پاره‌ی گه‌نمی جووتیاران دابه‌شده‌كرێت

كۆتایی دێت به‌ پاره‌ی ساڵی 2019

به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی بازرگانی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت:ئه‌مڕۆ یەکشەممە دەستدەکرێت بە دابەشکردنی بەشی کۆتایی پارەی گەنمی ڕادەستکراوی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان. نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێم بە كوردستان تیڤی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی حكومه‌تی عێراق بڕی 28 ملیار دیناری پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی ڕەوانەکرد ئه‌مڕۆ یەکشەممە ( 24/11/2019 ) دەستدەکرێت بە دابەشکردنی پارەکە و دوای دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیەش کۆتایی دێت بە دابەشکردنی پارەی گەنمی ڕادەستکراوی ساڵی 2019. نەوزاد ئەدهەم، ڕاشیگەیاند:" لەو بڕە پارەیەی ڕەوانەکراوە 20  ملیاری دیناری بۆ جووتیارانی پارێزگای سلێمانییە و 4 ملیار دینار بۆ پارێزگای ھەولێر و 4 ملیار دینارەکەی تریش بۆ پارێزگای دھۆکە. سەبارەت بە بەشێک لە پارەی ساڵانی (2014-2015-2016)کە لای حکومەتی عێڕاق ماوە ڕایگەیاند:" تا ئێستا ئەو کێشەیە یەکلایی نەبووەتەوە و پارەکە ڕەزامەندی ناردنی نەدراوە.ئەمساڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستان 354936 تۆن گەنمیان ڕادەستی حکومەتی عێڕاق کردووە، کە پارەکەی 181 ملیار و 100ملیۆن دینارە، دوای ناردنی ئەو 28 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیاران ڕادەستکراوی ئەمساڵی کۆتایی دێت.