له‌ لبنان بانكه‌كان به‌ داخراوی ماونه‌ته‌وه‌

به‌هۆی خۆپیشاندانه‌وه‌یه‌

كۆمەڵگەی بانكەكانی لوبنان رایگەیاند دەرگای بانكەكانیان بە داخراویی دەمێنێتەوە، ئەویش بەهۆی ئەو زەرەر و زیانانەی بەر بەشێك لە لق و نووسینگەكانی ئەو بانكانە كەوتووە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە. بەیاننامەكەی كۆمەڵگەی بانكەكانی لوبنان ئەوەشی نووسیوە بۆ سەلامەتی كارمەندەكان و لەپێناو چاككردنەوەی شكاویی و زیانەكان، ئەو بڕیارەیان درێژ كردۆتەوە و تا سبه‌ی سێشه‌ممه‌ بەردەوامیی دەبێت. داواكاری و وتاری خۆپیشانده‌ران جیاوازه‌ و هه‌ریه‌كێكیان به‌پێی ئازاره‌كه‌ی خۆی، به‌ڵام هه‌موویان له‌ژێر چه‌تری هه‌ژاریدا كۆبوونەته‌وه‌ كه‌ هه‌تا ئێستا لوبنان نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات. خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ له‌ وه‌رگرتنی باج بێزارن. رۆژنامه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ئه‌م خۆپیشاندانه‌یان ناو ناوه‌ شۆڕشی واتسئەپ و داوا ده‌كه‌ن كورتهێنانی بودجه‌ بە روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی پڕ بكرێته‌وه‌ نه‌ك به‌ باجی هاووڵاتیان، چونكه‌ گه‌لی لوبنان برسییه‌ و داوا له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن خۆیان له‌ به‌رپرسیاریه‌تی نه‌دزنه‌وه‌. پێداویستییه‌كانی ژیان و نه‌هێشتنی باج و چه‌ند داواكارییەكی دیکە ئامانجی خۆپیشانده‌رانه‌، توڕه‌یی خه‌ڵك له‌ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ و حكومه‌ت وای لێ كردوون رێگەكان بگرن و تایه‌ بسووتێنن  و دروشم له‌دژی حكومه‌ت بڵێنه‌وه‌.