشتنی ده‌نكان مێشك و كاسه‌ی پڕ ده‌كات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ "ماكبێس خه‌وی كوشت، ئیتر نابێت ماكبێس بنووێت"، ئه‌م رسته‌یه‌ ھه‌ڵگری فه‌لسه‌فه‌ی بنه‌ڕه‌تی ئه‌م تێكسته‌یه‌و ھه‌موو تێكسته‌كه‌ وه‌ك بونیادی ھزری و فه‌لسه‌فی و درامی له‌سه‌ر ئه‌و رسته‌یه‌ بونیادنراوه‌، ماكبێس خه‌وی كوشت.

ماكبێس له‌م تێكسته‌ پیاوكوژێكی ئاسایی و تاوانبارێكی قێزه‌وه‌ن نییه‌، ماكبێس سوارچاكێكه‌ شانازی به‌ سوارچاكی خۆی ده‌كات، یه‌كێك له‌ سیماكانی سوارچاكی له‌و سه‌رده‌مه‌ش شه‌ڕه‌فمه‌ندی و شكۆمه‌ندی بووه‌، سوارچاك نه‌وه‌كو دۆسته‌كه‌ی و ھاوپه‌یمانه‌كه‌ی، ته‌نانه‌ت شه‌ڕه‌ف و شكۆ رێگه‌ی پێناده‌ن دوژمنه‌كه‌شی له‌ كاتی خه‌ودا بكوژێت، سوارچاك ھه‌میشه‌ ده‌رفه‌ت به‌ دوژمنه‌كه‌ی ده‌دات تا ھه‌لی ھاوتای ھه‌بێت و بتوانێت به‌رگری له‌ خۆی بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ی دوژمنه‌كه‌ی چه‌كی پێ نییه‌، شه‌ڕی له‌گه‌ل ناكات و نایكوژێت تا چه‌كێكی شه‌ڕكردنی پێنه‌بێت تا ده‌رفه‌تی ته‌واوی به‌گریكردنی ھه‌بێت و شه‌ڕه‌فمه‌ندانه‌ شه‌ڕبكات، ئه‌م جۆره‌ شه‌ڕه‌ سوارچاك ناكاته‌ پیاوكوژ و كوشتنێكه‌ كه‌ شكۆو سه‌ربه‌رزی پێگه‌ی سوارچاك ده‌پارێزێت.

ماكبێس نه‌وه‌كو ھه‌ر سوارچاكێكی ئاسایی نییه‌ به‌ڵكو قاره‌مانێكی نمونه‌یی جه‌نگه‌و شه‌ڕه‌فی ئه‌وه‌ی ھه‌یه‌ كه‌ به‌رگری له‌ وڵاته‌كه‌ی ده‌كات و دوژمنانی وڵاته‌كه‌ی تێكده‌شكێنێت، له‌مه‌ش زیاتر جێگه‌ی متمانه‌و باوه‌ڕی پادشای وڵاته‌ كه‌ پێزانینی زۆری بۆ قاره‌مانێتی ماكبێس ھه‌یه‌و پێش ئه‌وه‌ی بگاته‌وه‌ ناوشار ھه‌واڵی به‌رزكردنه‌وه‌ی پێگه‌و پایه‌ی پێده‌گات كه‌ پادشا كردویه‌تی به‌ میری كۆده‌ر، ئه‌م پێگه‌یه‌ش گه‌وره‌ترین پێگه‌یه‌ له‌ دوای پادشایه‌تی، ھه‌ر بۆیه‌ بۆ سوارچاكێكی وه‌ك ماكبێس ئه‌گه‌رچی حه‌زو خه‌ونی ده‌سه‌ڵات و پێگه‌و پایه‌ی ھه‌یه‌، به‌ڵام كوشتنی پادشا ده‌نكان به‌مشێوه‌یه‌ و له‌خه‌ودا، له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆشیدا، تاوانێكی قێزه‌ونی گه‌وره‌یه‌و ھه‌رگیز شایسته‌ی پێگه‌ی سوارچاكێك نییه‌، به‌ تایبه‌تیش كه‌ پادشا دووجار متمانه‌ی به‌ ماكبێس ھه‌یه‌، جارێك وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی قاره‌مانی جه‌نگ و فه‌رمانده‌ی له‌شكر، جارێكیش وه‌ك خزمێكی نزیكی ماكبێس، كه‌ ئاماده‌یه‌ شه‌و له‌ ماڵه‌كه‌ی ئه‌ودا دوور له‌ چاوی پاسه‌وانه‌كان بخه‌وێت.

كه‌واته‌ ململانێ و به‌ركه‌وتنی ماكبێس له‌ دیمه‌نی پێش كوشتنی پادشا و دیمه‌نی دوای كوشتنی پادشا، په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ كوشتن و خوێنڕشتن وه‌ك پرۆسه‌یه‌ك، به‌ڵكو ململانێه‌كه‌ له‌نێو ناخی ماكبێسدایه‌، له‌نێوان شه‌ڕه‌ف و خیانه‌ت، سوارچاكی و بووده‌ڵه‌یی، ماكبێس نایه‌وێت وه‌ك بووده‌ڵه‌یه‌ك خه‌ڵك بكوژێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و كوشتنه‌ ده‌روازه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ر ته‌ختی پادشایه‌تی بێت، ئه‌و خه‌ونه‌ی كه‌ دوای مژده‌به‌خشینی جادووكه‌ره‌كان لای ماكبێس گه‌وره‌تر و نزیكتر ده‌بێت، بۆیه‌ ماكبێس له‌ دیمه‌نی پێش كوشتنی پادشا، شه‌ڕی گه‌وره‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و پیاوكوژه‌ی نێو ناخی ده‌سته‌مۆ بكات و نه‌ھێلێت له‌ ماڵه‌كه‌ی ئه‌ودا زه‌فه‌ر به‌ پادشا ببات، به‌ڵام خۆشه‌ویستی ماكبێس بۆ لێدی و خه‌ونی بوون به‌ پادشایی، واده‌كات له‌ خشته‌ببرێت و دوای ئاره‌زووی ئه‌و كوشتنه‌ قێزه‌ونه‌ بكه‌وێت، ئه‌و كوشتنه‌ی كه‌ له‌یه‌كه‌م خه‌نجه‌ر وه‌شاندندا، په‌شیمانی ناخی ده‌خوات و ده‌یه‌وێت لێی رابكات، بۆیه‌ كاتێ دوای كوشتنه‌كه‌ گوێی له‌ ده‌نگی زه‌نگی كڵیساكان ده‌بێت، ھیوای ئه‌وه‌ ده‌خوازێت كه‌ ئه‌و ده‌نگه‌ پادشا به‌خه‌به‌ربێنیته‌وه‌و زیندووی بكاته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی پادشا نوستوو بێت نه‌وه‌كو مردوو، لێره‌دا ماكبێس وه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ وایه‌ كه‌ له‌ خه‌وێكی ناخۆش به‌ئاگاھاتبێت و ھیواده‌خوازێت كه‌ ئه‌وه‌ی روویداوه‌ ته‌نھا خه‌وێك بووبێت و ھیچی تر، ئیتر چۆن زه‌نگه‌كان ئه‌ویان به‌ ئاگاھێناوه‌، ھیواده‌خوازێت پادشا ده‌نكانیش به‌ ئاگابێنێت، به‌ڵام وه‌ك دكتۆر فازیل سودانی له‌ كتێبه‌كه‌ی(توندوتیژی و فه‌وزای رێكخراو له‌ شانۆی شكسپیر) باس ده‌كات، ھه‌میشه‌ پاڵه‌وانه‌كانی شكسپیر دوای كاره‌ساته‌كان به‌ ئاگادێن، دوای ئه‌وه‌ی ھیچ ھه‌ڵبژارده‌یه‌كیان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌.

ktv

"ماكبێس خه‌وی كوشت، ماكبێس نابێت بنوێت"، ئیتر ئه‌م رسته‌یه‌ ده‌بێته‌ مانشێتی ژیانی داھاتووی ماكبێس، له‌یه‌كه‌م خه‌نجه‌روه‌شاندندا ماكبێس دڵنه‌وایی و متمانه‌ ده‌كوژێت و ترس و گومان دروست ده‌كات، یه‌كه‌م دلۆپه‌ خوێنی ده‌نكان كه‌ به‌ده‌ست و په‌نجه‌یه‌وه‌ ده‌نووسێت، ده‌بێته‌ ده‌روازه‌ی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای دۆزه‌خ به‌ڕووی ماكبێسدا، ئیتر كاره‌كته‌رێك نامێنێت به‌ ناوی ماكبێسی سوارچاك، ئه‌وه‌ی دوای ئه‌وه‌ ده‌بینرێت ماكبێسی پیاوكوژو خیانه‌تكارو ترسنۆكه‌، ئه‌و پیاوكوژه‌ی كه‌ ترسی له‌ خودی سێبه‌ره‌كه‌ی خۆی ھه‌یه‌و ده‌یه‌وێت ھه‌موو كه‌سه‌ نزیكه‌كانی له‌ناو ببات تا كورسی ده‌سه‌ڵات بپارێزێت، ئه‌و كورسییه‌ی كه‌ نرخه‌كه‌ی ئاگایی و نه‌خه‌وتنه‌، ئیتر شه‌ڕه‌ف و شكۆمه‌ندی و دڵنه‌وایی بوونی نامێنێت و ترس و خیانه‌ت و بووده‌ڵه‌یی و گومان جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه‌، ماكبێس له‌ سه‌ركرده‌یه‌كی قاره‌مان و خۆشه‌ویست و جێگه‌ی متمانه‌، ده‌گۆڕێت بۆ پادشایه‌كی خوێنڕێژ و سته‌مكارو ترسنۆك، له‌ كه‌سێكی ئارام و دڵنیاو خۆشگوزه‌ران، ده‌بێته‌ كه‌سێكی شپڕه‌زه‌و شێواو و به‌دبه‌خت، كه‌سێك كه‌ ھه‌رگیز ناتوانێت جارێكی تری ئاسووده‌یی و دڵنه‌وایی به‌ده‌ستبێنێته‌وه‌و ھه‌موو ئیمتیازو شكۆمه‌ندییه‌ ساخته‌كانی پادشایه‌تی و كورسی ده‌سه‌ڵات، ناتوانێت ھه‌ستی بووده‌ڵه‌یی و ترسنۆكی و نائارامی له‌ناخیدا بسڕێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ھیچ جۆره‌ خۆشه‌ویستی و حه‌زێكی تیا نامێنێت، بۆیه‌ كاتێ ھه‌واڵی مردنی لێدی پێڕاده‌گه‌یه‌نن، ھیچ كاردانه‌وه‌و حه‌سره‌تێكی نییه‌، چونكه‌ ئیتر ئه‌و ناتوانێت كه‌سی خۆشبووێت و بیر له‌ چاره‌نووسی كه‌سیتر بكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر نزیكترین و خۆشه‌ویسترین كه‌سیشی بووبێت، ئه‌و ھه‌میشه‌ رووی له‌ جادووكه‌ره‌كانه‌ ئاخۆ داھاتووی چییه‌ و كێ ده‌توانێت له‌ناوی ببات و كه‌ی له‌ناو ده‌چێت، كاتێكیش ده‌كه‌وێته‌ نێو ته‌له‌كه‌ی پێشبینی جادووكه‌ره‌كان و پێیده‌ڵێن كه‌ تۆ ده‌مێنیته‌وه‌ تا دارستانی بێرنام له‌ شوێنی خۆی ده‌جولێت و ھیچ كه‌سێك ناتوانێت تۆ بكوژێت كه‌ له‌ دامێنی ژنێك كه‌وتبێته‌وه‌، ئه‌م دوو پێشبینییه‌ جۆرێك له‌ بوغرابوون و دڵنه‌واییه‌كی ساخته‌ی پێده‌به‌خشن، چونكه‌ ھه‌رگیز ناتوانێت وێنای ئه‌وه‌ بكات كه‌ دارستانی بێرنام جوله‌ بكات و كه‌سێك ھه‌بێت كه‌ له‌ دامێنی ژنێكه‌وه‌ نه‌كه‌وتبێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئاماژه‌ی پێبكه‌ین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ماكبێس ھیچ كاتێك كه‌سێكی خاوه‌ن ئیڕاده‌و ویستی خۆی نییه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ھه‌میشه‌ ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ له‌ لایه‌ن ئه‌وانیتره‌وه‌ ده‌جولێندرێت، سه‌ره‌تا له‌ لایه‌ن لێدی و دواتر له‌ لایه‌ن جادوكه‌ره‌كانه‌وه‌، ئه‌م ره‌ھه‌نده‌ش له‌ كاره‌كته‌ری ماكبێس به‌شێوه‌ی به‌رچاو له‌لایه‌ن ده‌رھێنه‌ره‌وه‌ كاری له‌سه‌ر كرابوو كه‌ دواتر له‌ به‌شه‌كانی تر ھه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌م.

لێدی ماكبێس:

لێدی ماكبێس یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ شكسپیریانه‌ی كه‌ پێگه‌یه‌ی درامی گه‌وره‌ی ھه‌یه‌و كاره‌كته‌رێكی گرنگی شانۆیی ماكبێسه‌، ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ له‌ڕووی درامییه‌وه‌ ھاوتاو ھاوشانی ماكبێسه‌و بۆته‌ به‌شێك له‌ كه‌له‌پووری شكسپیرو وه‌ك نمونه‌ی ژنێكی پاوانخواز و فریوده‌رو ده‌سه‌ڵاتخواز و شه‌ڕانگێز ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرێت، ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ی كاره‌كته‌ری ماكبێسه‌، لێدی ھیچ جۆره‌ ئیعتبارێكی بۆ شه‌ڕه‌ف و شكۆمه‌ندی نییه‌و ھه‌موو فاكته‌رێك به‌ حه‌ڵال ده‌زانێت بۆ به‌ده‌ستھێنانی ئاوات و خه‌ونه‌كانی، ته‌نانه‌ت خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی بۆ ماكبێس جگه‌ له‌ فاكته‌رێكی فشار بۆسه‌ر ماكبێس بۆ ئه‌وه‌ی تاوانی كوشتنی پادشا ئه‌نجام بدات، ھیچ جۆره‌ سۆزو موحیبه‌تێكی ئاده‌میانه‌ی تیادا ناخوێندرێته‌وه‌.

ktv

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌م شانۆییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شكسپیر كاری له‌سه‌ر یه‌ك ھێلی درامی سه‌ره‌كی كردووه‌و ھیچ جۆره‌ ھێلی لاوه‌كی و چیرۆكی لاوه‌كی بۆ ھێله‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ دروستنه‌كردووه‌، ماكبێس كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی و دروستكه‌ری سه‌ره‌كی رووداوه‌و ھه‌موو كاره‌كته‌ره‌كانیش له‌ بازنه‌ی وجودی ماكبێس بوونیان ھه‌یه‌و چیرۆكی تایبه‌تییان نییه‌، ته‌نانه‌ت لێدی ماكبێس بوونی له‌م شانۆییه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ بوونی كاره‌كته‌ری ماكبێسه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی لێدی كاره‌كته‌رێكی زۆر گرنگه‌ و له‌ڕووی بونیادو كاریگه‌رییه‌وه‌ ھاوتای ماكبێسه‌ چونكه‌ یه‌كه‌م ھه‌نگاوی به‌پیاوكوژكردنی ماكبێس له‌لای لێدی ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام له‌گه‌ل ئه‌وه‌ش لێدی وه‌ك كاره‌كته‌رێك له‌ رووبه‌رێكی جیاواز له‌ ماكبێس ھیچ جۆره‌ ره‌ھه‌ندو فه‌زایه‌كی وه‌رنه‌گرتووه‌و چیرۆكێكی جیاوازی نییه‌ تا روونبێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ژنه‌ ئه‌وه‌نده‌ تامه‌زرۆی ده‌سه‌ڵات و شاژنبوونه‌، ته‌نانه‌ت كاتێ به‌ ماكبێس ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر پادشا له‌ خه‌ودا شێوه‌ی باوكی ئه‌وی نه‌بووایه‌ به‌ده‌ستی خۆی ده‌یكوشت، ئێمه‌ نازانین كاریگه‌ری كاره‌كته‌ری باوك له‌ ژیانی لێدی چییه‌، ئایا باوكێكی میھره‌بان و خۆشه‌ویست بووه‌ بۆیه‌ لێدی ده‌ستی ناچێته‌ كوشتنی پادشا چونكه‌ له‌ خه‌ودا شێوه‌ی باوكی ده‌كات، یا باوكی شه‌ڕانگێزو خراپه‌كارو تووندوتیژ بووه‌و لێدی له‌ كاتی خه‌ویشدا ناتوانێت جورئه‌تی كوشتنی بكات، ئه‌مانه‌ ھه‌موو واده‌كه‌ن كاره‌كته‌ری لێدی زۆر به‌ ناڕوونی و ھه‌ڵگری شڕۆڤه‌و لێكدانه‌وه‌ی جیاواز بمێنێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت دوای كوشتنی پادشا ئێمه‌ تێناگه‌ین بۆ لێدی ھه‌میشه‌ ھه‌ست به‌و په‌له‌ خوێنانه‌ ده‌كات كه‌ ھه‌ست ده‌كات به‌سه‌ر ده‌ستییه‌وه‌ن لێی نابێته‌وه‌، ئایا ئه‌وه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لێدی پێش ئه‌م تاوانه‌ ژنێكی خراپه‌كارو تاوانكار نه‌بووه‌، بۆیه‌ ئێستا ناتوانێت له‌گه‌ل ھه‌سته‌وه‌ری تاوانبار بوون بژیێت و ھه‌میشه‌ ھه‌ست به‌وه‌ ده‌كات په‌له‌ خوێنێك به‌سه‌ر ده‌سته‌كانیه‌وه‌یه‌، ئه‌م ھه‌سته‌وه‌ره‌ بۆ ماكبێس كارێكی ئاساییه‌، به‌ڵام بۆ لێدی كه‌ ھه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وه‌ك كاره‌كته‌رێكی شه‌ڕانگێزو خراپه‌كار ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌م ھه‌ستكردنه‌ مایه‌ی تێڕامان و دروستكردنی چه‌ندین پرسیاری جۆراو جۆره‌ كه‌ شكسپیر وه‌ك نووسه‌رێك به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك یارمه‌تیمان نادات لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكه‌ین، به‌ڵكو ئه‌م كاره‌ بۆ خه‌یاڵكردن و شڕۆڤه‌كردن و لێكدانه‌وه‌ی جیاوازو ته‌بای ئێمه‌ به‌جێماوه‌.

گرنگه‌ لێره‌دا تێبگه‌ین ئه‌و ھه‌ستكردنه‌ی لێدی به‌و په‌له‌ خوێنانه‌ ته‌واو جیاوازه‌ له‌و ھه‌سته‌ی دوای كوشتنی ده‌نكان لای ماكبێس دروست ده‌بێت، ماكبێس ده‌زانێت به‌ كوشتنی ده‌نكان ده‌رگای جه‌ھه‌نه‌می كرده‌وه‌و ئه‌و پیاوكوژه‌ی نێو ناخی ئازاد كرد كه‌ له‌ دیمه‌نه‌كانی پێش كوشتنی ده‌نكان ھه‌میشه‌ له‌بیری ئه‌وه‌دایه‌ رێگه‌ به‌ ئازادبوونی ئه‌و بكوژه‌ی ناخی نه‌دات، به‌و واتایه‌ی كوشتنی ده‌نكان لای ماكبێس سه‌ره‌تای به‌ ئاگابوونی پاڵه‌وانه‌ له‌و كه‌وتنه‌ تراژیدییه‌ی كه‌ پاڵه‌وان له‌م تێكسته‌ تیاییدا ده‌كه‌وێت، كه‌وتنێك ئیتر ھیچ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ھه‌ڵسانه‌وه‌ی ھه‌ڵنه‌گرتووه‌، به‌ڵام ترسی لێدی له‌و په‌له‌ خوێنانه‌ی سه‌رده‌ستی ترسه‌ له‌ سزا، ئه‌و ده‌یه‌وێت ئه‌و په‌له‌ خوێنانه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی پاكبكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سزا ده‌رباز بێت، لێره‌دا روونه‌ لێدی ترسێكی گه‌وره‌ی له‌ سزادان ھه‌یه‌، ره‌نگه‌ ئه‌م ترسه‌ش په‌یوه‌ست بێت به‌و یاده‌وه‌رییانه‌ی باوك كه‌ لێدی ھه‌ڵیگرتووه‌، بۆیه‌ لێره‌دا به‌و قه‌ناعه‌ته‌ ده‌گه‌ین كه‌ په‌یوه‌ندی نێوان لێدی و باوك په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی نه‌بووه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندییه‌كه‌ له‌سه‌ر ترس و سزا بونیادنراوه‌، بۆیه‌ لێدی له‌ خه‌ویشدا جورئه‌تی كوشتنی باوكی نییه‌، چونكه‌ ترسێكی زۆری له‌ سزا ھه‌یه‌، كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌م ترسه‌ ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ سه‌خته‌ بێت كه‌ لێدی له‌ مناڵیه‌وه‌ ھه‌ڵیگرتووه‌، بۆیه‌ له‌م شانۆییه‌ لێدی پێشئه‌وه‌ی بكه‌وێته‌ به‌ر مه‌ڕحه‌مه‌تی سزادان و تۆڵه‌ كۆتایی به‌ ژیانی خۆی دێنێت و جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نییه‌ چاوه‌ڕێی سزای تاوانه‌كه‌ی بكات و رووبه‌ڕووی سزادان بێته‌وه‌.

خاڵێكی تر كه‌ ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ی پێبكه‌م، جۆری ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یه‌ كه‌ لێدی و ماكبێس به‌یه‌كه‌وه‌ گرێده‌دات، ئه‌گه‌ر به‌ووردی دیقه‌ت بده‌ین ده‌بینین لێدی به‌ ته‌واوی كۆنتڕۆڵی كاره‌كته‌ری ماكبێسی كردووه‌و ده‌توانێت به‌ ئاره‌زووی خۆی بیجولێنێت، ماكبێس به‌رامبه‌ر لێدی ئه‌و سوارچاكه‌ قاره‌مانه‌ نییه‌ كه‌ توانای تۆقاندنی دوژمنی ھه‌یه‌و حیكمه‌ت و دانایی بردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كانی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، په‌یوه‌ندی ماكبێس به‌ لێدی له‌وه‌ ترازاوه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی نێوان ژن و مێردێك بێت، لێدی بۆ ماكبێس زیاتر له‌ ژنێك و زیاتر له‌ خۆشه‌ویستێكه‌، ماكبێس وه‌ك دایك و ژنێكی پیرۆز ته‌ماشای لێدی ده‌كات و ناتوانێت ویست و ئاره‌زووه‌كانی فه‌رامۆش بكات، له‌ به‌رامبه‌ردا لێدی زۆر زیره‌كانه‌ ئه‌و ئیحساسه‌ی ماكبێس به‌كار ده‌بات و ده‌زانێت چۆن و له‌چ كاتێكدا ھه‌ستی پیاوه‌تی و ئازایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندیخوازی تیاییدا بجولێنێت، لێدی ژنێكی ئاسایی نییه‌، ئه‌و به‌ ئاسانی ده‌توانێت ھه‌م پادشاو ھه‌میش ماكبێس له‌ خشته‌ ببات، پادشا ئه‌وه‌نده‌ بڕوای به‌ دڵسۆزی و ئه‌مه‌كداری لێدی ھه‌یه‌، كار ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی شه‌وی پێش كوژران و تیرۆركردنی، له‌ به‌رامبه‌ر میوانداری و ئه‌مه‌كدارییه‌ ساخته‌كه‌ی لێدی، به‌ ئه‌لماسێكی گرانبه‌ھا له‌لایه‌ن پادشاوه‌ خه‌ڵات بكرێت، به‌ڵام لێدی له‌و جۆره‌ ژنانه‌یه‌ كه‌ ھیچ جۆره‌ چاكه‌و به‌خشنده‌ییه‌ك ناتوانێت دوودڵی و رارایی لادروست بكات و به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌م ھه‌ڵوێسته‌ جوامێرانه‌ی پادشا ناتوانن له‌ ویست و عه‌زیمه‌تی كوشتنی پادشا دوودڵی بكه‌ن.

به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كاره‌كته‌ری لێدی له‌م شانۆییه‌ ئه‌و شه‌یتان و بكوژه‌ ترسناكه‌یه‌ كه‌ له‌ناوه‌وه‌ی كاره‌كته‌ری ماكبێس ژیان ده‌كات و ھه‌میشه‌ به‌دوای ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێت كه‌ كارابكرێت و جله‌وی پاوانخوازی و ته‌ماعكارییه‌كانی ماكبێس بگرێته‌ ده‌ست، ماكبێس ھه‌میشه‌ له‌ خه‌می ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ رێگری له‌ كارابوونی ئه‌و ئه‌ھریمه‌نه‌ بكوژه‌ بكات، ھه‌ربۆیه‌ ھه‌میشه‌ دیالۆگی ماكبێس له‌گه‌ل لێدی، ھاوتا و ھاوته‌ریبی ئه‌و دیالۆگه‌یه‌ كه‌ ماكبێس له‌ مۆنۆلۆگه‌كان له‌گه‌ل خۆی ئه‌نجامی ده‌دات، به‌ڵام به‌ھۆی پێشبینی جادووكه‌ره‌كان بۆ داھاتووی ماكبێس، ئیتر ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ (لێدی) پانتاییه‌كی زیاتر له‌ ده‌روون و بیركردنه‌وه‌ی ماكبێس داگیر ده‌كات و ماكبێس ناچارده‌كات ده‌ست بۆ كوشتنی پادشا ببات و ته‌سلیمی ئیڕاده‌ی ئه‌و ئه‌ھریمه‌نه‌ بێت كه‌ لێدی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات وه‌ك كاره‌كته‌رێكی په‌نھانی نێو بیركردنه‌وه‌ی ماكبێس.

ktv

ئاماده‌كردنی تێكست:

ھه‌موو ده‌رھێنه‌رێك مافی ئه‌وه‌ی ھه‌یه‌ كه‌ تێكستی نمایشه‌كه‌ی به‌و شێوه‌یه‌ دابڕێژێته‌وه‌ كه‌ ته‌با بێت له‌گه‌ل ئه‌و جیھانبینی و دیدگا ھونه‌رییه‌ی كه‌ تیاییدا جه‌سته‌ی نمایش و فه‌لسه‌فه‌ی نمایش داده‌ڕێژێته‌وه‌، ده‌رھێنه‌ر ئازاده‌ ئه‌و دیمه‌ن و كاره‌كته‌رو دیالۆگانه‌ لاببات كه‌ خزمه‌ت به‌ دیدگای ئه‌و ناكه‌ن و ئیزافه‌یه‌ك نابن بۆ ئه‌و فۆرمه‌ ھونه‌رییه‌، به‌ڵام گرنگترین بونیاد له‌مكاره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌رھێنه‌ر ئه‌م كاره‌ به‌ ئاگاییه‌كی زۆره‌وه‌ بكات و گۆڕانكاری و ئیزافه‌و لابردن و بونیادنانه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ھزری و مه‌عریفی و دیدگایه‌كی ھونه‌ری و جوانكاری ئه‌نجامبدات، پێوه‌ری سه‌ره‌كیش له‌م كرداره‌ سه‌خت و دژواره‌، خه‌لقكردنی خوێندنه‌وه‌و ته‌فسیری جیاوازو ھاوچه‌رخه‌ كه‌ بتوانێت له‌نێو گوتارێكی لۆژێكی و سه‌رده‌مییدا جارێكی تر بونیادی تێكست و فه‌لسه‌فه‌كه‌ی به‌ بونیادی ئێستایی نمایش ببه‌ستێته‌وه‌.

مامۆستا ره‌زا عوسمان وه‌ك ده‌رھێنه‌رو ئاماده‌كاری تێكست، كۆمه‌ڵێك ده‌سكاری گرنگ و بنه‌ڕه‌تی له‌ تێكسته‌كه‌ی شكسپیر كردووه‌و ھه‌وڵیداوه‌ سوود له‌و رووبه‌رانه‌ وه‌رگرێت كه‌ ته‌بایه‌ له‌گه‌ل ئه‌و فۆرمه‌ شانۆییه‌ی كه‌ نمایشه‌كه‌ی له‌سه‌ر بونیاد ده‌نێت، تێكستی نمایش به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌ر كرداری قرتاندن و كورتكردنه‌وه‌و لابردنی زۆر كه‌وتووه‌، ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌ كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌م تێكسته‌ وه‌ك جه‌سته‌و ئاماده‌یی فیزیكی لابراون و بوونیان نییه‌، له‌نێوان زیاد له‌ سی كاره‌كته‌رله‌ تێكسته‌كه‌ی شكسپیر، ته‌نھا چوار كاره‌كته‌ر له‌نێو تێكسته‌كه‌ی ده‌رھێنه‌ر ماونه‌ته‌وه‌، كاره‌كته‌ره‌كانیش بریتین له‌ ھه‌ریه‌ك له‌ (ماكبێس، لێدی، مه‌كداف و "سێ جادوكه‌ره‌كه‌_ئه‌مانه‌ له‌ڕووی درامییه‌وه‌ به‌ یه‌ك كاره‌كته‌ر ئه‌ژمار ده‌كرێن")، ده‌رھێنه‌ر ئاماده‌یی جه‌سته‌یی زۆرینه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی به‌ زه‌روور نه‌زانیوه‌و ھه‌وڵیداوه‌ ته‌نھا وه‌ك كاره‌كته‌ری ئه‌ودیو په‌رده‌ ده‌ربكه‌ون و به‌شێوه‌ی مه‌جازی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ل كردوون.

من پێموایه‌ ده‌رھێنه‌ر له‌ لابردنی زۆرێك له‌م كاره‌كته‌رانه‌ رووبه‌ڕووی كێشه‌ی گه‌وره‌ نه‌بۆته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش كه‌ ھه‌وڵیداوه‌ زوومی سه‌ره‌كی بخاته‌ سه‌ر ھه‌ردوو كاره‌كته‌ری ماكبێس و لێدی له‌ لایه‌ك و له‌ لایه‌كه‌ی تریش كاره‌كته‌ری ھه‌رسێ جادوكه‌ره‌كه‌، كه‌ ده‌رھێنه‌ر له‌ رووبه‌رێكی ھزری تازه‌و ھاوچه‌رخ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ل كردوون و ته‌وزیف و بونیادی جیاوازو ته‌بای پێبه‌خشیوون، به‌ڵام كێشه‌ی گه‌وره‌ی نمایش په‌یوه‌سته‌ به‌ ئاماده‌یی ھه‌ندێ كاره‌كته‌ر كه‌ ده‌رھێنه‌ر نه‌یتوانیوه‌ پێناسه‌و بونیادی درامیی روونیان پێببه‌خشێت، بۆ نمونه‌ كاره‌كته‌ری (ماكداف_سه‌ركار ستار) كه‌ له‌دوایین دیمه‌نی نمایشه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، كاره‌كته‌رێكی بێ ره‌ھه‌ندو نه‌ناسراوه‌و بینه‌ر ناتوانێت له‌ قوڵایی ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ تێبگات و په‌یوه‌ندی ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ به‌ ماكبێس و رووداوه‌ درامییه‌كان لێكبداته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورتكردنه‌وه‌ی ئاماده‌یی ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ له‌ دیمه‌نی كۆتایی بێ ئه‌وه‌ی قۆناغه‌كانی گه‌شه‌سه‌ندنی درامی ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ به‌ر بینه‌ر بكه‌وێت، ناتوانێت ئه‌و پێگه‌یه‌ی ھه‌بێت كه‌ له‌ تێكسته‌كه‌ ھاتووه‌و به‌تایبه‌تی كه‌ بوونی ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ به‌دیھێنانی یه‌كێك له‌و دوو مه‌رجه‌یه‌ كه‌ جادوكه‌ره‌كان كۆتایی ماكبێسیان پێی به‌ستۆته‌وه‌.

من پێموایه‌ كاتێ ده‌رھێنه‌ر بیری له‌ ئاماده‌كردنی ئه‌م تێكسته‌ كردۆته‌وه‌، ھزری لای ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌م نمایشه‌ بۆ قوتابیانی كۆلیژی ھونه‌ره‌و ئه‌وانیش زۆرینه‌یان تێكسته‌كه‌ی شكسپیریان خوێندۆته‌وه‌و كاره‌كته‌ره‌كان و رووداوه‌ درامییه‌كان ده‌ناسنه‌وه‌و ده‌توانن ئه‌و رووداوانه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ ببه‌ستنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ھه‌له‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌ ئاماده‌كردنی ھه‌ر تێكستێكی شانۆییدا، ده‌رھێنه‌ر كاتێ تێكستێك ئاماده‌ ده‌كات، نابێ بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ ئاخۆ بینه‌ر به‌م كاره‌كته‌رو رووداوه‌ ئاشنایه‌و زانیاری ھه‌یه‌و ده‌توانێت به‌یه‌كه‌وه‌یان ببه‌ستێته‌وه‌، زۆر پێویسته‌ بونیادی درامی نمایش به‌شێوه‌یه‌كی روون و بێ گرێ بێت و رووداوه‌كان یه‌كتری ته‌واو بكه‌ن و ھێلی درامی له‌نێو یه‌كه‌یه‌كی لۆژیكی ته‌ریب له‌گه‌ل بونیادی تێكست و نمایشه‌كه‌ یه‌كبگرێته‌وه‌و بینه‌ر بتوانێت كاره‌كته‌ره‌كان بناسێته‌وه‌و ته‌وزیفی درامییان له‌نێو نمایشه‌كه‌ دیار و به‌رچاو بێت، به‌ڵام زۆرجار به‌ ھۆی قرتاندن و كورتكردنه‌وه‌و لابردنی ھه‌ندێ دیالۆگ و رووداو و دیمه‌ن و كاره‌كته‌ر، به‌شێك له‌ رووداوه‌كان به‌ ناڕوونی ده‌مێننه‌وه‌و ھه‌ندێك له‌ كاره‌كته‌ره‌كانیش خه‌سڵه‌ت و سیما له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن و وه‌ك (ده‌خیل) له‌نێو نمایشه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌ون و زیان به‌ بونیادی نمایش ده‌گه‌یه‌نن.

من پێموایه‌ له‌م نمایشه‌ ده‌رھێنه‌ر به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك پێویستی به‌ كاره‌كته‌ری ماكداف نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی وێنای كۆتایی ماكبێس بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی چۆن زۆرینه‌ی كرده‌ درامییه‌كانی ئه‌م نمایشه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی فه‌نتازی و گێڕانه‌وه‌ی وێنه‌یی له‌رێگه‌ی به‌كاربردنی سینۆگرافیا و ده‌نگ و ره‌نگ و موزیك وێناكرد، ده‌كرا كۆتایی نمایشه‌كه‌ش رێگه‌ به‌ ده‌ركه‌وتنی كاره‌كته‌ری ماكداف نه‌دات وه‌ك ئه‌وه‌ی چه‌ندین كاره‌كته‌ری گرنگی نێو ئه‌م تێكسته‌ بێ ئه‌وه‌ی ئاماده‌یی جه‌سته‌ییان ھه‌بێت، له‌رووی درامییه‌وه‌ كاره‌كته‌ری ئاماده‌بوون، بۆیه‌ لاوازترین خاڵی ئاماده‌كردنی ئه‌م تێكسته‌ ئه‌و كۆتاییه‌ بوو كه‌ له‌ خودی تێكسته‌ شكسپیرییه‌كه‌ ھاتووه‌، ده‌رھێنه‌ر ده‌بوو له‌ بیری ئه‌وه‌ بووایه‌ كه‌ كۆتاییه‌كه‌ی ته‌سلیمی ئه‌و دیمه‌نه‌ نه‌شازه‌ نه‌كردبایه‌ كه‌ به‌ته‌واوی ناته‌باو نه‌شاز بوو به‌ فۆرمی گشتی نمایش، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ره‌ه‌ھای فۆرمی دیده‌یی نمایش له‌سه‌ر فه‌نتازیاو خه‌یاڵكردن و وێناكردنی ناباو و جوانكاری بونیادنرابوو، داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌م دیمه‌نه‌ی كۆتایی به‌م فۆرمه‌ كلاسیكییه‌ ته‌قلیدییه‌ وه‌ك سۆلۆیه‌كی نه‌شاز كۆتایی به‌و سه‌مفۆنییه‌ ھونه‌رییه‌ ناوازه‌یه‌ ھێنا.

زۆرجار ده‌رھێنه‌ر به‌ مه‌به‌ست ریزبه‌ندی رووداو و به‌ریه‌كه‌وتنی كاره‌كته‌ر ھه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌و ھه‌وڵده‌دات فۆرمی تر و بونیادی تریان پێببه‌خشێت، ئه‌مه‌ش پرسێكه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌و دیگایه‌ ھونه‌رییه‌ی كه‌ ده‌رھێنه‌ر بۆ جه‌سته‌و ھزری فه‌لسه‌فی نمایش ھه‌یه‌تی، به‌و مانایه‌ی ده‌رھێنه‌ر ھه‌وڵده‌دات بونیادی ئاسایی تێكست ھه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌و بونیادی تازه‌و خوێندنه‌وه‌ی تازه‌ی لێ به‌رھه‌م بێنێت، ئه‌مكاره‌ش ھه‌روا ئاسان و ساده‌ نییه‌و ده‌بێ ده‌رھێنه‌ر پاساوی لۆژیكی و جوانبینی بۆ ئه‌و تێكشكاندن و بونیاتناوه‌یه‌ ھه‌بێت و ھزرو وینای تازه‌ی به‌رزو باڵای له‌سه‌ر بونیاد بنێت، بێگومان ئه‌م نمایشه‌ قرتاندن و لابردنی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ نه‌كردووه‌و چونكه‌ ھه‌موو رووداوه‌كان به‌ڕیزبه‌ندی ئاسایی خۆیان دێن و كاره‌كته‌ره‌كان وه‌ك كاره‌كته‌ری شكسپیری نێو تێكست مامه‌ڵه‌ كراون، ھه‌موو كورتركردنه‌وه‌كانیش له‌م تێكسته‌ ده‌چێته‌ رووبه‌ری ته‌ركیز خستنه‌ سه‌ر كاره‌كته‌ری ماكبێس له‌ ھه‌ردوو رووی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌و له‌نێو جه‌سته‌یه‌كی سینۆگرافی ناته‌باو جیاوازدا كه‌ جۆرێك له‌ ھارمۆنیوتی وێنه‌یی و مۆسیقی به‌ نمایش به‌خشیبوو.

لایه‌نێكی تر كه‌ من پێموایه‌ ده‌رھێنه‌ر روناكی پێویستی نه‌خستۆته‌ سه‌ر، ئه‌ویش پرسی پێشبینیكردنی جادوكه‌ره‌كانه‌ بۆ كۆتایی ماكبێس، ئه‌م پرسه‌ یه‌كێكه‌ له‌ بۆمبه‌ ته‌وقیتكراوه‌كانی نێو ئه‌م تێكسته‌و شكسپیر زۆر به‌ زیره‌كانه‌ به‌كاری بردوون، به‌ڵام ده‌رھێنه‌ر وه‌ك پێویست بایه‌خی به‌م ھاوكێشه‌یه‌ نه‌داوه‌، پێشبینیكردنی جادوكه‌ره‌كان بۆ ماكبێس زۆر ھه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رو فریوده‌ره‌، نوسه‌ر یاری به‌ عه‌قڵی ئه‌و سته‌مكارانه‌ ده‌كات كه‌ پێیانوایه‌ له‌ ئه‌ماندان، به‌ڵام ھه‌میشه‌ ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و ئه‌مانه‌ زۆر ساخته‌و ھه‌ڵه‌شه‌یه‌و زوو به‌زوویی ده‌توێته‌وه‌، زۆرێك له‌ دیكتاتۆره‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ پشتئه‌ستوور بوون به‌ سوپای زه‌به‌لاح و ده‌زگای ھه‌واڵگری تۆقێنه‌ر، به‌ڵام خۆشیان نه‌یانزانی كاتی لێقه‌ومان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ ئه‌مانه‌ له‌ كوێدا توانه‌وه‌و وونبوون، یا زۆرێكیان پێیانوابوو، بوونی زلھێزی گه‌وره‌ له‌ پشتیان ھه‌میشه‌ ده‌روازه‌ی ئه‌مان و مانه‌وه‌یه‌، به‌ڵام به‌خۆشیان نه‌یانزانی ئه‌م ھێزانه‌ چۆن له‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی تردا ده‌یانفرۆشن و كه‌ره‌سته‌ی تازه‌ ده‌خه‌نه‌ شوێنیان، بۆیه‌ پشتبه‌ستنی ماكبێس به‌و پێشبینییه‌ی جادوكه‌ره‌كان كه‌ ووتیان تۆ ده‌مێنیته‌وه‌ تا دارستانی بێرنام به‌ره‌و قه‌ڵا جوله‌ ده‌كات و ھیچ كه‌سێكیش ناتوانێت تۆ له‌ناو ببات كه‌ له‌دامێنی ژنێك كه‌وتبێته‌وه‌، یه‌كێك له‌و رووبه‌ره‌ گرنگانه‌ی ئه‌م تێكسته‌یه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌و بایه‌خه‌ گرنگه‌ی وه‌رنه‌گرت له‌ نه‌خشه‌ی نمایشدا.

ktv

سینۆگرافیا و ده‌رھێنان و جه‌سته‌ی نمایش:

بیناكردنی سینۆگرافیای نمایشی شانۆیی به‌شێكی گرنگی دیدگای ده‌رھێنه‌ر و كرداری ده‌رھێنان له‌ شانۆ پێكده‌ھێنێت، ده‌رھێنه‌ر له‌ دروستكردنی جه‌سته‌ی نمایش، یه‌كه‌م كه‌ره‌سته‌ی فۆرم و شێوه‌و ھه‌یكه‌لی سینۆگرافیای نمایشه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ریب له‌گه‌ل دیدگای كاركردنی ده‌رھێنه‌ر و ئه‌و فۆرمه‌ ھونه‌رییه‌ی كه‌ نمایشی تیادا دروست ده‌كات، یه‌كده‌گرێته‌وه‌، بۆیه‌ زۆرجار ده‌رھێنه‌ر خۆی شێوه‌و ئه‌ندازه‌ی سینۆگرافیا داده‌ڕێژێت، ھه‌ندێكجاریش به‌ ھاوكاری سینۆگرافه‌رێك ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام ده‌درێت، پاش ئه‌وه‌ی سینۆگرافه‌رو ده‌رھێنه‌ر دیدگا و تێڕوانینی خۆیان تاوتوێ ده‌كه‌ن و ھه‌وڵده‌ده‌ن دیدگایه‌كی ھاوبه‌ش بۆ جه‌سته‌و ھه‌یكه‌لی نمایش دابڕێژن.

سینۆگرافیای نمایشی ماكبێس كاری سینۆگرافه‌ری لێھاتوو مامۆستا شیراز عه‌زیزه‌، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پسپۆره‌كانی ئه‌و بواره‌و له‌ڕابردووشدا ئه‌زموونی ناوازه‌و گرنگی ھه‌یه‌، داڕشتنی سینۆگرافیای ئه‌م نمایشه‌ ئه‌گه‌ر ئایدیای ده‌رھێنه‌ر بێت، یا سینۆگرافه‌ر، یا ئاوێته‌یه‌ك بێت له‌ ئایدیای ھاوبه‌شی ھه‌ردوو كاره‌كته‌ر، له‌ڕووی جوانكاری و داڕشتنی فۆرمێكی ناته‌با بۆ نمایش، یه‌كێك بوو له‌ سیما دیارو به‌رچاوه‌كانی نمایش و قوڕسایی زۆری دروستكردنی جه‌سته‌ی نمایش به‌ر ئه‌و سینۆگرافیایه‌ كه‌وتبوو، دابه‌شكردنی فه‌زای نمایش به‌و شێوه‌ تایبه‌ته‌ كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ سه‌رووی سه‌ره‌وه‌ سه‌رنجی بده‌یت شێوه‌ی بیرێكی قوڵ ده‌دات كه‌ دیواره‌كانی به‌ كه‌ره‌سته‌ی تاریك و ترسناك داپۆشراون، له‌ ناوه‌ڕاستی سته‌یجه‌كه‌ش به‌ھۆی رووبه‌رێكی ته‌ختی چوارگۆشه‌ كه‌ به‌سه‌ر جه‌گێكی جوله‌داره‌وه‌یه‌، فه‌زاكه‌ دابه‌شكراوه‌ بۆ دوو ئاست وته‌به‌قه‌ی جیاواز، ته‌به‌قه‌ی سه‌ره‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ رووداوه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی تیادا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و وه‌ك پێگه‌و پایه‌ی پادشاو سه‌ركرده‌كان له‌ به‌رزیداییه‌، ته‌به‌قه‌ی خواره‌وه‌ش ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ وه‌ك زیندانێكی تاریك عامه‌ی خه‌ڵكی تیادا جێگیركراوه‌و زۆرینه‌ی جه‌نگه‌كانیش له‌نێوان رووبه‌ری ئه‌و ته‌به‌قه‌یه‌و به‌ قوربانی ئه‌و خه‌ڵكه‌ ره‌ش و رووته‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پێشی پێشه‌وه‌ی ته‌خته‌ی شانۆ كه‌ به‌ ھۆی بلاژكتۆرێكی شاولی روناكده‌كرێته‌وه‌، شوێنی جادوكه‌ره‌كانه‌ كه‌ ده‌رھێنه‌ر له‌م نمایشه‌ فۆرمی تر و ته‌وزیفی تری پێ به‌خشیوون كه‌ دواتر له‌سه‌ریان ده‌وه‌ستین.

دابه‌شكردنی فه‌زای شانۆ به‌مشێوه‌یه‌ له‌ زۆر رووه‌وه‌ خزمه‌تی به‌ فۆرمی ئه‌م نمایشه‌ كردبوو، به‌ تایبه‌تیش له‌ رووی جوانكاری جوله‌و ئه‌و وێنه‌ شانۆییانه‌ی كه‌ به‌ھۆی خولانه‌وه‌ی سته‌یجه‌ چوارگۆشه‌كه‌ دروستده‌كران و جۆرێك له‌ فۆرمی جولاوی به‌رده‌وامی به‌ فه‌زای نمایش به‌خشیبوو، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی دابه‌شكردنی فه‌زای نمایش به‌ ئاستی بینیی جیاواز، جۆرێك له‌ تایبه‌تمه‌ندی ناباوی به‌و كردراه‌ شانۆییانه‌ به‌خشیبوو كه‌ نمایشه‌كه‌یان دروستده‌كرد.

سه‌ره‌تا یه‌كه‌م به‌ركه‌وتنم له‌گه‌ل سینۆگرافیا و فه‌زا ئه‌و لێكچواندنه‌ بوو كه‌ ژیان به‌ بیرێكی قوڵ ده‌چوێنێت و مرۆڤیش له‌ قوڵایی ئه‌و بیره‌ خه‌ریكی یه‌كتر كوشتن و له‌ناوبردنی ئه‌ویتره‌، ئه‌م وێنه‌ فه‌لسه‌فییه‌ وجودییه‌ بۆ ژیان، كه‌ ھاوتاو ھاوته‌ریبه‌ له‌گه‌ل ئه‌و ھزره‌ی كه‌ تێكسته‌كه‌ی له‌سه‌ر بیناكراوه‌و له‌ كۆتایی ئه‌م نمایشه‌ ھه‌موو كاره‌كته‌ره‌كانی دۆڕاون، ده‌نكان تیرۆر ده‌كرێت، ماكبێس ھه‌موو شتێك له‌ده‌ستده‌دات و به‌ شه‌رمه‌زاری ده‌كوژرێت، لێدی به‌رگه‌ی ئه‌و په‌له‌ خوێنانه‌ی سه‌رده‌ستی ناگرێت و خۆی ده‌كوژێت، بانكۆ ده‌كوژرێت، مه‌كداف ھه‌موو خێزانه‌كه‌ی ده‌كوژرێن، ماڵكۆڵم و دونالین باوكیان تیرۆر كراوه‌، كه‌سێك نییه‌ له‌م تێكسته‌ براوه‌ بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی ماكبێس له‌ناو ده‌به‌ن و جارێكی تر ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌وه‌ ده‌ست دۆڕاون، چونكه‌ ئه‌م كاره‌ به‌ ھاوكاری دوژمنێكی سه‌رسه‌ختی سكۆتلاند ده‌كه‌ن كه‌ بێ گومان ده‌بێ له‌ داھاتوو باجی ئه‌وه‌ بده‌ن.

فۆرمێكی تری دابه‌شكردنی فه‌زای سته‌یج، ئه‌و دوو ئاسته‌ بوو كه‌ به‌ھۆی ئه‌و چوارگۆشه‌وه‌ فه‌زاكه‌ی بۆ دوو چین دابه‌شكردبوو، ره‌نگه‌ له‌ ھه‌ندێك رووه‌وه‌و ئه‌م دابه‌شكردنه‌خزمه‌تی نمایشه‌كه‌ی كردبێت، به‌تایبه‌تیش كاتێ له‌ كاتی جه‌نگه‌كان ئه‌م رووبه‌ره‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌ ماكبێس له‌سه‌ر لێواره‌كه‌ی ده‌وه‌ستا، له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌كه‌ی ژێره‌وه‌ ده‌خولێنرایه‌وه‌و دیمه‌نێكی جوان و گوزارشتێكی ناوازه‌ی له‌ جه‌نگ و ململانێ سه‌خته‌كان ده‌كرد، ئه‌م فۆرمه‌ مۆسیقییه‌ یه‌كێك بوو له‌و فۆرمه‌ گرنگانه‌ی كه‌ جه‌سته‌ی ئه‌م نمایشه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی فه‌نتازی و پڕ له‌ جوانكاری به‌ بینه‌ر ده‌گه‌یاند، ھه‌روه‌ھا له‌ڕووی ھزریشه‌وه‌ ئه‌م دابه‌شكردنه‌ ئاماژه‌ بوو بۆ ئه‌و دوو چینه‌ سه‌رده‌ست و بنده‌سته‌ی كه‌ وڵات به‌سه‌ریاندا دابه‌شده‌بێت، چینێك له‌ خواره‌وه‌ ھه‌موو قوربانیه‌كان له‌ ئه‌ستۆی ئه‌وه‌، چینێك له‌ سه‌ره‌وه‌ ھه‌موو خۆشی و سه‌روه‌ت و ئیمتیازو شكۆمه‌ندییه‌كانی به‌رده‌كه‌وێت، چینێك له‌ خواره‌وه‌ زۆرینه‌یه‌و مافی بریاردانی نییه‌، چینێك له‌ سه‌ره‌وه‌ كه‌مینه‌یه‌و ھه‌موو بڕیاره‌كان له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه‌ ده‌درێت.

ئه‌گه‌ر ئه‌م سینۆگرافیایه‌ به‌ فه‌لسه‌فه‌ی تێكسته‌كه‌ به‌راورد بكه‌ین، ده‌بینین جۆرێك له‌ ترازانی لۆژیكی له‌نێوان ئه‌م دوو وێنه‌یه‌ ھه‌یه‌، ئه‌م تێكسته‌ی شكسپیر به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ پرسی چینایه‌تی و ململانێی چینی سه‌رده‌ست و چینی بنده‌ست وه‌ك سینۆگرافیای نمایشه‌كه‌ ئاماژه‌ی پێده‌كرد، چه‌قی ململانێی ئه‌م تێكسته‌ شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات و خه‌ونی گه‌یشتنه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات، ده‌نكان و ماكبێس و لێدی و ماكداف و باكۆو مالكۆلم و دونالین، ھه‌ر ھه‌موویان سه‌ر به‌چینی سه‌ره‌وه‌ن، ململانیێی نێوانیشیان ململانێی ده‌سه‌ڵاتدارو زلھێزه‌كانه‌، نه‌وه‌كو ململانێی نێوان ھه‌ردوو چینی ده‌سه‌ڵات و ره‌عیه‌ت، میلله‌ت له‌م ھاوكێشه‌یه‌ ھیچ قوڕساییه‌كی نییه‌و ئه‌مه‌ جیھانی داخراوی پادشاو سه‌ركرده‌كانه‌، شه‌ڕی نێوانیشیان له‌سه‌ر باشتركردنی دۆخی ژیانی خه‌ڵك و خزمه‌تكردنی میلله‌ت نییه‌، بۆ ئه‌م فۆرمه‌ سینۆگرافیا كه‌ ھه‌ڵگری ئه‌و ئاماژه‌ چینایه‌تییه‌ زه‌قه‌ بوو به‌ ھیچ شێوه‌یه‌ك ھاوته‌ریب نه‌بوو له‌گه‌ل فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌م تێكسته‌.

ktv

موزیك و روناكی دوو ره‌گه‌زی گرنگ و كاریگه‌ری نێو جه‌سته‌ی نمایش و سینۆگرافیا بوون، به‌تایبه‌تی موزیك زۆر كاریگه‌رو ته‌ریب بوو به‌و كه‌شه‌ درامییه‌ی كه‌ زۆرینه‌ی دیمه‌نه‌كانی دروستده‌كردو موزیك ھاوكارێكی گه‌وره‌ بوو له‌ به‌ركه‌وتنی بینه‌ر له‌رووی سایكۆلۆژییه‌وه‌ به‌و وێنه‌ درامییانه‌ی كه‌ به‌رجه‌سته‌ده‌كران، روناكیش رۆڵی كارای ھه‌بوو له‌مبواره‌و به‌كۆمه‌ڵی كه‌ره‌سته‌ی ساده‌وه‌ چه‌ند لایتێكی ده‌ست و چه‌ند بوقعه‌یه‌كی ساده‌، توانی سۆلۆیه‌كی ته‌عبیری گرنگی نێو پێكھاته‌ی نمایش بێت و زۆر به‌ وریایی ئه‌و تاریكییه‌ی به‌رجه‌سته‌ ده‌كرد كه‌ فه‌زای دروستكردنی كرده‌ درامییه‌كانی داده‌پۆشی، تاریكی وه‌ك په‌رده‌پۆشێكی خیانه‌ت و كوشتن و ناپاكی و خوێنڕێژی، تاریكی وه‌ك ساته‌ تاریكه‌كانی بازدان به‌سه‌ر شكۆمه‌ندی و شه‌ڕه‌ف، جلوبه‌رگیش به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌شدارێكی كارای دروستكردنی وێنه‌ شانۆییه‌كه‌ بوو، ده‌رھێنه‌ر ھه‌وڵیدابوو ئه‌م وێنه‌یه‌ وه‌ك وێنه‌یه‌كی ژیانی به‌رده‌وام وێنا بكات و كورتنه‌بێته‌وه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی و مه‌ودایه‌كی مێژوویی، بۆیه‌ جلوبه‌رگ ئاوێته‌یه‌كه‌ له‌ كۆن و تازه‌ وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ھه‌میشه‌ بوونی زه‌مه‌ن و دووباره‌بوونه‌وه‌ی وێنه‌كان ھه‌ر له‌سه‌ره‌تای مرۆڤایه‌تی تا دواھه‌مین مرۆڤ كه‌ له‌سه‌ر زه‌مین ژیان ده‌كات.

ده‌رھێنه‌ر له‌ ته‌وزیفكردنی جادوكه‌ره‌كان به‌و فۆرمه‌ تازه‌یه‌ كه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ سیانه‌ی ده‌سه‌ڵات، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی پادشاو سه‌ركرده‌كان ئاراسته‌ی ده‌كه‌ن، ته‌وزێفێكی سه‌رده‌میانه‌و ھاوچه‌رخیانه‌ی گرنگه‌و رووێكی تازه‌و ئێره‌و ئێستایی به‌ نمایشه‌كه‌ به‌خشیووه‌، له‌سه‌رده‌می شكسپیر ئایین و جادوو و فه‌له‌كناسی،سێ ده‌سه‌ڵاتی زۆر به‌ھێز بوون كه‌ ھه‌میشه‌ رینمایی پادشا و سه‌ركرده‌كانیان ده‌كرد، له‌سه‌رده‌می ئێستادا ھێزی تر ھه‌ن كه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌یان له‌ ئه‌ستۆیه‌، ئه‌وانیش ده‌كرێت ئه‌و زلھێزه‌ گه‌ورانه‌ی دونیای سیاسه‌ت بن كه‌ به‌ جانتای دیبلۆماسیه‌وه‌ ده‌توانن چاره‌نووس بنوسنه‌وه‌و دیاریبكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌م ته‌وزیفه‌ له‌م نمایشه‌ زۆر به‌روونی كاری له‌سه‌ر كرابوو، بۆیه‌ ئه‌م سێكوچكه‌یه‌ كه‌ ده‌كرێت به‌ ئه‌مریكاو روسیا و به‌ریتانیا لێكیبده‌ینه‌وه‌، ده‌كرێت له‌ رووبه‌رێكی فراوانتردا نماینده‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی بن، كه‌ من پێموایه‌ ره‌وشی سیاسی و شه‌ڕی سه‌ركورسی نێو ئه‌م نمایشه‌ ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ دوورده‌خاته‌وه‌و ئه‌گه‌ری یه‌كه‌م جێگیر ده‌كات كه‌ پادشاو سه‌ركرده‌كان ده‌كات به‌ بوكه‌ڵه‌یه‌ك به‌ده‌ست زلھێزه‌كانی دونیاوه‌.

ئه‌م ته‌وزیفه‌ له‌ زۆرینه‌ی كات خاڵی به‌ھێزی نمایش بوو، به‌ڵام دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ده‌ركه‌وتنی ئه‌م سێ كه‌سه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زیاد له‌ پێویست له‌نێوان دیمه‌نه‌كان وایكرد ئه‌م ئاماژه‌یه‌ ھه‌موو خه‌سڵه‌ته‌كانی سیمبوڵ و ئاماژه‌ له‌ ده‌ستبدات و ببێت به‌ واقیعێكی مه‌كشوف و كراوه‌، ئه‌مه‌ش به‌لای منه‌وه‌ به‌ نه‌رێنی له‌سه‌ر نمایش كه‌وته‌وه‌و پێویست به‌وه‌ نه‌بوو ئه‌و سێ كه‌سه‌ ھه‌میشه‌ بوونی خۆیان له‌ پشت ھه‌موو كرداره‌كان دووپاتبكه‌نه‌وه‌و به‌ بیری بینه‌ری بێننه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ ئه‌وانن سه‌ری ھه‌موو داوه‌كانیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.

ده‌رھێنه‌ر له‌ دروستكردنی ھه‌ندێ فۆرمی وێنه‌یی بۆ ئاماژه‌دان به‌ كرداری شانۆیی زیره‌كانه‌ كاریكردبوو، وه‌ك دیمه‌نی جه‌نگه‌كان و خوڵانه‌وه‌ی سته‌یجه‌كه‌ بۆ ئاماژه‌دان به‌ به‌رده‌وامی و تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ن و ھه‌روه‌ھا كوژرانی نه‌یاره‌كانی له‌رێگه‌ی سووركردنی پارچه‌یه‌ك قوماشه‌وه‌و وێناكردنی دیمه‌نی جولانی دارستانی بێرنام، ھه‌موو ئه‌مانه‌ وێنه‌یی شانۆیی سه‌رنجڕاكێش و كاریگه‌ر بوون و ئیزافه‌ی دیده‌یی گرنگ بوون بۆ فۆرمی نمایش، به‌ڵام له‌ پاڵ ئه‌وانه‌شدا كێشه‌ی چاره‌سه‌ركردنی ھه‌ندێ كرداری درامی ھه‌بوو، كه‌ گرنگترینیان كرداری كوشتنی ماكبێس بوو له‌ لایه‌ن مه‌كدافه‌وه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ساده‌و داماڵراو له‌ ھه‌ر سیمایه‌كی جوانی جێبه‌جێكرا، خۆزگه‌ ده‌رھێنه‌ر به‌وه‌ كۆتایی به‌ نمایشه‌كه‌ی ده‌ھێنا كاتێك مه‌كداف و ماكبێس رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه‌و سته‌یجه‌كه‌ش ده‌ستده‌كات به‌ سوڕان، ئه‌مه‌ كۆتاییه‌كی زۆر جوانتر بوو له‌و كۆتاییه‌ سینه‌ماییه‌ شلۆقه‌ی كه‌ مه‌كداف شیره‌كه‌ی ده‌خاته‌ بن باڵی ماكبێس وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ كوشتنی ماكبێس، ئه‌م كوشتنه‌ سه‌قه‌ت و ناھونه‌رییه‌ یه‌كێك بوو له‌ فۆرمه‌ لاوازه‌كانی نمایش كه‌ به‌داخه‌وه‌ بووه‌ دوایین فۆرمی نمایش و كاریگه‌ری نه‌رێنی به‌سه‌ر ته‌واوی وێنه‌ جوان و داھێنه‌ره‌كانی پێشووتری نمایش دروستكرد.

ئه‌دای ئه‌كته‌ر :

"با وشه‌كانت گونجاو بێت له‌گه‌ل جوله‌، جوله‌شت ھاوتای وشه‌ بێت، ھه‌سته‌وه‌ره‌كانیشت نۆرمال بێت و نه‌رمی و ره‌وانیت پێ ببه‌خشێت"، شكسپیر، شانۆیی ھاملێت.

ئه‌گه‌ر به‌ووردی له‌م چه‌ند وشه‌یه‌ی شكسپیر ووردبینه‌وه‌ كه‌ وه‌ك رێنمایی له‌سه‌ر زمانی ھاملێت ھاتووه‌ بۆ ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی كه‌ داوایان لێده‌كات دیمه‌نی كوشتنی باوكی ھاملێت له‌به‌رده‌م پادشا و شاژن نمایش بكه‌ن، تێده‌گه‌ین كه‌ ئه‌م پیاوه‌ چۆن بیری كردۆته‌وه‌، یه‌كه‌م سه‌رنجیش له‌سه‌ر ئه‌م ووشانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و پیاوه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی مۆدێرنی ھه‌بووه‌و به‌ته‌واوی دژه‌ كلاسیك بووه‌، ئه‌م ووشانه‌ ره‌تكردنه‌وه‌یه‌كی راسته‌وخۆی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ كلاسیكییه‌یه‌ كه‌ پێشتر بۆ فۆرمی شانۆو شێوازی ئه‌داكردنی ئه‌كته‌ر له‌ سه‌رته‌خته‌ باو بووه‌، شكسپیر به‌ ھه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی ئه‌و زه‌خره‌فه‌و فه‌خفه‌خه‌یه‌ بووه‌ كه‌ شانۆی كلاسیك پشتی پێ به‌ستووه‌ كه‌ ھه‌میشه‌ فۆرمی نمایش و ئه‌دای ئه‌كته‌ر جۆرێك له‌ فه‌خامه‌ت و ره‌زانه‌ت و زه‌خره‌فه‌كاری تیادا به‌رجه‌سته‌ كراوه‌، شكسپیر به‌ جۆرێكی تر بیریكردۆته‌وه‌، ئه‌و بیری له‌ ژیان و ساده‌یی و عه‌فه‌ویه‌ت و وێنه‌ راسته‌قینه‌كان كردۆته‌وه‌، بۆیه‌ كاتی خۆی كه‌وتۆته‌ به‌ر شالاوی ره‌خنه‌و تۆمه‌تبار كراوه‌ به‌وه‌ه‌ی شانۆی ساده‌كردۆته‌وه‌و ھه‌یبه‌ت و فۆرمه‌ زه‌خره‌فییه‌كانی وه‌لا ناوه‌.

ئه‌م وشانه‌ی شكسپیر به‌ ته‌واوی ھه‌موو ئه‌و بۆچوون و تێگه‌یشتنانه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ شانۆی شكسپیر شانۆیه‌كی شاھانه‌یه‌و پشت به‌ فۆرمێكی قه‌به‌و زه‌خره‌فه‌دار ده‌به‌ستێت و دیكۆرو سینۆگرافیاو ئه‌كته‌ر له‌م شانۆییه‌ به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت ده‌رده‌كه‌وێت و دیكۆرو فه‌زا به‌ كوتله‌ی گه‌وره‌و بریقه‌دارو فه‌خم پڕده‌كرێته‌وه‌و ئه‌كته‌ریش له‌ ئه‌داكردنی كاره‌كته‌ر جۆرێك له‌ باڵابوون و ھه‌ڵكشانی بونیادی ھه‌یه‌ كه‌ وه‌ك مرۆڤی ئاسایی ده‌رناكه‌ون و ھه‌میشه‌ كاره‌كته‌ره‌كان قورسایی زیاتریان له‌ مرۆڤی ئاسایی ھه‌یه‌و له‌ جوله‌ و كردارو ئه‌دایان جۆرێك له‌ سه‌نگینی و ویقاری تایبه‌ت ھه‌یه‌، ئه‌م بۆچوونه‌ به‌ ته‌وای ھه‌له‌یه‌و له‌ دواترین نمایشی ھاملێتی پیته‌ر بڕۆك، ده‌رھێنه‌ر ھه‌موو ئه‌مانه‌ به‌لاوه‌ ده‌نێت و نمایشی ھاملێت له‌نێو فه‌زایه‌كی زۆر ساده‌و راسته‌قینه‌ پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ تیاییدا ھه‌م كاره‌كته‌ر و ھه‌م شوێن و رووبه‌ری نمایش، له‌ فه‌زایه‌كی ساده‌ی ژیانئاسا كورتده‌كاته‌وه‌و ھه‌موو فه‌خامه‌ت و زه‌خره‌فه‌كارییه‌كان فڕێده‌دات و كاره‌كته‌ره‌كان و فه‌زای ژیانكردن له‌ فۆرمێكی ساده‌و ئاسانی پڕ عه‌فه‌ویه‌ت و راستگۆیی و ئینسانی نیشانده‌دات.

ktv

له‌م نمایشه‌دا ره‌زا عوسمان وه‌ك ده‌رھێنه‌ر زۆر ھه‌وڵیداوه‌ ماكبێس له‌ فۆرمێكی مۆدێرن و ئێستایی نمایش بكات، به‌ڵام به‌ھۆی پابه‌ندبوونی به‌ ھه‌ندێ جیھانبینی تایبه‌تی نادروست به‌ دونیای شكسپیر، كه‌وتۆته‌ نێوان دوو به‌رداش، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جۆرێك له‌ فه‌خامه‌ت و زه‌خره‌فه‌كاری به‌ فۆرمی نمایش ببه‌خشێت و ماكبێس و لێدی له‌ فۆرمێكی شاھانه‌و سه‌روو مرۆڤی ساده‌ وێنا بكات، دووه‌میان گرێدانه‌وه‌ی ماكبێسه‌ به‌ سه‌رده‌می ئێستاو ئێره‌و به‌ واقیعی سیاسی و ئه‌و ھێزانه‌ی كه‌ چاره‌نووس ده‌نووسنه‌وه‌و یاری به‌ بڕیارو داھاتووی كیان و میلله‌ته‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی خۆشحاڵییه‌ له‌ نواندندا وێنه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی تر كه‌وتۆته‌وه‌و ئه‌دای (ھاوبیر حوسێن_ماكبێس و ته‌لار ھیرانی_لێدی)، به‌شێوه‌یه‌كی تر داڕێژراوه‌ و ئه‌م دوو ئه‌كته‌ره‌ داھێنه‌ره‌ توانیویانه‌ نمایشه‌كه‌ ده‌رباز بكه‌ن له‌و فۆرمه‌ زه‌خره‌فه‌كارییه‌ی كه‌ سینۆگرافیاو فه‌زا تیاییدا چه‌قیوه‌.

ھاوبیر یه‌كێكه‌ له‌ باشترین ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ شانۆییانه‌ی كه‌ له‌م ماوه‌یه‌ی دوایی زۆر به‌ لێھاتوویی توانیویه‌تی ناوی خۆی وه‌ك توانایه‌كی دره‌وشاوه‌ له‌ فه‌زای شانۆی كوردی تۆمار بكات، ئه‌م نمایشه‌ش كه‌ به‌لای منه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ باشترین ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ی كه‌ ھاوبێر ئه‌دایكردووه‌و توانیویه‌تی تواناو داھێنانی خۆی تیا به‌رجه‌سته‌ بكات و فۆرمێكی ناوازه‌ی ئه‌دای ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ پێشكه‌ش بكات، كاره‌كته‌ری ماكبێس یه‌كێكه‌ له‌ دوژارترین كاره‌كته‌ره‌كانی شكسپیرو پڕه‌ له‌ ھه‌سته‌وه‌رو ھه‌ڵچوون و بیركردنه‌وه‌و تێڕامانی مرۆڤایه‌تی ساده‌و ئالۆز، رووبه‌رێكی زۆر باشه‌ بۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی توانا شاراوه‌كانی ئه‌كته‌رو به‌كاربردنی ھه‌موو ھه‌سته‌وه‌ره‌كان و نه‌ست و یاده‌وه‌ری و ھه‌ڵچوون و داچوونه‌ سایكۆلۆژییه‌كان، ھاوبیر له‌م نمایشه‌ زۆر به‌توانایی به‌بێ زیاده‌ڕۆیی و ھه‌ڵچوونی زیاد و ھاوارو قیژه‌قیژ، ده‌توانێت له‌ ناخه‌وه‌ به‌ر كاره‌كته‌ری ماكبێس بكه‌وێت و ھه‌ڵچوون و ھه‌سته‌وه‌ره‌كانی ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ له‌نێو نه‌ست و بیركردنه‌وه‌و زه‌ھنییه‌تی بینا بكات و دواتر ته‌رجه‌مه‌یه‌كی دیده‌یی بۆ بكات و له‌ سیماو فۆرم و جوله‌و كارو كرده‌وه‌و تێڕامانه‌كانی ره‌نگ بداته‌وه‌، له‌ كۆمه‌ڵێك دیمه‌نی تایبه‌تدا بینه‌ر له‌گه‌ل خۆی ده‌بات بۆ قوڵایی ئه‌و ھه‌سته‌ دژواره‌ی كه‌ ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ی داگیر كردووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ ھه‌ردوو دیمه‌نی پێش و پاش كوشتنی ده‌نكان، جۆرێك له‌ عه‌فه‌وییه‌ت و راستگۆیی بێ روتووش له‌ ئه‌دای ھاوبیر ھه‌یه‌ كه‌ وامانلێده‌كات ھه‌موومان وه‌ك بینه‌ر ته‌ماس و به‌ركه‌وتنێكی راسته‌قینه‌و ئاسان و ره‌وانمان له‌گه‌ل ئه‌و باره‌ سایكۆلۆژییه‌ی ئه‌كته‌ر ھه‌بێت و به‌ شێنه‌یی ھه‌ست به‌ ھه‌ناسه‌دان و بیركردنه‌وه‌و حه‌سره‌ته‌كانی بكه‌ین، وامانلێده‌كات وه‌ك كاره‌كته‌ره‌كه‌ بكه‌وێنه‌ نێو بازنه‌ی دژواری بڕیارو بڕیارنه‌دان، شه‌ھامه‌ت و بووده‌ڵه‌یی، شكۆمه‌ندی و زه‌لیلی، شه‌ڕه‌ف و خیانه‌تكاری، سوارچاكی و پیاوكوژی، ھه‌موو ئه‌م (دوانه‌) درامیانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زۆر راستگۆو راسته‌قینه‌ له‌ ئه‌دای ھاوبیر به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت و واده‌كات ئه‌دای ئه‌م ئه‌كته‌ره‌ ببێته‌ سه‌نگی مه‌حه‌كی دروستكردنی فه‌زای ده‌روونی و درامی نمایش.

ھاوتا له‌گه‌ل ھاوبیر حوسێن، ئه‌دای ته‌لار ھیرانی له‌ كاره‌كته‌ری لێدی رووێكی تری جوانی ئه‌م نمایشه‌یه‌، ته‌لار یه‌كێكه‌ له‌و ئه‌كته‌ره‌ پڕ ئه‌زموون و توانادارانه‌ی كه‌ رووبه‌رێكی دیارو به‌رچاویان له‌ نه‌خشه‌ی شانۆی ئێمه‌ به‌ركه‌وتووه‌و خاوه‌نی سیماو پێگه‌ی خۆیه‌تی له‌سه‌ر شانۆو بوونی ته‌لار له‌ ھه‌ر نمایشێكی شانۆیی ئیزافه‌یه‌كی جۆری گرنگه‌ بۆ ئه‌و نمایشه‌و ده‌توانێت ووزه‌و ھاندان به‌ ئه‌كته‌ره‌كانی نێو نمایشه‌كه‌ ببه‌خشێت.

ته‌لار جگه‌ له‌وه‌ی توانای باشی له‌ تێگه‌یشتن و ھه‌رسكردنی كاره‌كته‌ر ھه‌یه‌، یه‌كێكه‌ له‌و خانمانه‌ی كه‌ زۆر به‌ووردی له‌ رووبه‌ری كاره‌كته‌ره‌كه‌ی ده‌كۆڵێته‌وه‌و ھه‌وڵده‌دات دوای دیراسه‌كردن و خوێندنه‌وه‌ی زۆر، دیدگاو جیھانبینی تایبه‌تی خۆی ھه‌بێت بۆ ئه‌و كاره‌كته‌ره‌و له‌كاتی به‌رھه‌مھێنانی فۆرمی كاره‌كته‌ریش، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ناكات ده‌رھێنه‌ر یا دراماتۆرگ ئه‌و فۆرمه‌ی بۆ دیاریبكات، ئه‌و پێیخۆشه‌ خۆی ئه‌و فۆرمه‌ دابھێنێت و تیاییدا قاڵبێته‌وه‌و ئه‌وانی تر ته‌نھا روتوشكاری بۆ بكه‌ن.

ktv

له‌م نمایشه‌ ته‌لار وه‌ك ئه‌كته‌ر به‌ر كاره‌كته‌رێكی تری دژوار و سه‌خت ده‌كه‌وێت كه‌ شڕۆڤه‌كاران لێكدانه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ی جیاوازیان بۆ ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ كردووه‌و به‌شێوه‌ی جیاواز له‌ پاڵنه‌ره‌كانی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ دواون و تاوتوێیانكردووه‌، ته‌لاریش به‌ده‌ر له‌مانه‌ ھه‌وڵیداوه‌ فۆرمێكی تایبه‌تی پێ ببه‌خشێت كه‌ به‌بڕوای من تا راده‌یه‌كی زۆر باش پێكاویه‌تی و توانیویه‌تی ئاماده‌ییه‌كی به‌ھێزی ھه‌بێت و وه‌ك كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی دروستكردنی رووداو، سێبه‌ری گه‌وره‌ی به‌سه‌ر نمایشه‌وه‌ ھه‌بێت، به‌ڵام دوو فاكته‌ر سه‌ره‌كی له‌م ئه‌داكردنه‌ی ته‌لار زۆر كاریگه‌ر بوون، یه‌كێكیان به‌ ئیجابی و ئه‌رێنی به‌سه‌ر نمایش كه‌وتۆته‌وه‌و ئه‌ویتر به‌ سه‌لبی و نه‌رێنی، فاكته‌ری یه‌كه‌م ته‌مه‌نی ته‌لار كه‌ گه‌وره‌تره‌ له‌ ھاوبێر، فاكته‌رێكی ئیجابی نێو نمایشه‌و واده‌كات كاره‌كته‌ری لێدی به‌قه‌د ئه‌وه‌نده‌ی وه‌ك كاره‌كته‌ری ھاوسه‌رو خۆشه‌ویست ده‌ربكه‌وێت، زیاتر و نزیكتر وه‌ك كاره‌كته‌ری دایك ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش خاڵی به‌ھێزی ئه‌داكردنه‌ له‌م نمایشه‌، چونكه‌ به‌ھۆی ئه‌وه‌ی لێدی نه‌زۆكه‌و مناڵی نابێت، ھه‌میشه‌ دیدگای بۆ ماكبێس زیاتر دیگایه‌كی دایكانه‌یه‌، بۆیه‌ زۆرینه‌ی ھاندان و لێپرسینه‌وه‌كانی زیاتر ده‌چێته‌ فۆرمی به‌ركه‌وتنی دایكێك له‌گه‌ل كوڕه‌كه‌ی نه‌وه‌كو خۆشه‌ویست و ھاوسه‌رێك له‌گه‌ل ھاوسه‌ره‌كه‌ی، ماكبێسیس به‌ھۆی ئه‌و ململانێ دژواره‌ی نێو ناخی زیاتر پێویستی به‌ ئارامی و گه‌رمی باوه‌شی دایكێكه‌ تا ھاوسه‌رێك، بۆیه‌ به‌پیرۆزكردنی لێدی لای ماكبێس زیاتر له‌ روانگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ھه‌سته‌وه‌ری دایكایه‌تی به‌ھێزتره‌ له‌ ھه‌سته‌وه‌ری ھاوسه‌ری، ھه‌ر بۆیه‌ش ماكبێس ده‌سته‌مۆی لێدییه‌و ناتوانێت له‌ فه‌رمانه‌كانی رابكات.

فاكته‌ری دووه‌م كه‌ به‌نه‌رێنی به‌سه‌ر نمایش كه‌وتۆته‌وه‌، جه‌سته‌ی ته‌لاره‌، ئه‌م تۆزه‌ قه‌ڵه‌وییه‌ی ته‌لار خزمه‌تی ئه‌داكردنی ئه‌م كاره‌كته‌ری نه‌كردووه‌، ئه‌م جه‌سته‌یه‌ ھه‌میشه‌ وامانلێده‌كات لێدی له‌ فۆرمێكی خۆماڵی ببینین و ته‌ریب نه‌بێت له‌گه‌ل ئه‌و فۆرمه‌ جیھانییه‌ی ھاوبیر كه‌ به‌ كاره‌كته‌ری ماكبێسی به‌خشیووه‌، ره‌نگه‌ ئه‌م جه‌سته‌یه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی كردبێته‌ سه‌ر خودی ئه‌داو جوله‌و ھه‌ناسه‌دانی ئه‌كته‌ر، بۆیه‌ ھه‌ندێكجار جۆرێك له‌ ھه‌سته‌وه‌ری ده‌ره‌كی زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر ئه‌و ھه‌سته‌وه‌ره‌ ناوه‌كییانه‌ی كه‌ پێویسته‌ ئه‌كته‌ر له‌م فۆرمه‌ شانۆییه‌ تیاییدا بگیڕسێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات له‌ ھه‌ندێ دیمه‌ندا ئه‌و ھاوسه‌نگییه‌ ئه‌دایی یه‌ وه‌ك پێویست بونیاد نه‌نرێت و جۆرێك له‌ ترازان له‌ ھارمۆنیه‌تی ئه‌دای ھه‌ردوو پاڵه‌وان ببینرێت.

ن/ حه‌مه‌سوار عه‌زیز

كوردستان تیڤی / كامران