دوای 2 ڕۆژی دیكه‌ ڕكابه‌ریه‌كانی پاڵه‌وانێتی نێوده‌وڵه‌تی كراوه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ یاری تێنسی سه‌رزه‌وی ده‌ستپێده‌كات

دوایین پاڵه‌وانێتی ئه‌م وه‌رزه‌ی گراندسلامه

دوای دوو ڕۆژی دیكه‌ ڕكابه‌ریه‌كانی پاڵه‌وانێتی نێوده‌وڵه‌تی كراوه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ یاری تێنسی سه‌رزه‌وی كه‌ دوایین پاڵه‌وانێتی ئه‌م وه‌رزه‌ی گراندسلامه، ده‌ستپێده‌كات

 رافائێل نادالی ئیسپانی و پۆلێنكراوی دووه‌می ڕیزبه‌ندی تێنسزانانی جیهان كه‌ له‌ كاروانی پیشه‌گه‌ری خۆیدا سێ جار نازناوی پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ی بردۆته‌وه، ئاماده‌یی خۆی بۆ ڕكابه‌ریه‌كان ده‌ربڕی و ڕایگه‌یاند كه‌ باری ته‌ندروستی ئه‌ژنۆكانی به‌راورد به‌ ساڵی ڕابردوو زۆر باشتره، نادال ئاشكراشی كرد كه‌ به‌م دواییه‌ نازناوی پاڵه‌وانێتی مۆنتریالی برده‌وه‌و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هانده‌رێكی باش تا ئه‌نجامی شایسته‌ له‌ پاڵه‌وانێتی ئه‌مه‌ریكا تۆماربكات،
 له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ڕۆجێر فیدرێری سویسری و پۆلێنكراوی سێیه‌می ڕیزبه‌ندی جیهان و خاوه‌نی پێنج نازناوی پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ پێشبینی ده‌كات ڕكابه‌ریه‌كانی ئه‌مساڵ له‌ یاریگاكانی ڤلاشینگ میدۆزی‌ ئه‌مه‌ریكا زۆر به‌هێز بێت و ئاشكراشی كرد كه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌ركێكی قورس دایه، فیدرێری ته‌مه‌ن سیی و هه‌شت ساڵ گوتیشی، پێم وانیه‌‌ ئه‌مساڵ پاڵێوراوی نازناوی پاڵه‌وانێتی ئه‌مه‌ریكا بم، به‌ڵام ده‌بێت به‌ بارودۆخێكی ده‌روونی ئاسووده، خۆمی بۆ ئاماده‌بكه‌م