به‌ وێنه‌.. سینه‌ماكارێكی كورد له‌ به‌غدا خه‌ڵاتكرا

ئه‌ندامی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی فیلمه‌ له‌ ئۆسكار

به‌ پێی ڕاگه‌ێندراوێك كه‌ كۆپییه‌كی بۆ ماڵپه‌ڕی كوردستان تیڤی نێردراوه‌، "سه‌هیم عومه‌ر خه‌لیفه‌" سینه‌ماكاری كورد و براوی زیاتر له‌ سه‌د خه‌ڵاتی سینه‌مایی، له‌ رێوره‌سمێكدا له‌لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی گشتیی سینه‌ما و شانۆی عێراق له‌ به‌غدا رێزی لێنرا و خه‌ڵاتكرا.

رێوره‌سمی ریزلێنانه‌كه‌ به‌ چاودێری وه‌زیری رۆشنبیری و شوینه‌واری عێراق و له‌ ژێرناوی "شه‌وانی سینه‌مایی"، ئێواره‌ی رۆژی شه‌ممه‌ 17 ئابی 2019 له‌ شانۆی نیشتمانی له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو و ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی هونه‌ری و رۆشنبیریی عێراقی ئاماده‌ی بوون.

به‌ر له‌ ڕێوره‌سمی خه‌ڵاتكردنه‌كه‌، دوایین فیلمی ئه‌و ده‌رهێنه‌ره‌ كورده‌ به‌ناوی (زاگرۆس) نمایشكرا و دواتر له‌لایه‌ن د. ئه‌حمه‌د موسا، به‌ڕێوبه‌ری سینه‌ما و شانۆ رێزی لێنرا.

فیلمی درێژی سینه‌مایی (زاگرۆس) 9 خه‌ڵاتی له‌ فێستیڤاڵه‌ سینه‌ماییه‌كاندا به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌وانه‌ خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی 44مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی گێنت له‌ به‌لجیكا.

سه‌هیم عومه‌ر خه‌لیفه‌ خه‌ڵكی زاخۆیه‌ و له‌ به‌لجیكا ده‌ژی و ماسته‌ری له‌ سینه‌ما له‌و وڵاته‌ به‌ده‌ستهێناوه‌، ئێستا ئه‌ندامی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی فیلمه‌ له‌ ئۆسكار.

ئه‌و سینه‌ماكاره‌ دوو فیلمی گه‌یشتوونه‌ته‌ قۆناخی پێش كۆتایی خه‌ڵاته‌كانی ئۆسكار وه‌ك باشترین كورته‌فیلم، كه‌ له‌ كورته‌لیستی 15 و 10 كورته‌فیلمه‌ كاندیدكراوه‌كاندا بوونه‌ بۆ خه‌ڵاتی باشترین كورته‌ فیلمی ئۆسكار.

ئه‌و ده‌رهێنه‌ره‌ كورده‌ پێشتر له‌رێگه‌ی كورته‌فیلمی (میسی به‌غداد)، (وڵاتی پاڵه‌وانان) و (نێچیرڤانی خراپ)، زیاتر له‌ سه‌د خه‌ڵاتی وه‌رگرتوونه‌.

به‌هۆی وه‌رگرتنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی خه‌ڵات، ئه‌و ده‌رهێنه‌ره‌ توانی ریكۆردی وه‌رگرتنی زۆرترین خه‌ڵات وه‌ك سینه‌ماكارێك له‌سه‌ر ئاستی كوردستان، عێراق و به‌لجیكا تۆماربكات.

كورته‌ فیلمی (میسیی به‌غدا) باس له‌ منداڵێك ده‌كات كه‌ هه‌رچه‌ند خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته‌، به‌ڵام حه‌ز و خولیای بۆ یاریی تۆپی پێ هه‌یه‌ و هۆگری یاریزان لیۆنێل مێسییه‌.

سه‌هیم عومه‌ر سه‌رقاڵی ئه‌وه‌یه‌ كورته‌فیلمی (میسی به‌غدا) وه‌ك فیلمێكی سینه‌مایی به‌رهه‌مبێنێت و له‌ شوباتی 2020 كاری وێنه‌گرتنی ده‌ستپێده‌كات.

11

2