به‌رپرسێكی ئه‌مریكی: ئێران هێرشەکانی‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ نه‌وتییه‌كانی سعوودیه‌ی ئه‌نجامداوه‌

هێرشه‌كه‌ راسته‌وخۆ له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌

بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ كرا‌ كه‌ ئه‌و هێرشانه‌ی كراونه‌ته‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی سه‌ربه‌ كۆمپانیای ئارامكۆ له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ و له‌ رێگه‌ی مووشه‌كی ئاراسته‌كراو و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ ئه‌نجامدراون.

به‌رپرسێكی باڵا لە حكوومه‌تی ئەمریکا كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوی ئاشكرا بكرێت بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌ ئه‌و هێرشانه‌ی كراونه‌ته‌ سه‌ر كۆمپانیای ئارامكۆ له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ به مووشه‌كی ئاراسته‌كراو و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان ئه‌نجامدراون.

به‌رپرسه‌كه‌ باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ هه‌رچه‌نده‌ حووسییه‌كان به‌رپرسیارییەتی هێرشه‌كانیان لە ئەستۆ گرتووه‌، به‌ڵام هێرشه‌كه‌ راسته‌وخۆ له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌ و رایگه‌یاند ''حووسییه‌كان به‌رپرسیارییەتی شتێك ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ كه‌ ئه‌نجامیان نه‌داوه‌''.

به‌رپرسه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ باسی له‌وه‌ كرد كه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ ته‌واو ئاگاداره‌ كه‌ ئێران به‌رپرسیارە لە ئەنجامدانی هێرشه‌كان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پشتیوانی ئه‌مریكایان ده‌وێت چاوه‌ڕوانه‌ سعوو‌دییه‌كانیش ئه‌وه‌ قبووڵ بكه‌ن.

- هێرش بۆسه‌ر دامه‌زراوه‌كانی ئارامكۆ

رۆژی شه‌ممه‌ به‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان هێرش كرایه‌ سه‌ر دوو كارگه‌ی سه‌ربه‌ ئارامكۆ و له‌ ئه‌نجامدا ئاگر له‌ هەردوو كارگه‌كە كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

له‌و هێرشانه‌دا كه‌ هیچ كوژراو و بریندارێكی لێ نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌ حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كرد كه‌ به‌ ١٠ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان ئه‌و هێرشه‌یان ئه‌نجامداوه‌. به‌ هۆی ئه‌و هێرشه‌ی كرایه‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی ئارامکۆ لە سعوودیە كه‌ گه‌وره‌ترین وڵاتی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وته‌ له‌ جیهاندا، به‌رهه‌مهێنانی رۆژانه‌ی نه‌وت له‌و وڵاته‌ ٥،٧ ملیۆن به‌رمیل كه‌می كرد. له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا نرخی نه‌وت له‌سه‌دا ١٠ بەرزبوویەوە.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، مایك پۆمپیۆ باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ئێران هێرشه‌كانی ئه‌نجامداوه‌ و رایگه‌یاند ''له‌نێو هه‌موو ئه‌و بانگه‌وازانه‌ی ده‌كرێن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و گوشارانه،‌ ئێستا ئێران ده‌ستیكردووه‌ به‌ هێرشێكی بێ وێنه‌ بۆسه‌ر كێڵگه‌کانی وزه‌ لە جیهان. هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ بیسه‌لمێنێت هێرشه‌كه‌ له‌ یه‌مه‌نه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌''.

له‌ به‌رامبه‌ردا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، محه‌مه‌د جه‌واد زەریف تۆمه‌ته‌كانی مایک پۆمپیۆی ره‌تكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند ''وه‌زیر پۆمپیۆ كه‌ سیاسه‌تی گوشاری زۆری ئه‌نجامی نه‌بوو، پەنا ده‌باته‌ ‌به‌ر سیاسه‌تی درۆی گه‌وره‌''.

- به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مریكا، سعوودیه‌ ئێرانی تۆمه‌تبار نه‌كرد

له‌ یه‌مه‌ن كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ناسه‌قامگیری سیاسیی درێژه‌ی هه‌یه‌، شه‌ڕ و پێكدادان له‌ نێوان حووسییه‌كان و هێزه‌كانی سه‌ربه‌ حكوومه‌تی یه‌مه‌ن درێژه‌ی هه‌یه‌ که‌ پشتیوانی سعوودیه‌ و ئیماراتی هه‌یه‌. حكوومه‌تی ئێرانیش پشتیوانی حووسییه‌كان ده‌كات.