راگەیاندراوێك لە فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی هەرێمی كوردستانەوە

دروود بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدە نەمرانە دەنێرین كە لە تێكشكاندنی پەلامارەكەی داعشدا گیانیان سپارد

له‌راگه‌یاندراوێكدا نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان و    فه‌رمانده‌ی گشتى هێزی پێشمه‌رگه‌ى كوردستان رایده‌گه‌ێنێت ، پەلاماری داعش بۆ سەر لیوایەكی پێشمەرگەی كوردستان لە خانەقین، دوابەدوای زنجیرەیەك كردەوەی تیرۆریستیی یەك لە دوایەكی ئەم چەند مانگەی رابردوو لە ناوچەكانی دەوروبەری كەركووك و گەرمیان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە كە داعش كۆتایی نەهاتووە و هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ئارامی و ئاساییش، شەڕی لەنێوبردنی ئەو دوژمنە سەرسەختەی مرۆڤایەتی هێشتا درێژەی هەیە.

سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان راشیده‌گه‌ێنێت ، ئێمە لە كاتێكدا سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدە نەمرانە دەنێرین كە لە تێكشكاندنی پەلامارەكەی داعشدا گیانیان سپارد و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەكانمان دەخوازین و دەستخۆشی لە پێشمەرگە قارەمانەكانمان دەكەین، هاووڵاتیانی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە هێزی پێشمەرگە و هێزە چەكدارەكانی دیكەی كوردستان وەك هەمیشە لە ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوە و تێكشكاندنی هەر جووڵەیەكی تیرۆریستان و پاراستنی خەڵك و خاكی كوردستان لە هەر مەترسییەك.

فه‌رمانده‌ى گشتى هێزی پێشگه‌رگه‌ى كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ جارێكی دیكەش جه‌خت لەوه‌ دەكەینەوە كە داعش هێشتا هەرەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهان، دڵنیاین ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە خەریكی خۆڕێكخستنەوە و قۆستنەوەی بارودۆخەكەن بۆ فروانكردنی كارە تیرۆریستییەكانیان، بۆیەش پێویستە هاوپەیمانیی دژە داعش بە هەمان گوڕ و تینی جارانه‌وه‌ بەردەوام بێت و رێگە نەدرێت تیرۆریستان بارودۆخی نالەباری عێراق و ناوچەكە بقۆزنەوە، هەوڵەكانیش چڕ بكرێنەوە بۆ هەرچی زووتر كۆتاییهێنان بە هەلومەرجی شێواوی عێراق و گێڕانەوەی سەقامگیری.

 

 

دانانى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز