كتێب و پێكه‌وه‌ژیان

ته‌واوی پێكهاته‌كان ئه‌رك و به‌رپرسیارییان پێ دراوه‌

 له‌م ڕۆژانه‌دا له‌ ڕێوڕه‌سمی ناساندنی دوو كتێبی برای نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان (به‌رهه‌م عه‌لی) بووم به‌ هه‌ردوو زمانی كوردی و عه‌ره‌بی، به‌ناوی كتێبی (٣٦٦٠) بیره‌وه‌ریی گه‌نجێكی ئاشووریی كوردستانیی له‌ زیندانه‌كانی عێراقدا)، كه‌ به‌رهه‌می دیدارێكی نێوان خۆی و پاڵه‌وانی بیره‌وه‌رییه‌كان بووه‌، له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ ده‌ ساڵ له‌ناو زیندانه‌كانی به‌عسدا.

 ئه‌م كتێبه‌ وه‌ك چۆن ئه‌رشیف و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كه‌ له‌سه‌ر كاری ڕێكخراوه‌یی سیاسی به‌ نهێنی له‌ سه‌رده‌می رژێمی رووخاوی به‌عس، له‌ هه‌مان كاتدا كۆمه‌ڵێك زانیاریی تێدایه‌، چ ئه‌وانه‌ی له‌ناو شار و له‌ ڕێكخستنه‌كان باس كراون، یان ئه‌وانه‌ی له‌ناو به‌ندیخانه‌ و له‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان و له‌سێداره‌دانه‌كان، كه‌ تێیدا پاڵه‌وانی بیره‌وه‌رییه‌كان باسی له‌و هه‌ڤاڵانه‌ كردووه‌، كه‌ كاری سیاسیی پێكه‌وه‌ییان كردووه‌ و به‌شێكیان له‌سێداره‌ دراون و به‌شێكیشیان دوای راپه‌ڕین ئازاد كراون. ئه‌وه‌ی زۆر گرنگ و جه‌وهه‌رییه‌ له‌و كتێبه‌دا ئه‌وه‌یه‌، كه‌ پاڵه‌وانه‌كه‌ كوڕێكی مه‌سیحییه‌، به‌ڵام به‌ گیان و ژیانی خۆی ئاماده‌یه‌ له‌پێناو ئه‌و خاك و نیشتمانه‌دا بمرێت، كه‌ زۆرینه‌ی پێكهاته‌كه‌ی كوردی موسڵمانن، به‌ڵام ئه‌و جیاوازییه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌ نه‌ك نه‌بۆته‌ هۆی دووركه‌وتنه‌، به‌ڵكو زۆریش پته‌و و بڕوادارانه‌ بووه‌. پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی كوردستان نموونه‌یه‌كی باڵایه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ناو هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ر، كه‌ ئه‌گه‌رچی خاوه‌ن ده‌وڵه‌تن و له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا دانیان پێدانراوه‌، به‌ڵام نه‌ك هه‌ر ئاماده‌ نیین ڕێز له‌ كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كان بگرن و وه‌ك هاوڵاتیی ئاسایی تێیان بڕوانن، به‌ڵكو له‌ زۆربه‌ی جار و هه‌ر ئاڵۆزییه‌ك ڕوویدا بێ، په‌لاماریان داون و موڵك و ماڵیان داگیر كردوون و ڕاوه‌دوویان ناون.

نموونه‌كان له‌ وڵاتانی ده‌روبه‌رمان ئه‌وه‌نده‌ زۆر و باسكراون، هیچ پێویست به‌ هێنانه‌وه‌یان ناكات، به‌ڵام لێره‌ له‌ كوردستان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ خاكه‌كه‌مان به‌ درێژایی مێژوو داگیركراو بووه‌ و به‌ هه‌موو شێوازێك له‌ لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ سه‌رده‌سته‌كانی ده‌وروبه‌ر هێرش و په‌لاماری دڕندانه‌ دراوین، به‌ڵام له‌ناو خۆماندا ئاشتیی نه‌ته‌وه‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی كورد و پێكهاته‌كانی دیكه‌ هه‌ر به‌رقه‌رار بووه‌، به‌ جۆرێك كه‌ هه‌موویان به‌وپه‌ڕی ئازادی، زمان و جلوبه‌رگ و كولتوور و سرووت و كاره‌ سیاسی و فه‌رهه‌نگی و سیاسیه‌كانی خۆیان موماره‌سه‌ كردووه‌ و كه‌س رێگر و هه‌ڕه‌شه‌ نه‌بووه‌ بۆ سه‌ر ئازادییه‌كانیان، به‌مه‌ش ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ناو ئه‌و پێكهاتانه‌ی كوردستان به‌رقه‌رار بووه‌ و ڕۆژ دوای ڕۆژیش ره‌نگدانه‌وه‌ی باشتری هه‌یه‌ و دونیای ده‌ره‌وه‌ش له‌م خاڵه‌دا به‌وپه‌ڕی گرنگییه‌وه‌ له‌ كوردستان ده‌ڕوانێ.

زۆر كه‌سی دیكه‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌م گه‌نجه‌ ئاشوورییه‌ بیره‌وه‌ریی تاڵ و ناخۆشی له‌ زیندانه‌كانی به‌عسدا هه‌یه‌ و ئێستاش له‌ ژیاندا ماون، كه‌ ره‌نگبێ زانیاری و به‌ڵگه‌نامه‌ی باش بن، به‌ڵام جیاوازیی ئه‌م كاره‌ی كاك به‌رهه‌م عه‌لی له‌وه‌ دایه‌، كه‌ هاتووه‌ به‌ بیره‌وه‌ریی كه‌سێكی ئاشووری له‌ناو ڕێكخستنه‌كانی پارتی و دواتر له‌ زیندانه‌كانی به‌عس و ئه‌و ژیانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی ئه‌وكات له‌ سلێمانی و له‌ ته‌واوی كوردستان له‌ناو پێكهاته‌كان به‌رقه‌رار بووه‌ باس ده‌كات، كه‌ تا ئه‌مڕۆش ئه‌و په‌یوه‌ندی و لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیانه‌ له‌ گه‌شه‌كردندایه‌. ته‌نانه‌ت له‌م كابینه‌ نوێیه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ڕێزدار (مه‌سرور بارزانی) ته‌واوی پێكهاته‌كان ئه‌رك و به‌رپرسیارییان پێ دراوه‌ و كوردستان وه‌ك یه‌ك قه‌واره‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ی وه‌ك یه‌ك تیمی هه‌مه‌ڕه‌نگ ده‌ست له‌ناو ده‌ست شانیان داوه‌ته‌ به‌ر ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان و قووڵكردنه‌وه‌ی بنه‌ماكانی پێكه‌وه‌ژیانی برایانه‌ و دابینكردنی ژیانێكی ئاسووده‌ و شایسته‌ بۆ هاووڵاتییه‌كانی.

ن/ فه‌رهه‌نگ غه‌فوور

كوردستان تیڤی / كامران